وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی خۆی دەکات بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن، و هۆشداریش دەدات لە هەڕەشەی جددی وەک تیرۆر، ڕفاندن، و پێکدادانی چەکداری.

لە ڕێنماییەکی گەشتکردندا کە لە 11ی حوزەیران دەرچووە، وەزارەتی دەرەوە ڕوونیکردۆتەوە کە عێراق هێشتا زۆر مەترسیدارە و ئەمریکا توانای سنوورداری هەیە بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی خۆی لەوێ.

هەروەها هۆشداری داوە کە “بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق مه‌كه‌ن”، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە.
گرووپە چەکدارەکان بەردەوام هاووڵاتیانی مەدەنی، هێزە عێراقییەکان، و هاووڵاتیانی بیانی دەکەنە ئامانج. هەروەها بەهۆی بوونی ئەو میلیشیایانەی دژی ئەمریکییەکانن، هەڕەشەکان دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان زیادیان کردووە.

هۆشدارییەکە هەروەها تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی هێرشی تەقینەوە و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئاماژەشی بەوە داوە کە پێویستە لەسەر کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا لە عێراق پەیڕەوی ڕێوشوێنی ئەمنی توند بکەن و بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانەوە ڕێگەیان پێنادرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەکاربهێنن.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، دەشڵێت: “گەشت مەکەن بۆ نزیک سنوورەکانی باکووری عێراق بەهۆی بوونی توندوتیژی، بۆردومانی ئاسمانی، و بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لەو ناوچانە. ئاماژەشی بەوە داوە کە خۆپیشاندان و نائارامی مەدەنی زوو زوو لە سەرانسەری عێراق دا سەرهەڵدەدەن، کە هەندێکجار بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەبنە هۆی توندوتیژی.