سەڵاح شاکەلی
«شام شەکرە وڵات شیرنترە» ئەمە ناونیشانی هۆنراوەیەکی جگەرخوێن (١٩٠٣-٢٢/١٠/١٩٨٤)ـە کە نیشتمانەکەی لە جوانیدا بە بووکی جیهان چواندووە و شام وەک خاکی خێروبێر دەبینێ کە زۆربەی خەڵک جاران وەک جگەرخوێن شامیان دەبینی و هەر شتێک باش بوایە دەیانوت (ئەڵێی هی شامە) بەتایبەتی بەروبوومی کشتوکاڵی و دانەوێڵە، زەیتوون و زەیتەکەی، سابوونی سرووشتی، بزنی شیردەر و درووستکراوی لۆکە و زۆری تریش، بەڵام شام لە مێژووی هاوچەرخدا ڕێبەری باشی بەرهەم نەهێناوە و ئەسەدی باوک و ئەوانەی پێش ئەو زۆربەیان ئەفسەربوون و بە کودەتای سەربازی گەیشتوونەتە لوتکەی دەسەڵات بە بانگەشەی نیشتمانپەروەری و کارکردن لەسەر دەمارگیری و سۆزی نەتەوەیی خۆیان ڕادەگرت و خۆیان بە هێزی فریادڕەس پێشاندەدا و ئەوانەی پێش خۆیان بە ناپاک و خۆفرۆش.
شەپۆلی ڕق و تووڕەیی خەڵکیان بۆ دژایەتی داگیرکەری بیانی بەکاردەهێنا و ئەوانیان بەهۆکاری هەموو مەینەتییەکی وڵات لای گەل پێناسە دەکرد و بەڵێنی ئایندەی گەش و خۆشگوزەرانییان بە خەڵک دەدا. هەموو ئەو دەسەڵاتدارانە لە ئاست کوردی بێ پەنادا دەستکراوە بوون و وەک بەرنامەیەکی شۆڤێنیی درێژخایەن کەوانە یان پشتوێنەی عەرەبیان بۆ گەمارۆی ناوچە کوردییەکان جێبەجێ دەکرد کە ئامانجی بەعەرەبکردنی ئەو دەڤەرە کوردییانە بوو، بەوەشەوە نەوەستان ساڵی ١٩٦٠ لە دەڤەری قامیشلو لە شارۆچکەی عامودا بە پیلانی دەزگا نهێنییەکانیان ئاگر بەردرایە سینەمایەک و نزیکەی ٢٠٠ کەس کە زۆربەیان گەنج و منداڵی کورد بوون سووتان، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا بەهۆی چالاکیی گرووپێکی نەیارەوە ڕژێم شاری حەمای تەخت و کاول کرد بێئەوەی کەس لە چۆنێتی ئەنجامەکەی بزانێت، چونکە ڕێگەیان بە میدیاکاران نەدا بچنە وێندەر بۆ ئەوەی هەواڵێک ئامادە بکەن. هەمیشە ئەو ڕێبەرانەی دەستیان بە خوێنی گەلەکەیان سوورە لە سەرەتای دەسەڵات وەرگرتندا زار و بن زاریان سووتان و خەم بووە لە پێناوی گەلەکەیاندا، بەڵام کە پێگەیان قایم و خۆیان ڕادەگرن بەجۆرێکی دیکە کار دەکەن و بەرژەوەندیی نیشتمان و خەڵک شتێک نابێ خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن. ناوەندە یاساییەکان و جومگەکانی دەسەڵات و داهاتی وڵات قۆرخ دەکەن وەک ئەڵقەی پەنجەیان دەیسوڕێننەوە و سێبەری چەکوشی زۆردار دەبێتە مۆتەکەیەک شەو و ڕۆژ بەسەر سەری هەموو تاکێکەوە دەبێ ڕۆژ دوای ڕۆژ، ژیانی دەسەڵاتدارانی لوتکە بەرەو هایلایف و بەهەشتی خەیاڵی دەچێت، گەلیش بەرەو زەلکاوی کوێرەوەری. ساڵانێکی زۆر ئەم هاوکێشە نادروستە ناوەستێ تا دەگاتە ئەوەی بە ڕاپەڕین بە گژ دەسەڵاتدا دەچن و ناچاری دەستبەرداربوون و هەڵاتنی دەکەن. ئەو دیکتاتۆرانە بەو جۆرە وڵاتێکی کاول و پڕ کێشە و لات و بێخێر جێدێڵن، ئەو پارە و زێڕانەی چەندین ساڵ کاریان بۆ کۆکردنەوەی کردووە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن و میللەت بە دوعا. لە دوای ڕووخان و هەڵاتنی بەشار ئەسەد هەندێ کەس دەربارەی بەشار ئەسەد و ماوەی ٢٤ ساڵ حوکمڕانیی کە بەو شێوەیە ئەو وڵاتەی بەو ڕووداو و دەردانە بردووە، پێیانوایە هۆی هەموو ئەوانەی ڕوویانداوە بۆ خودی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە