سهرهتا وتار شۆڤێنیزم لە عەقڵیەتی عەربیدا و عێراق بە نموونە
سیروان تۆفیق شەفیق
شۆڤێنیزم باوەڕێکی زیادەڕەویە بۆ وڵات و نەتەوە و خۆپەسندکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوەو ئاین وئاینزاکانی دیکەدا. گوزارشت لە نەبوونی عەقڵی عەقڵانی بەرامبەر دەورووبەری دەکات. شۆڤێنیزم درێژکراوەیەکی سروشتی ناسیۆنالیزمە، کاتێک شانازی نەتەوەیی سنوورەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت، دەبێتە هۆی خۆبەزلزانین و تێڕوانینێکی کەمتر لە گەلان و نەتەوەکانی دیکە و خۆسەپاندن بەسەریاندا.
ئەوەی دەمەوێی باسی لێوەبکەم شۆڤینێتە لە عەقڵیەتی عەرەبی لە مەمەڵەکردن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە.
شۆڤێنیزمی نەتەوەیی لە عەقڵیەتی عەرەبدا دیاردەیەکی ئاڵۆزە، ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوویەکی دوور و درێژی ململانێ و گۆڕانکارییە کلتووریی و سیاسیەکاندایە. ئاماژەیە بۆ کۆنەپەرستییەکی زیادەڕۆیی بۆ بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، و ئەو باوەڕە کە عەرەب یان ناسنامەی عەرەب لە هەموو ناسنامەکانی دیکە پەسندترە یان پیرۆزترە بەلایەوە، جا لەناو وڵاتانی عەرەبیدا بێت یان لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسی و جیبولۆتیکی عەرەبی و ناوچەکە.
تایبەتمەندییەکانی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی لە عەقڵیەتی عەرەبدا:
یەکەم – ڕەتکردنەوەی هەموو گەل و نەتەوەکانی ناعەرەبی و بەردەوام لە هەوڵی بچووککردنەوەی کلتوور و زمان و مێژووی گرووپە ناعەرەبییەکانیان داوە و بە بەکارهێنانی جۆرەها رێگای سەربازی و سیاسی.
دووەم- پیرۆزکردنی زمانی عەرەبی کۆن و بە زمانێکی «بەرزتر» دانراوە، لە هەمان کاتدا زمانەکانی (کوردی، ئەمازیغی، نەتەوەکانی دیکەی ) کە لەهەمان چوارچێوەی وڵاتانی عەرەبی بە نرخێکی کەمتر یان تەنانەت بەهەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی نەتەوەی عەرەبی داناوە.
سێیەم- ڕوانگەیەکی خۆبەگەورەزانین بەسەر نەتەوەکانی دیکە، کار بۆ ئەوە کراوە عەرەبی بوون بە جۆرێک گەورە و شکۆمەند کراوە کە نەتەوە یان کلتوورەکانی دیکە لەناو هەمان وڵات و میرنشین یان هەرێمدا بسڕێتەوە یان پەراوێزی بخات بەهەر شێوازێک بێت.
چوارەم – مەیلی بەرەو گێڕانەوەی «تاکە نەتەوە» لە کاتێکدا بیرۆکەی «یەک نەتەوەی عەرەب»ی یەکگرتوو دەردەکەوێت، لە هەندێک چوارچێوەدا بۆ سڕینەوەی فرەچەشنی نەتەوەیی و کلتووری و پێکەوە ژیان لەچوارچێوەی وڵاتانی عەرەبی و پاساوهێنانەوە بۆ ستەمی سیاسی یان کلتووری بەکاردەهێنرێت بەئامانجی پەسندکردنی یەک نەتەوەی عەرەبی و هەڵقۆستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بۆ بەعەرەبکردنی کۆمەڵگاکان و ناوچە نا عەرەبیەکان لە بنەڕەتدا کە عەرەبی نین و بەهۆکارێکی سیاسی و سەربازی خراونەتە سەر جیهانی عەرەبی.
• لە هەندێ وڵاتدا رژێمەکان ( زمان و کلتووری عەرەبییان سەپاندوە بەسەر ناسنامە ناوخۆییەکان وەک چۆن لە وڵاتانی ( عێراق و جەزائیر، سوریا، سودان و مەغربی عەرەبی هتد ڕوویدا).
مێژووی سەرهەڵدانی شۆڤینی لە عەقڵیەتی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیستی بۆ ناوەڕاستی سەدەی رابردوو و لەگەڵ هاتنە سەر حکومی ( جەمال عەبدول ناسر)، و سەرهەڵدان و هاتنە کایەیی حزبی بەعس، ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو بە ئایدۆلۆژیایەکی فەرمی لە هەندێک وڵاتدا، ئەم جۆرە شۆڤێنیزمەی بەهێزتر کرد بۆ چەوسانەوەی گەلەکانی دیکە و بە سیاسیکردنی شوناسی گەلانی دیکە، ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی عەرەبی ناسنامەی عەرەبیان وەک ئامرازێک بۆ یەکگرتنەوەی ناوخۆیی و سنووردارکردنی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان یان ناڕەزایەتییەکانی نەتەوەیی یان کلتووری و ئاینیەکان بەکاردەهێنن.
مێژووی سەرهەڵدانی شۆڤینیزم لە عەقڵیەتی عەرەبی عێراقی و شۆڤێنیزمی نشتیمانی لە هزری زۆربەی عەرەبەکانی عێراقی بابەتێکی ئاڵۆزە، پەیوەستە بە مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی گرژییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی نێوان گەلان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە. ئەم شۆڤێنیزمە گوزارشت لە کۆنەپەرستی ناسیۆنالیستی عەرەب دەکات، کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بووەتە هۆی پەراوێزخستن یان سەرکوتکردنی و جینۆساید و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ناسنامە ناعەرەبەکان، بەتایبەتی گەلی کورد، تورکمان، ئاشووری، کەمینە ئایینی و مەزهەبیەکانی کە لە چوارچێوەی عێراقێکی بەزۆر لکێندراوەوە ژیان دەکەن و بەزۆرەملێ و بەکارهێنانی سیاسەتی سەرکوتکردن و سڕینەوە و لەناو بردنی دەنگە ئازادیخواز و جوداخوازەکان ماوەتەوە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی فرە نەتەوەی و مۆدێرنییەوە و لە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی نەتەوەیی و مەزهەبی : عەرەب (سوننە و شیعە)، تورکمان، کلدان و ئاشووری، کورد (سوننە و شیعە) ههروهها سابیئه و شهبهك و پێكهاتهكانی دیکە.
بێگومان سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیستی عەرەبی لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبدولسەلام عارف و دواتر سەدام حوسێن (ناسیونالیستێکی بەعسی)، ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو بە ناسنامەی فەرمی و هەر شوناسێکی نا عەرەبی بە هەڕەشە بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی و یەکپارچەی خاکی عێراق عەرەبی دادەنرا و وەکو تاوانێکی گەورە هەژمار دەکراو و هەرکەس و نەتەوەیەک هەوڵی بۆ ئازادی گەل و نەتەوە و کلتورەکەی بدایە بە دڕندەترین شێوە رووبەڕوی دەبوونەوە بەتایبەتی نەتەوەی کورد رووبەڕووی چەندین شێوازی کوشتن و بڕین و جینۆساید ئەنفال و لەناوبردن بۆتەوە لەسەر دەستی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی، تا ئەم سەردەمەش بەهەموو شێوەیەک بیرۆکەی هەبوونی نەتەوەیەک و شۆناسێکی دیکە لە عێراقدا قبوڵکراو نەبوو و نابێت.
لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراق شۆڤێنیزمی ناسیۆنالیستی عەرەب بە بەرنامە و پلان بۆ سڕینەوەی گەل و نەتەوەکانی دیکە لەلایەن دەسەڵاتدارو شۆڤینیەکان بەچەندین رێگای جۆراوجۆر بەرنامە بۆ داڕێژراو کاری بۆ کراوەو بەردەوام بۆی دەکرێ وەک بەعەرەبکردنی زۆرەملێ بەتایبەتی بە «عەرەبکردنی» ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان( کەرکوک، شنگال، خانەقین و مەندەلی و مەخموور و هتد ..) جێبەجێ کران و دەرکردن و راگواستنی زۆرەملێی کوردە رەسەننەکەی و هێنان و نیشتەجێکردنی عەرەب بۆ ناوچە کوردستانیەکان. هەر بەمەشەوە نەوەستان و پلانی گۆڕینی ناوی گۆڕۆ و گوند و شار و شارۆچکەکانی بەڕەچەڵەک کوردی یان تورکمانی و لەم ناوچە کوردستانیانە جێبەجێکرا بۆ سڕینەوەی شۆناسی کوردستانیەتی ئەم ناوچانە و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان و زمان و کلتووری کوردی و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکانی میری و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و هەوڵدان بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی کورد لە ڕووی کلتووری تواندنەوەی لە ناو «نەتەوەی عەرەب» و نکۆڵی لەسەرجەم نەتەوەکانی دیکە پێناسەی عێراق بە دەوڵەتێکی عەرەبی بە بەردەوام وێناکردنی ناسنامەی گەلی کورد وەک جوداخواز و هەڕەشە بۆ سەر یەکڕیزی عێراقی عەرەبی تا رژێمەکەی ئێستاشی پێوەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دەستووری نوێی عێراقی فیدڕال (2005) کوردی وەک نەتەوەی دووەم لە عێراق و زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا ناساندووە، عێراقیش وەک دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی ناساندووە. بەڵام هێشتا بیرکردنەوەو کرداری شۆڤێنیانە لەلایەن زۆربەی بزووتنەوەی سیاسی عەرەبی و دەوڵەتەکەی هەیە و پەێڕەو دەکرێت، بەتایبەتی لە ململانیەکانیان لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە بەردەوام هەوڵی پابەند نەبوون و سڕینەوە و ڕەتکردنەوەی پرەنسیپی فیدراڵیزمی کوردستان لەلایەن زۆربەی سیاسیەکانی عەرەبی لە ناوەند و خوارووی عێراق هەوڵدانی بەردەوامیان بۆ نا یەکسانی و هاوبەشی لەعێراقدا ڕەنگدانەوەی پاشماوەی عەقڵیەتی ناسیونالیستی عەرەبی و رەتکردنەوەو نەدانی مافی نەتەوەی گەلی کورد و هەوڵدانی بەردەوامیان بۆ سزادانی بەکۆمەڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان دراوەو پابەند نەبوونیان بەجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراقی و هەوڵی لاوازکردن و داگیرکردنی کوردستانیان داوە و بەتایبەتی دوای هاتنی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و لە ئایندەش بەردەوام دەبن هەرچەندە بۆیان ناچێتە سەروو کوردستان بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی و دیدگا و سیاسەتەکانی مسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان هەنگاوەکانی رۆژ بەرۆژ بەهێزترو ئاوادانتر دەبێت. بەدرێژایی مێژوو و ئەزموون سەلماندوویەتی کە سەرکوتکردنی گەل و نەتەوە جیاوازەکان و فرەچەشنی نابێتە هۆی سەقامگیری هێچ دەوڵەتێک رژیمێک، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوە و دابەشبوونی.
بەگشتی ئەوەی مێژوو سەلماندوویەتی دەمانگەیەنێتە دەرئەنجامێکی روون کەشۆڤێنیزمی نەتەوەیی لە عەقڵیەتی عەرەبی لە عێراقدا دیاردەیەکی گشتگیر نییە بۆ هەموو عەرەبە عێراقییەکان، بەڵکو لە بزووتنەوە سیاسییە ناسیۆنالیستەکان و کار بەدەستە بڕیار بەدهستەکانی و رۆشنبیرە شۆڤێنیزمەکان و هەندێک ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هەبووە و بەردەوامیش دەبێت،لەگەڵ ئەوەی ئاشتبوونەوەی گشتی دادپەروەری و فرە نەتەوەیی و دانپێدانانی ڕاشکاوانە کلیلی عێراقێکی سەقامگیر و بەهێزە و پێچەوانەکەی دارووخان و لەناچوون و هەڵوەشاندنەوەیەتی کە بەبۆچوونی شارەزایان و مێژوو و روداوەکانی ئێستا و داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ عێراق بەروو هەڵوەشاندنەوە و لە دایکبوونی چەند دەوڵتێک هەنگاو دەنێت، چونکە شۆڤینێتی نەتەوەیی و مەزهەبی و نا دادپەروەری لە عەقڵیەتی زۆربەی عەرەبی سیاسیەکانی عێراق گەیشتۆتە لووتکە و بۆ ئامانجی مانەوەو بەهێز بوونی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵات بەکاری دەهێنن و کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە عەقڵیەتی تاکی عەرەبی عێراقیدا.