یونس حەمەد – کوێت
زەمەن و مێژوو بەجۆرێك لەگەڵ کورددا نەبوون، کە ئەستەمه بە چەند دێڕێك لە نووسیندا باسی لێوە بکرێت، ئەوەی لە مێژوو و زەمەندا بەسەر ئەم گەله هاتووە دەگمەن و ئەستەمه بەسەر خەڵکانی دیکە هاتبێت. تاقیکردنەوەکانی هەموو سەردەمانێک ئەوەی سەلماندووە کە کورد یەکێکه لە بلیمەتترین گەلانی سەر زەوی، چونکه بە ئیرادەیەکی بەهێز و تێنەوە هەڵسوکەوتی نیشاندەری ئەمەیە، بۆیەش هەرگیز نەتوانراوە بتوێنرێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەی دێنەپێشی هەمیشەش هەوڵ بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون دەدات. کورد ڕاستە بەهۆی داگیرکاری و ستەمەوە بەسەر چەند قەوارە و دەوڵەتی دەستکردی توندڕەو دابەش و بەش بەش بووە، بەڵام نەتوانراوە ئیرادەی لێ بسەندرێت، ئەمەش دەچێتە قاڵبی بڕوابوون بە خودی کەسایەتیی گەلی کورد، کە هەرگیز ناکەوێت و لەملاشەوە بەهێزتر دەبێت.
شارستانییەت لەناو خاکی کوردستان بەرەو ناوچەکانی دیکە بەگشتی هەنگاوی نا، ئەم شارستانییەتە لە لانەی بارزانەوە و لە شانەدەر سەریهەڵدا بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بەمەش کورد بووە خاوەن یەکەم شارستانی لەسەر ئەم زەوییەدا کە ڕێڕەوەکەی تا ئێستاش درێژەی هەیە، بێگومان بەردەوامیش دەبێت تا کوردێک لەسەر ئەم زەوییە پان و بەرینه مابێت، ئەمه نەوەک بۆ ناوچەکه، بەڵکوو بۆ جیهانیش سەلمێندراوە، کە کورد گەلێکه بە زیندوویی کەسایەتیی خۆی دەپارێزێت، جا لێرەدا وانەکانی مێژوو بەتایبەتی مێژووی هاوچەرخ ئەوەمان پێ دەڵێن کەوا هەر گەل و نەتەوە و کۆمەڵەیەك کەسانێکیان هەیە خەمخۆر و دڵسۆزیان بێت بۆ برەودان بە ڕێڕەوی ژیان، لە بارزانی عەبدولسەلام و بارزانیی نەمر تا سەرۆک بارزانی ئەم ڕێبازە بە جۆر و شێوەیەك بەردەوام بووە، که ئومێدێکه نەوەک بەتەنیا بەشێک، بەڵکوو هەموو پارچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە تا دەگاتە کوردانی قەوقاز و ئەرمینیا و ئازەربایجان، لەمەش زێدەتر بارزانی بووەتە هیوایەک بۆ نەوە دوای نەوەی گەل و نیشتمان که دەبینین خەمخۆر و دڵسۆزانه لەپێناو کورددا خەبات و تێکۆشان دەکەن.
بارزانی بە فەرهەنگی ئایینی و کەسایەتی و چاوکراوەییەوە سەرکردایەتییەکەی جیا دەکرایەوە، کە بە پەروەردەکردنی وەک باڵای چیاکان بەرز و بەهێزتر بوو، لەوێدا ئەزموونی خۆڕاگری و پەرەپێدانی بەردەوامی ژیانیان کردە بنەمایەک بۆ پتەوکردنی مرۆڤ و تاکی کورد، لەم ڕوانگەیەوە فێری ئامرازەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بوون، ئەمەش چوارچێویەکی هزری وشارەزایی تەواو بوو بۆ ڕێبازە ڕۆشنبیرییەکانی سەردەم.
ئاراستەکردنی هزری نەتەوایەتیی بەهێزی کوردان لەسەر بنەمای بزووتنەوەی کوردایەتی و مرۆڤدۆستی پەروەردەکردنیان، کە مەیلی زانستی خوڕاگری هەبێت، بووە ئامرازێك بۆ ئەوەی ناو و دەنگی بارزانی لەناو دڵی هەموو کوردستانییاندا بەهێز بێت، دڵسۆزیی مرۆڤەکان لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەنگاوەکان دەهاوێژرێن، لەم سۆنگەیەوە بەهاکان بە شێوەیەک دەپارێزرێن کەوا ببنه خاوەن متمانەی بەهێز، لەمەدا بارزانی هەموو بەهاکانی گەلی کوردیان بۆ مێژوو سەلماند، کەوا ئەو متمانەیەی گەلی کورد داویەتی بە بارزانی لەگەڵ دەستپێکردنی خەبات تا ئەمڕۆ هەموو جۆر و شێوازەکان دەخاتە نێو ئەو ڕاستییە کەوا دڵسۆزیی بارزانی بۆ کورد و کوردستان سنووری نییە، بۆیە دەبینین دواجار ئەگەر بابەتێک لەهەر بەشێکی ئەم کوردستانەمان بێت ئەوە دەگەڕێنەوە لای بارزانی وەک ( حەکیم )، ئەمه مێژووە، مێژووش دەچێتە لاپەڕەکانەوە، لە لاپەڕەکانیش دەنووسرێت تەنیا بارزانی دەتوانێت ببێتە (حەکیم) بۆ هەر دەستکەوتێک بۆ کورد بەدەست بێت.