سهرهتا وتار ئاشتى و دیپلۆماسیی کاراو سەرکەوتووانە لە ناوچەیەکى ئاڵۆزدا
ڕێبوار حەمەلاو شوانی
پێشەکى گرنگە بزانین کە لە پێناو پیادەکردنى سیاسەتێکى ژیرانە و سەرکەوتووانە، بوونى کەسایەتى و کاراکتەر و سەرکردەى بەهێز و لێزان پێویستە تا ئەو ڕۆڵە پڕ لە ئەرک و بەرپرسیارەتییە بگێڕێت . لە ناوچەیەکدا کە بەردەوام شەڕ و ناکۆکییەکان درێژەیان هەیە و گۆڕانکارییەکان بەردەوامن، بەتایبەت بۆ دۆزێکى گرنگ و ستراتیژى و خاوەن مافى وەک گەلى کورد فاکتەرى سەرەکى و نوێنەرایەتى و سەرکردایەتیی کورد پێویستی بە کەسایەتییەکى خاوەن ئەزموون و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر هەیە.
تا وەک داینەمۆ و هەڵسووڕێنەرى هەموو هەنگاو و کار و چالاکییە سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورییەکان بێت، تا لە ئاست ئەو ماف و داواکارییانە و پێگە و قوربانیدانى گەل و نیشتمانەکەى بێت و لە هەمانکاتیشدا بە کردەوە و هەڵسوکەوتە ئەرێنى و سەرنجڕاکێشەکانى ڕەنگدانەوەى گەلەکەى بێت، گەلى کورد، دەیان ساڵە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان بەردەوامە، ئەم ئەزموون و هەرێمە و ئەم ڕێباز و قوتابخانەیە توانیویەتى چەندین سەرکردەى بلیمەت و بەهێز و خاوەن کەسایەتى بۆ گەل و نیشتمانەکەى بێنێتەبەرهەم، کە پشت بە پشت و قۆناغ بە قۆناغ ڕۆڵى گرنگیان بینیوە لە کاروانى خەباتى چەکدارى و ئازادیخوازى و دیموکراسى و شارستانى و تا ئەمڕۆ دەبینین، بەپێى ڕووداو و مێژووى خەباتى دەیان ساڵەى گەلەمان توانیویانە ئەزموونێکى باش و دەوڵەمەند لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە بەدەست بێنن کە ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەرییە ئەرێنییەکانى لە سەر دۆزى کورد و هەرێمى کوردستان باشتر دەردەکەون.
بە سەرنجدان و هەڵوەستەکردن لەسەر کەسایەتى و ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى، وەک سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى کوردستان و بەتایبەتى لە ماوەى ئەم چەند ساڵەى دوایی و ئاڵۆزى و پێشهاتەکانى ناوچەکە و هەموو ئەو ئاڵنگارییانەى بەردەم ئەم گەل و ئەزموونە، مامەڵەکردنى ژیرانە و گرتنەبەرى ڕێچکەیەکى دروست و دیپلۆماسییەکى ژیرانە و بەکارهێنانى لە کات و ساتى گونجاوى خۆیدا، وەک زەروورەتێکى مێژوویى بۆ خواست و خەباتى گەلى کورد توانیویانە دەنگ و ڕەنگی گەل و نیشتمانەکەیان بە دنیا بگەیەنن. بەتایبەتى هەموو ئەو بانگهێشت و سەردانە فەرمییانە لەسەر ئاستێکى بەرز و هاوشێوەى دەوڵەتێکى سەربەخۆ و بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستانەوە لە نێو کۆڕبەند و کۆنفڕانس و ناوەندە ستراتیژییەکانى ناوچەکە و نێودەوڵەتی و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکى زلهێزانى دنیا، گەیاندنى پەیامى ئاشتى و دۆستایەتى و یەکتر قبووڵکردن، ئاماژەیەکى ڕوونە و سەلماندوویەتى کە گەلى کورد هەمیشە نەک شەڕخواز، بەڵکوو هەمیشە لە پێناو سەقامگیرى و ئاشتى و پێکەوەژیانى هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان خەباتى کردووە و باج و قوربانى گەورەى لە ماوەى زیاتر لە یەک سەدە بەزۆر لکاندنى خاک و نەتەوەکەى بە چەند وڵاتێکى دیکەوە بەخشیوە.
پەیامى سەرکردایەتیی سیاسیى هەرێمى کوردستان بۆ هەموو وڵاتانى ناوچەکە و دراوسێ و جیهان ئەوە بووە کە، گەلى کورد هەرگیز نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاشتى و ئازادى و دیموکراسى، بەڵکوو هەمیشە فاکتەرى خۆشگوزەرانى و سەقامگیرى و پێگەوەیی بووە لە ناوچەکەدا، لەلایەکى دیکەوە، هەوڵەکانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان، بە سیاسەت و ئیدارەدانێکى دڵسۆزانە و ژیرانە، بەتایبەتى لە ماوەى ئەم چەند ساڵەدا شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەریەک لە پێناو ئەوەى گەل و قەوارەکەى لە هەموو بەرکەوتنى پریشک و ئاگر و گرژى و ململانێکانى ناوچەکە بەدوور بگرێت و بپارێزێت و کوردستان لە هەموو ئاڵۆزییەک بەدوور بگرێت، هەروەها ئاستى پێشکەوتن و گەشەسەندنەکان و خزمەتگوزارییەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە هەرێمى کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندنى زیاتر دایە.
سەردانى سەرۆک و وەزیرانى دەرەوە و باڵیۆز و کونسوڵگەرى و نوێنەران و کەسایەتییەکانی ناوچەکە و کوردستان بۆ لای جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى، ڕاوێژ و گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگ و هەستیارەکان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرەوپێشچوونى بەردەوام دایە، ئەوەش بۆ سەرکەوتنى هەموو ئەو هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسى و گرتنەبەرى ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانە دەگەڕێتەوە کە هەرێمى کوردستان بووەتە دوورگەیەکى سەقامگیر و ئارام لە ناوچەکەدا. بەتایبەتى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێکهێنانى نزیکتر دەبێتەوە، کاتى ئەوە هاتووە سنوورێک بۆ هەموو ئەو کەس و گرووپانە دابنرێت کە بە پاڵپشتى نەیارانى کوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا خەونیان ئاژاوەنانەوە و چەواشەکارى و ناشیرینکردنى کوردستان بووە، دەبێ هەموو لایەنەکان چ ئەوانەى کە لە دەسەڵاتن و چ ئەوانەى کە ئۆپۆزسیۆنن ڕەچاوى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمانەکەیان بکەن و هێڵە سوورەکان نەبەزێنن و بە دەستپێکردنەوەى کارەکانى پەرلەمانیش یاسایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەوانەى خیانەت لە گەڵ و نیشتمانەکەیان دەکەن و زیان بە ئاسایشى نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانى دەگەیەنن دابنرێت و سزاى قوریش بدرێت، ئەوەى بۆ قۆناغى ئێستا و داهاتوومان گرنگە تەبایی و یەکڕیزیی نێوماڵى کوردستانە کە ئەرکى هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانە و پشتیوانیکردنە لەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتە سەرکەوتووانەیەى هەرێمى کوردستان کە ئاسۆیەکى گەشى لێ چاوەڕوان دەکرێت.