خەبات – ساسان دەروێش
لە دوای ڕووخانی بنەماڵەی ئەسەد و کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی دڕندانەیان، کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری قامشلۆ دوور لە گوشاری ساڵانی پێشووی دەستی دەرەکی، ئازادانە بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و بەدەم هوتاف و سروودی نیشتیمانی و ئەی ڕەقیبه‌وه‌ ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و دڵخۆشییان دەردەبڕی و پیرۆزباییان لە یەکتر دەکرد بۆ پیرۆزی ئاڵا و نەمانی دیکتاتۆریەتی ئەسەد، هاوکات ئاهەنگی سەرکەوتن و ئازادیان دەگێڕا.
محیه‌دین عەبدی ناسراو بە بابی سرور بەرپرسی پێشووی لیژنەی هۆڵەندای پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە دوای چەندین ساڵ ئاوارەیی لە هۆڵەنداوە گەڕایەوە بۆ قامشلی و لەوێوە بۆ خەبات قسەی کرد و سەبارەت بەگەشتەکەی و گەڕانەوەی بۆ قامشلی و بەشداریکردنی له‌ ڕۆژی ئاڵا بۆ خەبات گوتی: دوای چاوەڕوانییەکی زۆر لە تاراوگە و دەربەدەربوونمان لە شار و وڵاتی خۆمان، جارێکی تر گەڕامەوە ناو زێدی خۆم و لای کەسوکار و هاوڕێکانم، کاتێک گەیشتمەوە قامیشلی هه‌سته‌كانم وەسف ناکرێت، فرمێسک لە چاوەکانم بارین، لە ڕۆژێکدا به‌ وڵات شادبوومەوە كه‌ ڕۆژی یادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو و هەموو شەقامەکان بە پیر و گەنجەوە بە جلوبەرگی کوردەوارییەوە ئاڵایان بەرزکردبووە و سروودی نیشتیمانیان دەچڕی. ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی 12ی 2024، ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سووریا، کە تیایدا سیانزە پارتی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان له‌خۆده‌گرێت، ڕێوڕه‌سمێكی به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ له‌ شاری قامیشلۆ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ڕێكخست ، ئەو ئاڵایەی چەندان شەهید بە خوێنیان سووریان کرد، بۆ منێک کە هەموو جواناوی خۆم و خێزانەکەم لە خەباتکردن پێشکەش بە کوردستان کرد، ئاوارەبووین و دواجار لە هەندەران گیرساینەوە و درێژەپێدەری خەبات و تێکۆشانی باوپاپیرانمان بووین و لە ڕێکخستنەکانی حزبمان لە هۆڵەندا کاروچالاکیمان ئەنجام دا.
بابی سرور ئه‌وه‌شی گوت: کاتێک ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕاگەیەندرا، کوردانی ڕۆژئاوا پێکەوە دڵخۆش بووین بە نەمانی ڕژێمێک كه‌ 53 ساڵ لە دەسەڵاتدا بوو و ڕۆژێکی نوێ ڕووناکی خستە سەر ئامانجەکانمان کە لەو پێناوەدا ڕۆڵەکانمان گیانی پیرۆزیان خەڵات کرد. ئەگەر سەیری زیندانی سیدنایا بکەین و بە وردی لە زیندانەکان بکۆڵینەوە ده‌بینین زۆربه‌ی قوربانییان کوردن و لە پێناوی خاک و ئازادیدا ئازار و ئەشکەنجەی جەلادە بێ ویژدانەکانیان چەشتووە. دڕندەیی ئەو ڕژێمە لەوپەڕی نامرۆڤانە هەڵسوکەوتیان کردووە، ئەو دیمەنانەی لەم گەشته‌مدا بینیم هەموویان تووشی شۆکیان کردم، بەڵام کورد خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە و بۆ مانەوەی خۆی و خاک و فەرهەنگ و کولتووری دەجەنگێ.
محیه‌دین عەبدی داواش ده‌كات: میللەتی ئێمەی ڕۆژئاوا و حزب و لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە بڕیاری بوێرانەتان بۆ کۆدەنگی و یەکدەنگیتان جیاوازی و ناکۆکییەکان لابەرن و بەگفتوگۆ چارەسەریان بکەن و پرسی ڕۆژئاوا بکەنە مەرجی خەبات و تێکۆشانتان، دەنا دەرفەتی زێرین هەڵناکەوێت و دوادەکەوین لە ماف و ئازادییەکانمان، با پێکەوە بە پرۆژەیەکی نیشتیمانییەوە بەرەو دیمەشق هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی مافەکانمان لە دەستوور و دەسەڵاتی وڵات، چونکە ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت، بۆیه‌ گرنگه‌ لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی کورد وەک پێکهاتەیەکی گرنگی ئەوڵاتە حسابی بۆ بکرێت، ئەمەش یەکڕیزی کوردی دەوێت، سەرۆک بارزانی جارێکی تر وەک ڕابەری نەتەوەیی و خەمخۆرێکی ڕۆژئاوای کوردستان پەیامەکەی بۆ هێزەکانی سووریا دڵخۆشکەربوو کە دووپاتی لە گرنگیی ڕۆڵی کورد لە داهاتووی سووریا کردەوە و هەروەها گوتیشی هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی مامەڵە هەڵە و نادروستەكان كه‌ لەبەرامبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجام دەدرا.
لە کۆتاییشدا محیه‌دین عەبدی ئه‌وه‌شی ڕاگەیاند: سووریای نوێ پێویستی بە ئەزموونی باشووری کوردستانە تاكوو وانەی لێوە فێربین بۆ زامنکردنی مافەکانمان و چوونمان وه‌ك یەک هێزی کوردی بەرەو شام، ئەگەر بهاتایە و ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی جێبەجێ بکرایە لە ڕابردوو ئێستا پێویستیمان بەم هەموو کات و کۆبوونەوە و داواکارییە نەدەبوو.