فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە.
هەروەها رایدەگەیەنێت: لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی لە جیاتی هاوبەشی و ڕێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێم خستووەتە گەڕ.
بڕینی مووچە خەڵكی كوردستان
بۆ ماوەی 11 ساڵە حكوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، لە بەرامبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.
حكوومەتی هەرێم هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست ولەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت. بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق.
لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە.
گەمارۆكانی بەغدا لە بواری بودجەدا
بەغدا لە ڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە 25ی ئاداری 2023 ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەر كەوتووە. حکوومەتی هەرێم لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق ڕێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێم 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025.
ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.
ڕێگری لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم









