هەورامان عەلی تۆفیق
چۆنییەتی مامەڵەکردنی سیاسەتمەدارانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بابەتێکی ئاڵۆزە کە ڕەنگدانەوەی سیاسەت و مێژوو و پرسە نیشتمانی و ئابوورییەکانی عێراقە، پەیوەندیی مێژوویی و گرژی درێژخایەنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە گرژییەکان بەردەوامیان هەیە .
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە چەندین ڕاپەڕینی کورد ڕوویانداوە کە لە لایەن حکوومەتەكانی ناوەندە بەرەوڕووی سەرکوتێکی توند بوونەتەوە، لەوانە بەکارهێنانی توندوتیژی سەربازی و هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیاباران لە سەردەمی ڕژێمەکانی پێشوو .
دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان بوو بە بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیی نوێی عێراق، سیاسەتمەدارانی کوردیش بەشدارییان کرد لە داڕشتنەوەی دەستووری نوێی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵ ناساند کە دەسەڵاتی تایبەتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەیە.
پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان تا ئێستاش یەکێکە لە خاڵە دیارەکانی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر ، ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و دابەشکردنی داهاتەکان بابەتێکی هەستیارە و زۆرجار دەبێتە هۆی قەیرانی سیاسی نێوان هەردوولا ، لە پرسەکانی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەتایبەتی لە ناوچە هاوبەشەکاندا، ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندیی نێوان هەردوولادا.
سەرەڕای دانوستاندن و سازانەکان لەگەڵ سەرکردایەتی کورد ، بەڵام عێراق لە کاتی ناکۆکی، پەنا بۆ گوشارە ئابووری و سیاسییەکان دەبات، وەک بڕینی بودجە یان کۆنترۆڵکردنی هەناردەی نەوت و زۆر بابەتی دی ئیداری و ئابووری ، پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکی و مامەڵەی سیاسەتمەدارانی عێراق لەگەڵ ناوچەکەدا هەندێکجار کاریگەری دەستوەردانی دەرەکی و بەرژەوەندییە ناوچەییەکان (تورکیا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی ، وڵاتانی زلهێز ) کاریگەری راستەوخۆیی لەسەر ئەو پەیوەندییانە دەبێت و ئاراستەکان دەگۆڕێ .
پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستی بە میکانیزم و گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ، بۆ کۆتایی هێنان بەو بەربەستانەی هەمیشە درێژە بە ناکۆکییەکان دەدات ، پێویستە کار لەسەر دروستکردنی متمانە و بەهێزکردنی چەمکە هاوبەشە نیشتمانییەکان بکرێت کە دەبنە کلیلی سەقامگیری لە عێراق .
مامەڵەی سیاسەتمەدارانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تێکەڵەیەک لە دانوستاندن و گرژی و هەندێک جاریش هاوکارییە ، سەرەڕای ئاستەنگیەکان، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش و دیدێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ داهاتووی عێراق.
هەمیشە مامەڵەی سیاسەتمەدارانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنەکان بە قسەی سیاسیی ئامانجدار و بڕیاردان بە ئامانجی راکێشانی هەستی دەنگدەران و بەهێزکردنی پشتیوانی جەماوەرییە ، بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی هەست ونەستی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی توندی کورد لە مافە دەستوریی یاساییەکانی نەخاسما مافە نەتەوەییەکانی بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و بەرژوەندییەکانیان و دەستکەوت لەو هەڵبژاردنانەدا .
لەگەڵ ئەوەشدا پێش هەڵبژاردنەکان، لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە دوای ئەوەوەن هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە گەورەکانی کوردستان، و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ببەستن ، بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی بەشێکی زۆری جەماوەری کوردی لە پەرلەمانی عێراق ، لەنێو ئەو بەرژەوەندیە هاوبەشانەدا لایەنە کوردییەکان لە بەرانبەردا هەوڵ دەدەن ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی گەرەنتی لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بودجە و مافی خهڵک و یاسای نەوت و گاز و لەسەر ئەو بنەمایە دانوستاندن و ڕێککەوتنەکان ئەنجام بدرێن .
هەندێک لە سیاسەتمەداران گوتارێکی ناسیۆنالیستی دەورووژێنن کە تیشک دەخاتەسەر «پاراستنی یەکڕیزیی عێراق»، و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە ناوچە عەرەبییەکان بەکاردەهێنن.
پێش بانگەشەی هەڵبژاردن لە گوفتارو رێککەوتنەکانی خۆیان پاشگەز ئەبنەوە و کۆسپ و تەگەرەدەخە بەردەم رێککەوتنەکانی خۆیان و هەرێمی کوردستان، و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، حکوومەتی عێراق ڕەنگە هەنگاوی کاتی ڕابگەیەنێت، وەک پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یان بەڵێنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە داراییەکان وبۆ بەدەستهێنانی دەنگدەرانی کورد و هێورکردنەوەی گرژییەکان.
دواخستنی ناکۆکییەکان: زۆرجار حکوومەت ناکۆکییەکانی لە سەر سامانی نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان دوادەخات بۆ دوای هەڵبژاردن، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارە دیارەکان سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکەن، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ ئەوەی حەز و ئارەزووی خۆیان بۆ پرسەکانی هەرێمی کوردستان نیشان بدەن و وێنەیەکی ئەرێنی لەنێو دەنگدەرانی کورد دروست بکەن، لەو قۆناغەدا هاوسۆزیەک نیشان بدەن، ئەوەش تایبەتمەندە بەو لێدوانانەی کە جەخت لەسەر شەراکەتی نیشتمانی و مافەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵی دەکەنەوە.
پابەندبوون بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان: هەمیشە لایەنەکان بەڵێن دەدەن کە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی وەک یاسای نەوت و گاز، خاڵە ناکۆکەکان، و گەرەنتیکردنی مافەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەردەکەن، هەندێک جار بەڵێنەکان زیادەڕەوییان تێدا دەکرێت و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە لە دوای هەڵبژاردن.
لەو دابەشبوونەی کورد، بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان هەوڵدەدەن ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە گەورە کوردییەکان بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و هەمیشە سوودیان لەو کێشە نێوخۆییەکوردییانە وەرگرتووە، مامەڵەی سیاسەتمەدارانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە جۆرێک جێگیر نییە و هەمیشە ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت، لە جووڵەیەکی تاکتیکی و قسە و بەڵێنی بێ ئامانج و نیەتێکی خراپ و لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەڵبژاردنەکان بەولاوە هیچی دیكه نییە و، دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.