لە شاخەوە بۆ شار گۆڕانکارییەکانی ستراتیژیەتی پەکەکە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە

215

هەورامان عەلی تۆفیق
لە ماوەی ٤٧ ساڵی خەباتیدا ، پەکەکە بەناوی ڕێکخراویەکی چەکدار و ڕەهەندێکی ئینقلابیی کوردی لە تورکیا سەیردەکرا، و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم ڕێکخراوە لە لیستی ڕەشدابوو، بەجۆرێک لە زۆربەی وڵاتانی دنیا ڕێگا بەکاری سیاسی نەدەدراو ئاڵاو وێنەی سەرکردەکانی ڕێگەپێدراو نەبوون ، کاتێک ئەم رێکخراوە گەیشتە شاخەکانی باشووری کوردستان و سنوورێکی فراوانی لە هەرێمی کوردستان گرتە دەست وسنووری چالاکی سەربازی گواستەوە باشوور وڕۆژئاواو هێزە چەکدارەکانی لە ناوچەی قەندیل و دوا تر لە شاخەکانی تری باشووری کوردستان دامەزراند ، پەکەکە بە شێوەیەکی تەواو بۆ ڕێکخراویەکی هەرێمی ستراتیجیەتی خۆیی گۆڕی ، بێگومان ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بوو ، پەکەکە لێی سوودمەند بوو قەندیل هێزی خۆیی گواستەوە ڕۆژئاوا ، زۆر گۆڕانکاری لە سنووری ناوچەکە ڕوویاندا لە هێرشەکانی تورکیا و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سوریا و کشانەوەی ڕوسیاو ئێران و گۆڕانی بەرچاو لە سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئەو بەرنامەو پلانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ بەجێ دەکرێت ، ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا لە چەند ساڵی ڕابردودا، بەجۆرێک دەستپێکی گۆڕانکارییەکان بەدیارکەوتن ، بێگومان کورد بۆخۆیی کارەکتەرێکی دیارو کاریگەر بوو لە گۆڕینی بەشێک لەو ئاراستانە ، واتە هەمیشە هەوڵەکانی باشوور بۆ بەردەستەکردنی ئاشتی و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی کورد بەئاشتی و گفتوگۆ و ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی بەڕوونی لەو هەوڵانە دیاربوون ، چ لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانی کورد و لەگەڵ تورکیا ووڵاتانی عەرەبی کاریگەر لە ناوچەکە ، لەگەڵ هەوڵەکانی بارزانی بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کوردی بۆ ئەوەی بەهێزوکاریگەری زیاترەوە ڕووبەڕووی گۆرانکاریەکان ببنەوە ، ئەمەش دەرەنجامی دیارو بەرچاوی هەبوو.

لە ساڵی ٢٠٢٣ و بە تایبەتی لە ٢٠٢٤ەوە، ڕاگەیاندنە پەیوەندیدارەکانی پەکەکە و ڕاپۆرتە جۆراجۆرە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان نیشانیاندا کە رێکخراوەکە لە ئامادەبوونە بۆ گۆڕینی تاکتیک و ستراتیجیەتی خۆیی ، لە «خۆهەڵوەشاندنەوە و دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداری « لەوانە گۆڕانکاری لەنێو بەشێک لە فەرماندە و ئەندامانی خۆی ، ئەم گۆڕانکارییە بە مانای ئامادەکاری بۆ گۆڕینی کاری ڕێکخراوەیی «لە شاخەوە بۆ شار».

