فڕۆکەی ئێر ئیندیا کە 242 سەرنشینی لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئابادی هیندەوە هەڵگرتبوو بیانگوازێتەوە لەندەن، لە نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتە خوارەوە و ئاگری تێبەربوو، سەرۆکی کۆمپانیاکەش دەڵێت: سەرەخۆشی گەرم لە خانەوادەی قوربانییەکان دەکەم.
پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا لەجۆری بۆینگ 787، لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئابادی هیند، بە 242 سەرنشینەوە بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا فڕی، هێندە لە فڕۆکەخانەکە دوور نەکەوتەوە و کەوتە خوارەوە و تێکشکا، دووکەڵی تێکشکانی فڕۆکەکەش بە ئاسمانی شارەکە بەرزبووەوە.
ناتاراجان تشانراسیکاران، سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بە خەمناکییەوە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکمان لە فڕۆکەخانەی ئەحمەد ئاباد کە بەرەو لەندەن دەچوو، ڕادەگەیەنم، ئەوەش ڕووداوێکی زۆر خەمناکە.
سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا دەڵێت: هاوخەمی بۆ خانەوادەی سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە دەردەبڕم و سەرەخۆشیی گەرمیان لێ دەکەم، گوتی: ناوەندی فریاکەوتن چالاک کراوە، تیمێکی پشتیوانیش دروست دەکەین بۆ پێدانی زانیاریی بە خانەوادەی قوربانییەکان.
تا ئێستا دامەزراوە فریاگوزارییەکانی هیند، هیچ زانیارییەکان لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و ژمارەی قوربانییان ئاشکرا نەکردووە،
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی هیندستان ئاشکرای کرد، دوو فڕۆکەوان و 10 کەس لە ستافی فڕۆکەکە، لەگەڵ 169 سەرنشینی هیندی، 53 سەرنشینی بەریتانی، 7 سەرنشینی پورتوگالی و یەکێکی کەنەدیش لەنێو فڕۆکەکەدا بوونە.