سەرژمێری و ڕیفراندۆم و مافە دەستوورییەكان

142

د. دلزار حەمەساڵح*
سەرژمێری پرۆسەیەكی نیشتیمانیی گرنگە لە ساڵی 2024 لە تەواوی عێراق ئەنجامدرا و لە هەرێمی كوردستان سەركەوتنتی گەورەی بە دەستهێنا، بە تایبەت لە شاری هەولێر پڕۆسەكە خۆی لە( 15) قەزا و (46) ناحیەو (700) گەڕەك و(1350) گوندو (10114) بلۆك بەڕێوەچوو.
گرنگیی ئەم پڕۆسەیە لەوە دایە كە بۆ یەكەمجار بە شێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجامدراو تەواوی داتاكان تێیدا لەسەر نەخشە جێگیركران، لێرەدا چەند خاڵێكی گرنگ دەخەمەڕوو:
یەكەم: بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق ژمارە (73)ساڵی 2010 كە تێدا هاتووە (سەرژمێری بریتییە لە كۆكردنەوەی داتا و زانیاری و ژماردن لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیری و تەندروستی و دانیشتووان و ئاڤاهیا.. لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە باری كۆمەڵایەتی بژێوی هەیە بە جۆرێك ئەم زانیارییانە كۆدەكرێتەوە دواتر شی دەكرێتەوە تاكو بخرێتە خزمەتی وڵات)، بۆیە لە بڕگەی بڕیارەكەی دادگا هاتووە كە دەرئەنجامەكانی ئەم سەرژمێریە بە هیچ شێوەیەك نابێتە جێگرەوەی ماددە دەستوورییەكانی عێراقی ساڵی 2005 ماددەی (58/4/ج) بە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە تایبەتی لە سنووری ماددەی 140 ی دەستتور كە بە ناوچە جێناكۆكەكان ناسراوە . ئامانج لێی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە (تطبیع)ی شاری كەركوك و تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان و ئەنجامدانی سەرژمێری تێدا و دواتر ئامادەكاری بۆ ڕاپرسی بۆ تەواوی دانیشتوانی ئەم شوێنانە بكرێت ئەم سەرژمێریەی ئێستا هیچ كاریگەری نابێت لە سەر ئەم ماددە دەستووریە وە نابێتە جێگرەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كە 2010/10/19 بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامان كۆبوونەوەی لە بارەوە كراوە.
دووەم: بڕیاری (24853) لە 2024/11/6 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
پێویستە دەستەی ئاماری هەرێم بە هاوكاری لە گەڵ دەستەی ئاماری عێراق یەكتربڕی داتا و زانیاریەكان و دەرئەنجامەكان بكەن لە گەڵ ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 1957 و تۆمارەكانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بازرگانی و كۆچ و كۆچ بەران.
بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی كۆتایی سەرژمێری و دواتر هەموو وردەكاریەكان باسبكرێت.
سێیەم: دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە (141) لە 2024/11/6:
ا- جەختكردنەوە لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كە لە خاڵی یەكەم ئاماژەی پێكراوە.
ب- بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە جێناكۆكەكان تیمێك دروستبكرێت لە هەر سێ‌ نەتەوەی (كورد-عەرەب-توركمان).
ج-پێویستە لە سەر دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان تیمێك بنێریت بۆ ئامادەبوونیان لە ژووری سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق بۆ چاودێریكردن و بە دواداچوونی گشت داتاكان .
لێرەدا لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكە زۆر گرنگە كورد ڕۆڵی باڵای خۆی ببینێت تاكو دڵنیا بێت لە هەموو مافە دەستوورییەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ.
لە قۆناغی یەكتربڕكردنی داتاكان كە دەستەبەری مافی یەك بە یەكی تاكی كورد و بست بە بستی خاكی كوردستان دەكات بە تایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان چونكە:
1- سەرژمێری سەنەدێكی یاساییە و بەپێی داتا دەستەبەری ژمارەو رێژەی دانیشتووان دەكات لە هەرێمی كوردستان .
2- دەركەوتنی ڕێژەی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان كە دەكرێ‌ بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی سوودی لێوەربگیرێت.
3-لەژێر ڕۆشنایی دەرئەنجامی سەرژمێری ڕێژەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق دیاری بكرێتەوە.
* بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگاری هەولێر.