ئایا دوای ئەسەد ئاسۆیەک بۆ کورد لە سووریادا هەیە؟

185
مارک ئەلمۆند
دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێی وایە، گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، بە مەترسییەکی نزیک بۆ سەر کۆدەنگیی حزبی لەسەر پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە دادەنرێت. دوای پشێوییەکان لە سەردەمی یەکەمی ترامپدا، وەک گەڕانەوە بۆ ڕێچکەی ئاسایی لە سیاسەتی دەرەوەدا، سەیری سیاسەتی جۆ بایدن دەکرا. بایدن ڕەخنەی توندی لە کرێملن گرت، لایەنگرێکی سەرسەختی ئیسرائیل بوو و گوشارەکانیشی بۆ سەر چین و کۆریای باکوور زیاتر کرد.
بەڵام لە یەک ناوچەی جیهاندا -کە بەلایەنی کەمەوە، بۆ ئاسایشی ئەوانەی لەوێدا دەژین ناوچەیەکی بژوێنە- کارگێڕی سەرۆک بایدن، لە نەریتێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لایدا، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩١٩ دەگەڕێتەوە. ئێستاکە ماوەیەکی کەم لە بەردەم سەرۆک بایدن، لە کۆشکی سپیدا ماوە، کە دەتوانێت لەو ماوەیەدا، پشت لە کورد بکات. لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانەوە، سەرۆکەکانی ئەمەریکا لە هەردوو پارتە سەرەکییەکەدا، لێدوانیان داوە و جەختیان لە مافی کورد، لە گەیشتن بە وڵاتێکی سەربەخۆ، یان بە لایەنی کەمەوە، ئۆتۆنۆمی لەو ناوچانەدا کردووەتەوە، کە لە وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا تێیدا دەژین.
کورد بە نموونەیەکی کلاسیکی (نەتەوەی بێ وڵات) دادەنرێت. پێش زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، بەهۆی ئەو جۆش و خرۆشەی، کە بانگەوازەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، وۆدرۆ ویلسۆن، بۆ بڕیاردانی چارەنووس لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتە گەورەکان لە ساڵی ١٩١٨دا ورووژاندی، وەفدێکی کورد لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی ڕووخاودا، یەکێک لە ١٤ خاڵەکەی ویلسۆنیان هەڵگرت و لەناو قورئانەکانیان دانا، بە دڵێکی پڕ لە هیواوە بەرەو کۆنگرەی ئاشتیی پاریس بەڕێکەوتن، بەڵام ئەوەی ڕووبەڕووی بوونەوە، نائومێدییەکی گەورە بوو.
ڕۆبەرت لاسینگ، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ویلسۆن، دواتر دانی بەوەدانا، کە خۆی، سەرۆکەکەی و سەرکردەکانی دیکەی هاوپەیمانان، هیچ بیرۆکەیەکیان لە بارەی ئەو نەتەوە ئیتنی و ئایینییە جاوازانەدا نەبوو، کە لەنێو گەلانی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانی، هابسبۆرگ و ڕووسیادا بوون، داواشیان لە سەرۆک ویلسۆن کرد، مافی بڕیاری چارەنووس لە بەرژەوەندی ئەواندا پەیڕەو بکات. وەک ئەوەی ئەمڕۆکە بەڕوونی لە سووریادا دەبینرێت، عەرەب (سوننە و شیعە) و کورد، هەروەها تورکمان و ئەرمەنی ( ئەوانەی لە ساڵی ١٩١٥دا ڕزگاریان بووە)، داواکاریی کێبڕکێیان لەسەر هەمان ئەو خاکانەدا پێشکەش کردووە.
گەورەترین کێشە بۆ واشنتۆن، پێشان و ئێستاکەش ئەوەیە، زلهێزە گەورەکانی هاوپەیمان لەگەڵیدا، کە زۆر گرنگییان بە مافی کەمینەکان و بنەمای بڕیاری چارەنووس نەدەدا، بە دوای بەکارهێنانی ئەو زەوییانەدا بوون، کە کورد یان گرووپی دیکەی تێدا نیشتەجێن، بۆ ئەوەی ئامانجە ئیمپریالی و ستراتیژییەکانیان بەدی بهێنن.
لە ساڵی ١٩١٩دا، بەریتانی و فەڕەنسییەکان مرخی گەورەیان هەبوو، وەک ئەوەی ئەمڕۆکە تورک و ئیسرائیلییەکان هەیانە، بەو پێیەی لە باشترین دۆخدا، ڕۆڵێکی لاوەکییان بۆ دانیشتووانی سووریا داناوە، کە خزمەت بە پلانەکانیان بکات. ئەگەر ڕژێمەکەی ئەسەد، ڕۆژگارێک فەرمانڕەوایەتیی وڵاتێکی دەکرد، کە بە تەواوی دامودەزگاکانییەوە کاری دەکرد، سەرەڕای هەموو خراپییەکانیشی، کەچی ڕووخانەکەی، دەرفەتی بە ڕاستییەکی سەختدا بەخشی ئەویش ئەوەیە، ئەو سووریایەی کە لەسەر نەخشەدا کێشراوە و کورسییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، جگە لە ساویرێک هیچی دیکە نییە.
