پەری محەمەد
بەستنی كۆنگرەی پەکەکە و ئامادەبوونی بۆ پرۆسەی ئاشتی، پەیامی ئیمراڵییە بۆ تورکیا لەپێناو ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد لە تورکیادا. لەم ڕووەوە پەکەکە بە فەرمی 12ەمین كۆنگرەی خۆی بەست بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و ڕەخساندنی زەمینەیهکی پتەو بۆ ئاشتی و چارهسەری هەمیشەیی بۆ دۆزی کورد لە تورکیا، ئەم بڕیارە پەیامی (عەبدولڵا ئۆجهلان) لە زیندانی ئیمراڵییەوە بوو بۆ تورکیا. لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، پەکەکە ڕایگەیاند وەک حزبێکی مەدەنی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی لە تورکیا دهكات، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا سەرکەوتوو بوو، ئەوە دەبێ چاوەڕوانی چەند گۆڕانكاری و پێشهات و سیناریۆیەکی نوێ بین لە دەڤەرەکەدا وەکو: نهمانی هێرشی درۆن بۆ سەر دەڤەرەکانی باشووری کوردستان و شەڕکردن کۆتایی دێت و هێمنی و ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و خەڵک و جووتیارانی ههرێمی کوردستان دەتوانن بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە سەر گوند و موڵک و ماڵی خۆیان و ژیانێکی ئاسایی و ئاسوودە ببەنەسەر.
دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین ئاخۆ ڕۆڵی تورکیا بەرانبەر هەڵوێستی پەکەکە بۆ ئاشتی چۆن دەبێت، بێگومان به گشتی ئاشتی لە هەر شوێنێك بێت سوودی بۆ هەموولایەک هەیە. هەڵبەت چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە تورکیا ئاڕاستەیەکی ڕاستە، لەم ڕوانگەیەوە ئیتر پەکەکە له توركیا دهتوانێ بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانێ بەشداری پرۆسەی سیاسی بکات و لەو ڕێگەیەوە داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکات، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لە تورکیا و سوریا لەمێژینەن و بەردەوامە، پاڵپشتی و نێوەندگیریی سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ بە ئامانج گەیشتووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک ئەم هەلە بقۆزنەوە و بەردەوامی بدەن بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی حوکمڕانی دیموکراسی ڕاستەقینە و یەکترقبوڵکردن لە وڵاتێکی دیموکراسیدا ئاسوودە بژین، بێگومان ئاشتی دەرگایهکە بۆ ئایندە و ئارامی و پێشڤەچوون و هەڵبەت ئەوەی ئاشتی به چارهسهر دهزانێت براوەیە و ئایندە بۆ ئەوە.