خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- ھەرێمی کوردستان ماوەی چەندین ساڵە چەندین ئەکادیمیای وەرزشی جۆراو جۆری کردۆتەوە بۆ پێگەیاندن و دورستکردنی یاریزانان، چینی ئافرەتانیش لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە، گرنگییەکی بەرچاوی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڕگرتووە و پاڵپشتی لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە کراوە کە تایبەتن بە دروستکردنی نەوەیەکی وەرزشی لەسەر ئاستی ئافرەتان, بۆ تیشک خستە سەر چۆنیەتی دروستکردنی ئەکادیمیای وەرزشیی ژیما و هەروەها چۆنیەتی پەیوەندیکردنیان بەو ئەکادیمیایە وەرزشییە خاتوو ئاوە عەبدوڵلا یاریزانی ئەکادیمیایەکە لەمبارەیەوە بۆ خەبات ڕایگەیاند: ئەکادیمیای ژیما لە ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، یەکەم ئەکادیمیایە لەسەر ئاستی عێراق تایبەتە بە وەرزشی ئافرەتان، هەمیشە پشتگیری کچان دەکات لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەهرەکانیان لە وەرزشە جۆراوجۆرەکان و پەروەردەکردنیان و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بەپەیوەندیکردنم بەو ئەکادیمیایە وەرزشییە، لەگەڵ دامەزراندنی ئەو ئەکادیمیایە، پەیوەندیم پێوە کردوون و تا ئێستا خۆشبەختانە لەگەڵیان بەردەوامم بەسەرپەرشتی ڕاهێنەری بەتوانا و لێهاتوو ڕزگار محەمەد رەئووف.

هەر لەبارەی بەشدایکردنیان لە پاڵەوانێتیەکانی ناوەوەو دەرەوەی وڵات خاتوو ئاوە گوتی: لەچەندین پاڵەوانێتی گرنگ بەشداریمان کردووە و ئەنجامی بەرز و شایستەمان بەدەستهێناوە، لەوانە لەساڵی 2024 لەپاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی پلەی دووەممان بەدەستهێنا، لە پاڵەوانێتی یانەکانی عێراق پلەی یەکەممان بەدەستهێنا، لە وەرزی 2017-2018دا پاڵەوانێتی عێراقمان لەسەر ئاستی هەموو تەمەنەکان بردۆتەوە، هەروەها جامی تۆپی پێ و میدالیای زێڕیشمان لەپاڵەوانێتییەکانی دەرەوە وەرگرتووە.

ئەوکچە یاریزانە زیاتر گوتی: ئەکادیمیای ژیما یەکەم ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییە کە تایبەتە بە وەرزشی ئافرەتان، هەروەها زیاتر لە 130 کچ لە تەمەنی جیاجیا لە 6 بۆ 18 ساڵ لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان کچی قوتابخانەن، بۆ زیاتر پەرەسەندن و گەشەکردنی وەرزشی ئافرەتان، پێویستە لەشارەکانی هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە، ئەکادیمیای وەرزشی ئافرەتان بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەپاڵەوانێتی وڵاتی ئەردەن و ڕۆژئاوای ئاسیا لە ساڵی 2019 بەنوێنەرایەتی کچانی عێراق بەشداریمان کرد، هەروەها یەکێک بووین لە تیپە بەهێزەکانی پاڵەوانێتییەکە، هەروەها ڕێکخراوەکەمان بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەی تورکیا کرد بۆ زانکۆکان، لە بەرامبەر تیپی ئیستەنبوڵ و یانەی بێشکتاش سەرکەوتنمان بەدەستهێنا.