خەبات: ساسان دەروێش:- لەنێو شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورددا بە هەموو چینوتوێژەکانەوە، بە ئومێدەوە لەو بڕە چەکەی بەدەستی پێشمەرگەوەبووە هیواکانیان لەسەر هەڵچنیوە، لەگەڵ ئەمەشدا نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد خامە و هزری جوانی نەتەوەیییان تێکەڵ بە شۆڕش و سەرکەوتنی پێشمەرگە و هیواکانی گەلەکەیان کردووە و ڕێگەی سەخت و دژواریان تاقیکردووه‌تەوە لە ململانێ لەگەڵ داگیرکاراندا کە هەندێ جار بە مەرگیشیان تەواو بووە لەپێناو دەربڕینی وشەی کوردایەتی، هەڵۆ بەرزنجەیی نووسەر و پێشمەرگەی ڕێگەی کوردایەتی، خەرمانێک لە وشەی جوانی بۆ کوردبوون و سەربەخۆیی و سەرکەوتن و یەکبوونی کورد نووسیوە و خامەکەی هاوارێک بووە بۆ پەیامی کوردایەتی و مرۆڤدۆستی کورد و ئاشتیپەروەری کورد، سەبارەت بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان قسەی بۆ خەبات كرد.

نووسەر هەڵۆ بەرزنجەیی، بۆ یەکبوونی کورد و هێزە سیاسییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان گوتی: پیرۆز و بەرخوردارتر بێت، یەکڕیزی و تەبایی نێوان پارت و لایه‌نه‌ کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم هەنگاو و بڕیارە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازە، ئەم هەنگاوەی کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ژیانی بندەستی دەمانبات بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی لە (کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ)دا، خەونی لەمێژینەی گه‌لی كورد دێنێتەدی، هیوا وەبەر باوەڕ و هێز و داخوازی و داینامیکی یەکگرتن دەبەخشێت و هەڵگری مژدەی دواڕۆژێکی گەشترە بۆ نەوەکانی کوردستان.

هەروەها هەڵۆ بەرزنجەیی ڕاشیگەیاند: ئەم بڕیار و هەنگاوە پیرۆزەی لە ڕۆژئاوا درا و نرا، هەزاران لاپەڕەی ڕەشی سپی کردەوە، کوتەکێکی دەمکوتکەرانەی دا بە ناحەزانی تەبایی و سەدان برینی ساڕێژ کردەوە و دڵی ملیۆنان کوردی لە ناوەوە و دەرەوەی نیشتمان خۆش کرد، بە واتای کورد و دۆست خۆشحاڵ دەکات و داگیرکەر و دوژمن یەخەی خۆیان دادەدڕن، هاوزمان و هاوخوێنانی کورد و کوردستانی یەکگرتن لە گوتار و هەڵوێستدا ئاسانە و خۆش و بەسوود و ئازادیهێن و ئاشتیپەروەر و ساڕێژکەری دەرد و برینانە وا وزە و داینامیکی یەکگرتن ئاڵایەکی سەرفرازییە و بەسەر سەریی هەمووانەوە دەشەکێتەوە.

هەروەها هەڵۆ بەرزنجەیی دەشڵێت: هیوادارین بەشەکانی تری وڵاتیش لە هەنگاوی وا گرنگ و چارەنووسسازدا دوانەکەون و شەمەندەفەری مێژوو کە ڕووی لە کوردانە، ڕاگرن و سواری بن بەرەو هەوار و مەنزڵگای ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی و دیموکراسی و ئاشتی و هەموو هەوارگەکانی تری نەتەوایەتی و نێونەتەوایەتی، گرنگ و پێویستە هەم هوشیار بین و هەمیش بۆ خۆمان و دونیای زەلال بکەین، یەکگرتنمان دەبێت بۆ هەقیقەت و ڕاستینەی دۆزی کورد وەکار بهێنرێت و نەتەوە و نیشتمانی خۆمانی پێ بپارێزین و لە ئازادی و سەربەخۆییدا، ئێمە نەبینە پاسەوانی سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و گاردی پاراستنی ژیانی دوژمنانی سەردەستی خوێناوی لەسەر جەستە و کەللە سەری خۆمان لەم سەرەڕێیی سەروەرییەدا نە مافی کەس داگیر دەکەین و نە ژیانی کەس وێران دەکەین و چیمان پێ بکرێت بۆ ناوچەکە و جیهان لە بەختەوەری و ئاشتی و پێکەوەژیان بە ماف و دەسەڵاتی وەک یەکەوە کردوومانە و دەیکەین و بەردەوام دەبین هەلێک بە کورد دەبەخشێت بە هێزی ماددی و کولتوورە دەوڵەمەند و جوان و بەخشندەکەی بەشداری لە بنیاتنانی کەش و ژینگەیەکی تەندروستیی ژیان و گوزەرانیی ئاسوودە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیهاندا بکات، کورد بۆیە نەمرە، چونکە ژیاندۆستە، بە درێژایی چەندین سەدەیە شەڕی چەندەها داگیركه‌ری کردووە لەپێناوی مانەوە لەناو کایەی ژیاندا.

ئەم هەوڵ و هەنگاوە شایستەی ئەوەیە تێكڕای کورد، بە یەک دەنگ و هاوار و نەعرەتە سروودی ئەی کوردینە، ئەی مەردینە، با دەست لەناو دەست کەین و هەموو بۆ بەرزێتی خاکی نیشتمان و سەروەریی نەتەوەی کورد.