خەبات: ئاسۆ كاوە:- لە هۆڵی کۆنفرانس لە زانكۆی جیهان ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبووانی ژمارەیەک لەهونەردۆستان، کە لەلایەن دەزگەی پەروەردەی زانکۆی جیهان ڕێکخرابوو، دەستەیەک لە بەهرەمەندان و شارەزا لە بوارەکانی گۆرانی و میوزیک تێیدا بەشداربوون، لەسەر دەستی پسپۆرانی بواری گۆرانی و میلۆدی کوردی هەڵبژێردران و بوون بە خاوەنی خەڵاتی باشترین دەنگ لە پڕۆگرامی (جیهان ئایدل).
پڕۆگرامەکە، بریتی بوو لە دەست نیشانی کردنی توانا شاراوەکانی کوڕان و کچانی ئارەزوومەند بە هونەری ئاواز و گۆرانی کوردی و هەڵبژاردنی چەردەیەک لە میوزیک و گۆرانییە فۆلکۆرییە ڕەسەنە کوردییەکان و گەشتێک بە نێو میلۆدییە ڕەسەنەکاندا، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندن لە فەرهەنگ و کولتووری کوردی دا، بۆیه بەشی پەروەردەی زانکۆی جیهان، بە گرنگییەوە ئەو پڕۆگرامەی ڕێکخست، کە دەتوانێت ئەو دەنگە شاراوانە ئاشکرا بکات، کە دەتوانن مشتێک بخەنە سەر خەروارێک لە نێو هونەری کوردی و نەوەیەکی هونەردۆست پێشکەش بە کوردستان بکات. لە بارەی ئامادەكاری ئەم بەرنامەیەش دانا محەمەد بەرێوەبەری دەزگەی جیهان گوتی: وەك پلانی ساڵانەی خۆمان هەڵساین لە قوتابخانەكانی سەر بە زانكۆی جیهان لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركووك باشترین دەنگ خۆشەكانم بە چەند قۆناغێك هەڵبژارد لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆری میوزیكی بۆ ئەوەی بتوانین تاكو فیناڵی بەرنامەكە لەگەڵیان بین، بە لیژنەیەكی پرۆفیشناڵ كارەكانمان ئەنجامدا بۆ سەرخستنی ئەم كارە هونەرییە.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەشدا براوەی خەڵاتەکانی باشترین دەنگ بەخشرایە، (مەلیس ئەحمەد، کە لە کەرکووکەوە بەشداربوو بە پلەی یەکەم و خۆشترین دەنگ دەستنیشان کرا و لە دوای ئەویشدا (شانیا کیفاح)، کە لە دهۆکەوە بەشداری کردبوو، خەڵاتی دووەمی بەدەستهێنا و (بڵند رێکان) بە پلەی سێیەم دیاری کرا، کە لە هەولێرەوە بەشداری لە پڕۆگرامی جیهان ئایدل کردبوو.