عارف روشدی
ماوەیەکی زۆرە دەیان سەنتەری فیکری و لێکۆڵینەوە، سەرقاڵی داڕشتنەوەی سیستەمێکی سەردەمییانەی جیهانیین، وەک وەڵامگۆی شکستهێنانی سیستەمی بەرکاری ئێستا، کە نەیتوانیوە هیچکام لەو گرفتە (سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی) جیهان بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، چارەسەر بکات. سیستەمی سەردەمییانەی جیهانیی لە گەڵاڵە بووندایە و وەک سەرەتایەکی کرداریی، دەستپێکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگیداوەتەوەو خۆی دەنوێنێت، پرۆژەکانی سیستەمی سەردەم، وامەزندە دەکرێت لە چوارچێوەی دووبارە دامەزراندنەوەی وڵاتاندا بێت، ئەویش بەرەچاوکردنی (بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیی) گەلان و نەهێشتنی جیاکاری و فەرامۆشکردن، دواتریش بەپێی (گرێبەستێکی هاوسەنگ و نوێی جیهانی)، پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان رێکدەخرێنەوە.
لەم ئاراستەیەدا، بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ئامانجەکانی خۆی هەنگاو دەنێت و بەشێکیش دەبێت لەم دەستپێکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکردووە، بۆیە پێویستە هەندێ لایەنی سیاسیی کورد، بەخۆدا بچنەوەو پاڵپشتی خەباتی پیرۆزی کوردایەتی بن، چونكە هەر گۆڕانكارییەك لە ناوچە بێتە ئارا، كورد بەشێكی گرنگ دەبێت تێیدا و بەپێی ئەو سیستەمە سەردەمییەی ئێستا گەڵاڵە بووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی، مەبەستییانە نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری تیابكرێت، بۆیە زۆر پێویستە بزووتنەوەی كوردایەتی جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بكات.