گوایە کەسێکی کاڵفام و ساویلکە و ئەزموونی سیاسی و دەوڵەتداریی نەبووە و کاتی خۆی لە لەندەن پزیشکی ددان بووە، برا گەورەکەی مردووە، ئەسەدی باوک داوای لە بەشار کردووە بگەڕێتەوە وڵات و لە مەیدانی سیاسەتدا خزمەتی وڵاتەکەی بکات. دوای مردنی باوکی، بەشار ئەسەد کرایە سەرۆک کۆماری وڵات و بەرزترین پلەی حیزبی بەعسیشی وەرگرت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە لەدوای هەڵاتنی بەشار و ڕوون بوونەوەی نهێنی و سەروبنی ڕووداوەکان دەرکەوت ئەوکابرایە (بەشار) بایەخی تەواوی بە ژیانی تایبەتی خۆی داوە و بە هەموو جۆرێک کاری بۆ خۆ قایمکردن لە مەیدانی سیاسی و حوکم و کاری بۆ قایمکردنی ژینگەی ژیانی تایبەتیی خۆیشی کردووە، چونکە وڵاتەکەی کردبووە بەندیخانەیەکی گەورە، دەبوو شوێنە تایبەتییەکانی بەرگەی هەموو بوویەر و ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکان بگرن، ماڵ و کۆشک و سەرا و نووسینگە و گەنجینە و جێگە نهێنییەکانی هەموو لەژێر زەوییەوە بە تونێلی باریک و ژووری ئامادە و کامێرای چاودێری و پاسەوانی دڕندە بەیەکەوە بەستراو و پارێزراو بوون، لە هەمانکاتدا لە زۆر شوێنی وڵاتەکەیدا زیندانی گەورە لەسەر زەوی و ژێر زەویشدا دروستکراون بە کەرەستە و ئامێری نوێی ئەشکەنجەدان مامەڵەی دڕندانە لەگەڵ گیراودا کراوە تا گەیشتووەتە ئەوەی مرۆڤەکان بەوپەڕی سووکایەتیپێکردن شێواندن و ڕووخاندنی دەروونی لە مرۆڤبوون داماڵێنراون، کەسی گیراو تۆمەتەکەی هەرچی بووبێت بەو دەردە براوە، وەک هەندێ لە ئازاد کراوەکان دەیگێڕنەوە ئەو هەموو بەندیخانەیە بەشی نەکردووە و لە کاتی قەرەباڵغی یان زۆربوونی ژمارەی گیراواندا هەندێکیان ئەبرد کۆمەڵکوژیان دەکردن بۆ ئەوەی جێی ئەوانی تر ببێتەوە. کەسی وا هەبووە تاوانەکەی هی ئەوە نەبووە مانگێک بخرێتە زیندان، کەچی بە ساڵان و مانگان ماوەتەوە و کەسوکاریشی بێ ئومێد بوونە لەوەی کە مابێت. ئەمانە لە کوێی پیادەکردنی یاسا و مافی هاووڵاتیبوون ومافی مرۆڤدا جێیان دەبێتەوە؟ گەر لای کەسانی وەک ئەسەد و هاوتاکانیان نەبێت. ئایا بەم نموونەیە دەوترێ ساویلکە و بێ سیاسەت؟ لەماوەی ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوودا گەلێک سەرۆکی وڵاتان بە هۆی قۆرخکردنی دەسەڵات بۆ نیازی خۆیان و ستەمی بەردەوامیان لە لوتکەی دەسەڵات هێنرانە خوارەوە و تڕۆ کران کە تێکڕایان بە هەمان شێوە وڵاتیان بەڕێوەبردبوو، چونکە بڕوایان بە ئایدیۆلۆژیای گۆڕان و پێشکەوتن و بنیاتنانی شارستانییەتی هاوچەرخ کە زادەی داهێنانی مرۆڤە نەبووە و هەمیشە پابەندبوون بە هێشتنەوەی گەلان لە خولگەی تاریکی و ڕەوتی کیسەڵدا، لە دوا ئەڵقەیشدا مێژوو لە خوێن و تاوانە قێزەونەکانیاندا نەبێ ناویان ناهێنێت، چونکە بەشی ئەوەندە چاکەیان نەکردووە لە گۆشەیەکدا بنووسرێتەوە، کەسی بێئاگا و کاڵفام ناتوانێت بەوجۆرە و بێبەرنامە هەڵپە بۆ نەمریی بکات، شام لە شەکرەوە بۆ زەهر بگۆڕێت، بەڵام تەنیا ستەم و دزی و گەندەڵی ئەو دیکتاتۆرانە بەڵا نین بەڵکوو بێدەنگبوونی گەل بەڵایەکی گەورەترە .هەرچەندە هێشتا زووە باس لە ئاییندەی سووریا بکرێت… بێگومان ئاسان نییە گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو بخۆنەوە.