بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداریی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری وزەی ئەمەریكا، كۆنفرانسی تایبەت بە وزە بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی ئایار، سەعات هەشتی بەیانی بە كاتی واشنتن و سەعات سێ‌ و نیو پاش نیوەڕۆ بە كاتی هەولێر، بە ئامادەبوون و بەشداریی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كریستۆفەر(كریس) ڕایت وەزیری وزەی ئەمەریكا، كۆنفرانسی وزە لە واشنتن بەڕێوە دەچێت.

لە كۆنفرانسەكەدا كە ئەنستیتیوتی جیهانیی ئەلمۆنیتۆر ڕێكیخستووە، سەرۆكی حكوومەت و وەزیری وزەی ئەمەریكا لە دوو پانێڵی تایبەتدا، باس لە داهاتووی وزە لە هەرێمی كوردستان و عێراق و پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا دەكەن.

ماوەی سێ‌ ڕۆژە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكایە، لەو سەردانەیدا گرێبەستێكی لەگەڵ دوو كۆمپانیا واژوو كرد كە گوژمەكەی زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە، هاوكات چەندان دیدار و كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام داوە.