سهرهتا وتار ڕۆژاوای کوردستان دەرفەت و ئاڵنگارییە نوێیهكان لە سایەی گۆڕانکارییەکانی سووریا
فەرهنگ نوری دۆڵەمەڕی*
شۆڕشی گەلانی سووریا لە ٩ی ئازاری ساڵی ٢٠١١ دەرفەتێکی نوێ بوو لەبەردەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێک لە مافە نەتەوەیی، سیاسی، ڕۆشنبیری و کەلتوورییەکانی خۆیان بەدەستبێنن، لەگەڵ دەستپێکی بەهاری عەرەبی لە سووریا و هەڵگیرسانی بڵێسەی شۆڕش، وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمیش کەوتنە خۆیان بە ئامانجی ئەوەی ڕووداوەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان بەرەو پێشەوە بچن، هەریەک لە ئێران و تورکیا بۆ ئەم مەبەستە جموجۆڵی کردارییان دەستپێکرد، ئێران دەیویست بەهەر شێوەیەک بێت پارێزگاری لە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد بکات و لەم پێناوەشدا لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە پاڵپشت و کۆڵەگەیەکی بەهێزی پاراستنی بوو، هەرچی تورکیایە لە ڕێی کۆکردنەوەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە لەژێر یەک چەتر بەناوی ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئامانجی بوو ببێتە ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشەکان.
هەر لەم سەر و بەندەش بوو، بەشێکی گەورەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیان لە سووریا (ئەنەکەسە) ڕاگەیاند، دواتر ئەو ئەنجومەنە نوێنەرایەتیی کوردیان دەکرد لە ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەڵام هێزەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی(پەیەدە)، لە دەرەوەی کۆدەنگیی کورد مانەوە و لە چوارچێوەی پلانێکی ژێربەژێر بە سەرپەرشتی و ڕێنماییەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی ئەوکاتی فەیلەقی قودسی ئێران لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێک کەوتن و زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی سووریایان ڕادەستی پەیەدە کرد، هەرچەندە سەرۆک بارزانی چەندین جار هەوڵیدا کە کوردەکانی ڕۆژاوا دووربخاتەوە لە ململانێ هەرێمییەکان بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان ئەو دەوڵەتانە ڕابگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە ململانێیەکان، لەلایەکی دیکەوە بە ئامانجی بنیاتنانی کۆدەنگییەکی کوردی هەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێککەوتنی (یەک و دووی دهۆک) لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی سەرۆک بارزانی لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسە مۆرکرا.
ئامانجیش لەم ڕێککەوتننانە یەکخستنی هەڵوێستی کورد بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، لەبەر ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی خودان ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە و پێگەیەکی گرنگی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە، هەموو تەقەلاکانی بۆ ئەوە بوو ڕۆژاوای کوردستان لە مەترسییەکان دووربخاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هەوڵی خۆی داوە، بەڵام دواتر پەیەدە پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبوو، ئەم هەڵوێستەی پەیەدە قەیرانێکی گەورەی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو هێزە کوردییە دروستکرد و کەلێنەکانی نێوانیان فراوانتر بوو، لەبەر ئەوەی پەیەدە هەژموونی سەربازیی خۆی بەسەر ڕۆژاوای کوردستاندا سەپاندبوو و، بوونی هێزەکانی پەیەدەش لەسەر سنوورەکانی تورکیا کە بەردەوام تۆمەتباریان دەکات بە گرووپی تیرۆرستی و بە لقی پەکەکەیان لە سووریا هەژمار دەکات، ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورە بوو، پێویست بوو پەیەدە خۆی لە هەژموونی پەکەکە ڕزگار بکات و بیانوو نەداتە دەست دەوڵەتی تورکیا، بەردەوامیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە هەمیشە بیانوویەکی بەهێز بووە بەدەست تورکیاوە، بەڵام پەیەدە بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەنەکەسە دەیتوانی باشتر ئیعتباری نێودەوڵەتی بۆخۆی بگێڕێتەوە، هەروەها ئەو هەستیارییەی تورکیاش بەرانبەری کەمتر بکاتەوە، چونکە وەک دەزانرێت تاوەکو ئێستاش پەکەکە لەلایەن ئەمەریکا و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپا لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندایە، ئەم سیاسەتەی پەیەدە ڕێگەی لە بەردەم تورکیا واڵاتر دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ هەڕەشەکانی بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان زیاتر بکات. لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨، لە دوو ئۆپەڕاسیۆنی جیاوازدا تورکیا و هێزەکانی نزیکی توانییان عەفرین، جەرابلوس، سەرێ کانی و گرێ سپی کۆنتڕۆڵ بکەن.