ئەمڕۆکە هەموو چاوەکان لەسەر دیمەشق و مەسەلەی هاتنی دەستەی تەحریری شامە، وەک دەسەڵاتداری نوێ و ڕەنگە جیهادیی نوێبووەوەش. بەڵام لە شوێنەکانی دیکەی سووریادا، گرووپی چەکداری دیکە، کار لەسەر چەسپاندنی خۆیان، وەک دەسەڵاتداریی خۆماڵی دەکەن، یان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، خەریکی ململانێن لەگەڵ ڕکابەراندا. سەرنجدانمان تەنیا لەو شتانەی کە لە پایتەختی سووریاوە ڕوودەدەن، وای کرد ئاوڕ لە شەڕی خۆبەخۆیی هەڵکشاو، لە شوێنەکانی دیکەی سووریا و هەموو یارییە جیۆپۆلەتیکە جیاوازەکان نەدەینەوە، کە دوو دراوسێیە گەورەکە، ئیسرائیل و تورکیا ئەنجامی دەدەن.
لاوازکردنی حزبوڵڵای هاوپەیمانی ئەسەد لە لایەن ئیسرائیل، لە هەفتەکانی پێش ڕاپەڕینی ئەم دواییەی سووریاوە، وای کرد ئێران نەتوانێت دەستوەردان بکات. دوای ئەوە ئیسرائیل میراتی سەربازیی ڕژێمی ئەسەدی خاپوور کرد. هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن ئیسرائیلەوە کران، تەنیا بۆ داماڵینی چەکی سووریا بە تەواوەتی وەک دەوڵەت نەبوو، بەڵکوو گرووپە دژ بە جولەکەکانیشی، لە دەستکەوتنی تێکەڵەیەک لە پاشماوەی چەکی کیمیایی و تەقەمەنیی ئاسایی یان مووشەکیی پێویست بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بێبەش کرد.
بەڵام بۆردومانەکانی ئیسرائیل، دەرفەتی ئەوەشی بۆ گرووپەکانی وەک کورد، بۆ میراتگریی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی یان چەکی دیکە لەبار برد، کە دەیانتوانی لە دوژمنی سەرەکییان، تورکیا و هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی لە عەرەب و تورکمان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بپارێزێت. بەشێکی ئەمەش لەبەرئەوەیە، هەردووکیان ترسیان لە هەڕەشەکانی ئێرانی دراوسێ هەیە، بەڵام ئیسرائیل متمانەی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی، سەرۆکی تورکیاش نییە. بەپێچەوانەی ئیسرائیل، تورکیا کەمینەیەکی زۆری کوردی هەیە، کە ژمارەیان لە کوردانی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری عێراق و سووریا زیاترە. لە سەردەمی سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ترومان و ئایزنهاوەر، بە ڕەتبوون بە سەردەمی سەرۆک نیکسۆن، تاکوو دەگاتە سەردەمی سەرۆک بوشی کوڕ، واشنتۆن زۆرجار ئاماژەی بە پشتیوانیکردن لە مافی کورد کردووە، بەر لەوەی لێی پاشگەز بێتەوە. لە سەردەمی جەنگی سارددا، هەندێک لە سەرکردەکانی کورد، بە کۆمۆنیست تۆمەتبار دەکران؛ دواتر لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، چیتر هۆشجەم لەسەر تۆمەتبارکردنیان بە کۆمۆنیزم نەمایەوە، بەڵکوو وەک بەربەستێک لە بەردەم جێبەجێکردنی پلانەکانی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە، یان تەنانەت وەک بەربەستێک لە بەردەم بەدیهاتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، سەیری کورد دەکرا.
ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا، جەنگ لە دژی داعش گەیشتە لووتکە، لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا، کورد دەپارێزێت. ئەوەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و نزیکەی ٩٠٠ سەرباز لەسەر خاکی سووریادا دەیکەن، پاراستنی کوردە نەوەک لە داعش یان تەنانەت لە هێزەکانی ئەسەدەوە، بەڵکوو کورد پێویستی بە چاودێریی ئەمەریکایە، بۆ ئەوەی لە تورکیا، کە هاوپەیمانی واشنتۆنە لە ناتۆدا بیپارێزێت.
شەڕی دڕندانە لە دەوروبەری شاری منبج لە نزیک سنووری تورکیا و لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لەسەر ڕووباری فورات، بووە هۆی بەرتەسکردنەوە بۆ بەناو هێزەکانی سووریای دیموکراتی کورد (هەسەدە)، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی تورکیاوە، کە لەگەڵ ڕێگەپێدانی سوپای ئەمەریکا بە دەستەی تەحریری شام، دەست بەسەر چاڵە نەوتییەکان و کێڵگە کشتوکاڵییە گەورەکاندا بگرێت، کە لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵ کراون هاوتا بوو.
هێشتا مسۆگەر نییە، ئایا بەم زووانە کەسێک خۆی بەسەر شانی جۆ بایدن لار دەکاتەوە و پێی بڵێت، گەورەم سەرۆک، لە ماوەی سەرۆکایەتیتدا گەیشتوویەتییە ئەو قۆناغەی، کە دەتوانیت تێیدا ناپاکی لە کورد بکەیت؟ یان بایدن قاڵبەکە دەشکێنێت و بە لایەنی کەمەوە، بە بردنەسەری بەڵێنێک، ئەگەر بە نیمچەییش بێت کۆشکی سپی جێدەهێڵێت؟ یان پرسی کوردانی سووریا، یەکێ لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی سەر مێزەکەی، سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەبێت؟
و: ڕەمزی میرەکانی