گەیشتن بەم دەرەنجامە لە ئاکامی فشاری نێودەوڵەتی بوو یان تێگەیشتنێکی واقیعیانە لە دۆخ و گۆرانکاریەکانی ئەمڕۆیی ناوچەکە و سیاسەتی دیارو بەرچاوی وڵاتانی زلهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئەم پرسیارە دەکرێ هەردوو دەرنجامەکە لەخۆبگرێت، چونکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک دەکرێت چەند هۆکارێکی هەبێت:
• فشاری تورکیا و ھەواڵگری نێودەوڵەتی: ھەڵسوکەوتی تورکیا لە ڕاونگە نیشتیمانیەکەیەوە ، کاتێک پارتێکی توندرەو دژە کورد و نەژادپەرستی تورکی پێشنیاری بەرقەرابوونی ئاشتی وچارەسەرکردنی کێشەی کورد و برایەتی کورد وتورک دەکات، گۆرانکاریەکی بەرچاوەو ئەمەش لە شەوڕۆژێکدا ڕووی نەداوە ، واتە زەمینەسازیەک هەبووە ، بە تایبەت پاش ئەوەی ئەردۆغان لەو قۆناغەدا بەجدیەت هەنگاوی نا و ڕێگا درا ئۆجەلان ڕۆڵی سەرکردایەتی و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو پڕۆسەیە بگێڕێ ، لە کاتێکا پەکەکە لە ناوچە شاخاویەکان ڕووەڕووی فشار وکێشە و بەرکەوتن دەبووەوە ، بۆ گەیشتنە شار پێویستی بە گۆڕینی ستراتیجیەت و ڕوانگەی نوێ وسەردەمیانە هەیە و گرنگە ئاراستەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و کوردیانە هەبێت لە بەرژەوەندی گشت لایەک و بینینی تەواوی ڕەهەندەکان وەک یەک ، ئەمەش بەخۆرێکخستنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە نوێکاندا دەبێت.

• ئاستی تێکەڵبوون لە نێوخۆی کۆمەڵگادا: پەکەکە چۆن دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی نوێ و دونیای ڕاگەیاندن، تەندروستی، خوێندن و چەند دامەزراوەی کۆمەڵایەتی دەبێت ، تابکەوێتەوە سەرڕێچکەی شارستانی و دامەزراوەی سیاسی ومەدەنی لە نێوشاردا دوور لە چەک و هێزو کوشتن؟ ئەمەش بۆ گەیشتن بە بنەمایەکی تاکتیکی و کۆکردنەوەی سەرمایەیەی کۆمەڵایەتیی نوێ بۆ ئەو ئایندەی چاوەڕوانی دەکات.

پەکەکە لە چی دەگەڕێ؟ ئامانجی لە شارەکاندا دەبێت تەنها گورزی سەربازی و شەڕ نەبێت، بەڵکو دامەزراندنی فکرێکی سیاسی مەدەنی بێت، بتوانێ لەو رێگایەوە خزمەت بەهاوڵاتی کورد بکات لە باکوور، زمان و فەرهەنگ و کلتوور، سڕینەوەی ئاسەواری کوشتن و یەکتر سڕینەوە و ڕق و ڕەگەزپەرستی، واتە قوتابخانەو زانکۆکان و کتێب و زمانی کوردی ، ببنە مینبەری ئەو گۆرانکاریانە، نوێ بوونەوە لە دونیا بینی و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆرانکاریەکانی ئەمڕۆیی دونیای عەولەو گۆرانکاریەکان، بەجۆرێک کوردیش وەک نەتەوەیەکی غەدرلێکراو بتوانێ لەو ئاڵوگۆڕەی دونیادا سودمەند بێت و ئارام و ئاسوودە بژی.

لە شاخەوە بۆ شار نیشانەی ئەوەیە جیاوازییەکی دیارو بەرچاو هەیە نێوان شەڕی شاخ و بنیادنانی دامەزراوەیەکی شارستانی ، ئەمە دەبێتە بڕیارییەکی ستراتیژی ، بەڵام ئایا ئەمە تەنها هەنگاوێکی تاکتیکی کورت مەودا نابێت ؟ یان بڕیارێکی کۆتاییە و بەرەو گۆڕانکارییەکی بنچینەیی و دروست؟ گۆڕانی پەکەکە لە شاخەوە بۆ شار، بە تایبەتی لە ٢٠٢٤ و دەستپێکی ٢٠٢٥دا، لەم قۆناغەدا نوێیەدا ئەمە دەبێتە دەرکەوتنێکی نوێ لە نیشاندانی دۆخێکی جیاواز لە گۆڕینی تاکتیک وئایدیۆلۆژیا ، بەرجەستەکردنی کاری ڕێکخراوەیی سیاسی ومەدەنی، لەکۆتایدا ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی گشت لایەک دەبێت ، چ باکوور و ڕۆژئاواو باشوور بگرە ڕۆژهەڵاتیش و تەواوی ناوچەکە ، دەکرێ ئایندەیەکی گەشترو ڕوونتر چاوەڕوانی کورد بکات.