یەک لە هۆکارەکانی ئەم لەشکرکێشییە لە ئەنجامی سیاسەتی تاکڕەوانەی پەیەدە و پەرتەوازەیی کورد بوو لە ناوخۆی خۆیدا، تورکیا و گرووپەکانی نزیک لە خۆی بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییان بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستانیان دەستبەسەرداگرت، دەبینین پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دوای ڕووخانیشی لە ناوەندە ئەمنی و میدیاییەکانی تورکیا زوو زوو دەهۆڵی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی دیکە لەڕۆژاوای کوردستان ببووە ڕۆژەڤ، بەڵام دوای ئەوەی لە ٨-١٢-٢٠٢٤ هێزەکانی تەحریر شام بە سەرۆکایەتیی محەمەد جۆلانی ئەوکات و ئەحمەد ئەلشەرعی سەرۆک کۆماری ئێستای سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، توانییان کۆتایی بە ڕژێمە 53 ساڵییەکەی بەعس بێنن، ئیتر قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سووریا دەستی پێکرد، سەبارەت بە گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان هەم دەرفەتی نوێ و هەمیش ئاڵنگاریی تازەی هێنایە پێش، ئەوەی تایبەتە بە دەرفەتی نوێ بۆ گەلی کورد ئەوەیە بتوانن لە چوارچێوەی ڕژێم و دەستووری نوێی سووریا خۆیان پێناسە بکەنەوە و بە یەک دەست و یەک شاند و بۆ یەک ئامانج، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بتوانن لەم قۆناغەدا هەم پارێزگاری لە خاک و خەڵکی ڕۆژاوا بکەن، هەمیش بتوانن چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری بدەن بە دۆزی کورد لە سووریای نوێ لەم قۆناغەدا، بێگومان ئەرکی سەرەکی ئەم قۆناغەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەنەکەسە و پەیەدە، هەریەکەیان بتوانن قورسایی خۆیان بەکار بێنن و وەک هەنگاوی یەکەم جیاوازییە لاوەکییەکان تێپەڕێنن لەپێناو دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان بەیەک شاند دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن.
سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە لەم قۆناغەدا بۆ کورد هاتوونەتە پێش، هاوکات ئاڵنگاری و کۆسپی گەورەش لە ڕێگایە، بە بڕوای بەشێکی گەورەی چاودێران مەترسیدارترین ئاڵنگاری لەبەردەم کوردانی ڕۆژاوا جگە لە نەبوونی یەکڕیزی و پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەکان، وەک دەزانرێت بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنگرەی نیشتمانی سووریا بۆ دیالۆگ ببەسترێت، بەڵام کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی سووریا بانگهێشتی ئەم کۆنگرەیە نەکراوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە سەبارەت بە داهاتووی ڕۆژاوا و نییەتی ئەو گرووپە بەدیار دەخات بەرانبەر کورد، ئاڵنگارییەکی دیکەی گەورە ناڕوونی هەڵوێستی تڕەمپ و ئیدارەی نوێی ئەمەریکایە سەبارەت بە سووریا، چونکە دوور نییە تڕەمپ بڕیارێک بدات لە سووریا کە زیاتر دەستی تورکیا لەو وڵاتە واڵا بکات، کە ئەمەش مەترسییەکی یەکجار گەورەیە بۆ سەر داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان، چونکە تورکیا بە هەموو هێزی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازیی خۆیەوە نایەوێت دان بنێت بە دروستبوونی هەرێمێکی کوردی لەسەر سنوورەکانی کە پەکەکە تێدا باڵادەست بێت، هەر بۆیەش گرنگە بڕیاربەدەستانی کورد بەتایبەت ئەنەکەسە و پەیەدە لە ڕۆژاوای کوردستان دەرفەتەکان بقۆزنەوە و بۆ دۆزی کورد سودی لێوەربگرن، هەروەها هەڕەشە و مەترسییەکانیش بە جددی وەربگرن و وەک دەزانرێت کلیلی سەرکەوتنی دۆزی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بوونی یەکڕیزی و خۆگونجاندنە لەگەڵ بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، ئێستا هەموو کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە هیواوە لە داهاتووی کوردستانی ڕۆژاوا دەڕوانێت و بە ئومێدی ئەوەی هێزە سیاسییەکان بتوانن بەرژەوەندیی نەتەوە بخەنە پێش بەرژەوەندیی کەسی و حزبی.
*مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سۆران