خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- به‌هۆی نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی پرۆفیشناڵی سینه‌مایی تا بتوانێ هونه‌رمه‌ند و كاره‌كته‌رو ده‌رهێنانی تێدا كۆبكاته‌وه، به مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی ئاست به‌رز و به‌شداری پێكردنی له فستیڤاڵه جیهانییه‌كان، له ئێستا هه‌نگاوێك هه‌یه بۆ دروستكردنی فدراسیۆنی سینه‌ماكارانی كوردستان كه بتوانێ فیلمی باش به‌رهه‌م بهێنێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان دروست بكات. له‌مباره‌یه‌وه خه‌بات ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده كرد:
كه‌ی به‌هار ده‌رهێنه‌رێكی كورده، چه‌ندین ساڵه فیلم دروست ده‌كات و به جیهاندا ده‌گه‌ڕێت و خه‌ڵات ده‌باته‌وه، له‌باره‌ی كاری فدراسیۆنی سینه‌ماكارانی كوردستانه‌وه ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا بیرۆكه‌یه‌كم به مێشكدا هات كه رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی بێ لایه‌نی كوردستانی دروست بكه‌ین تاكو بتوانی گشت سینه‌ماكارانی كوردستان كۆبكاته‌وه، ده‌مه‌وێ ئه‌و رێكخراوه كوردستانیانی هه‌ر چوار پارچه له‌خۆبگرێت، له‌گه‌ڵ كوردانی تاراوگه‌ش، چونكه زۆربه‌مان لێكدابڕاوین و لێكپچڕاوین و ئاگامان له‌یه‌كتری نییه، بۆ ئه‌وه‌ی بناسرێین و پێكه‌وه كار بكه‌ین، چونكه فیلمكاری تیمه، ئه‌ویش كاركردن بۆ دوو مه‌به‌ست، یه‌كێكیان به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی فیلمكاری كوردستانی بۆ ئاستی جیهانی. ده‌توانم بڵێم ئێستا شكستمان هێناوه له‌بواری فیلمكاری، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رجكراوه، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه فیلمێكمان به ئاستی جیهانی بگاته بازاڕ.
گه‌یشتنی فیلم به ئاستی بازاڕ، كاری دووه‌م ده‌هێنێته پێش، ئه‌ویش لۆبیكردنه، كه پێویستمان پێیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بچینه كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانه‌وه، بۆ نموونه له ته‌مه‌نی 7 ساڵییه‌وه ده‌مزانی جیڤارا كێیه، له كاتێكدا له خانه‌واده‌یه‌كی دایك و باوك نه‌خوێنده‌وار په‌روه‌رده بووم، چۆن ده‌مزانی گیڤارا كێیه، به‌هۆی چوونم بۆ سینه‌ما و بینینی فیلمه‌وه بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ی كوردستانی چه‌ندین قاره‌مانمان هه‌یه كه‌چی جیهان تا ئێستا نامانناسێ و هه‌ر نازانی كوردستان هه‌یه. له‌ناوخۆماندا هێشتا به شێوه‌ی لۆكاڵی و كۆن كار ده‌كه‌ین، نه‌بووینه‌ته به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی، فدراسیۆنی فیلمكارانی كوردستان ئامانجی ئه‌وه‌یه بگاته ئه‌و ئاسته.
• تا ئێستا هیچ بیرۆكه‌یه‌كتان هه‌یه فیلمكاری جیهانی بهێننه كوردستان، یاخود فیلم به ئاستی جیهانی دروست بكه‌ن؟
– فدراسیۆنی فیلمكارانی كوردستان یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ پلانێكی گه‌وره‌تر، فدراسیۆن به‌شێكه له‌ناو ده‌زگایه‌كی به‌رزتر و كاریگه‌رتر، ئه‌ویش ده‌توانین ناوی لێ بنێین ده‌زگای دایك، كه ئه‌نستیتۆی فیلمی كوردستانه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته له ڕۆژانی داهاتوودا دایمه‌زرێنین، له‌نێو ئه‌و ئه‌نستیتۆیه، فدراسیۆن و فیلم به‌رهه‌مهێنان و فیلمی هاوبه‌ش به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان تێیدا به‌شێك ده‌بن، هه‌روه‌ها فیلم په‌روه‌رده‌كاری بۆ بینه‌ر‌و فیلمكاران به‌شێكی دیكه‌ی ده‌بن، دوا به‌شیشی ده‌بێته (كوردیوود)، وه‌ك هولیوود، ئێمه‌ش پێویسته ستۆدیۆیه‌كی تایبه‌تمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی له رێگه‌ی فدراسیۆنه‌وه بتوانین كۆمپانیای جیهانی رابكێشینه نێو كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی لێره كاری فیلم بكه‌ن، له‌م كاته‌دا بوونی ستۆدیۆ زۆر پێویسته.
• ئایا ژینگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی جیهانی له كوردستان له‌باره؟
– له‌م كاته و دوای ده ساڵ و بیست ساڵی دیكه‌ش له‌بار نابێت ئه‌گه‌ر كوردستان فیلم ئه‌نستیتۆ دانه‌مه‌زرێت، به‌و مانایه‌ی ئه‌نستیتۆ تاكه رێگه‌ی چاره‌سه‌ره، ئه‌نستیتۆ پێكهاته‌ی پیشه‌سازیی فیلمكاریی كوردستان دروست ده‌كات به ستانداردێكی ئاست جیهانی، ئه‌وسا ئێمه ده‌توانین چ وه‌كو ناوخۆ فیلمی ئاست به‌رز دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له بازاڕدا داهاتی هه‌بێ، هه‌روه‌ها بتوانین فیلمه‌كانی جیهانی بهێنینه نێو كوردستان تاكوو ئه‌وان ببنه هۆكاری یاریده‌ده‌ری بووژانه‌وه‌ی ئابووری هه‌رێم و له‌هه‌مانكاتدا دروستكردنی لۆبییه‌كی جیهانی به‌رز، هه‌روه‌ها ده‌بێته خوێندنگایه‌كی فیلمكاری بۆ لاوان به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن و ڕۆڵ بینین له فیلمه جیهانییه‌كان.
• دروشمێكتان هه‌یه كه ئه‌گه‌ر نه‌توانن جیهان بهێننه كوردستان، ئه‌ركتانه كوردستان بگه‌یه‌ننه جیهان، تا چه‌ند ده‌توانرێ جێبه‌جێ بكرێت؟
– له ئێستادا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فیلمێكمان نییه تاكوو بیبه‌ینه سینه‌ماكانی جیهان نیشانی بده‌ین، یاخود له په‌رله‌مان و ناوه‌نده سیاسییه جیهانییه‌كان په‌خشی بكه‌ین، یاخود له‌باره‌ی دارایی قازانجێكی دارایی پێ بكه‌ین، یاخود فلیمێكی سه‌رنجراكێش بده‌ینه كۆمپانیاكانی فیلمكاری تاكوو بیانهێنینه كوردستان و لێره كاری ده‌رهێنانی فیلم بكه‌ن، بۆیه پێویستمان به ئه‌وه‌یه ئه‌نیستیتۆی كوردستان دابمه‌زرێنین تاكو ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی فیلم به ئاستێكی جیهانی بكه‌ین، كه ئه‌وه‌مان كرد ئه‌وكات ده‌توانین په‌یامه‌كه‌مان بگه‌یه‌نینه ئه‌نجام، له كۆتاییدا ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی ئه‌م ئه‌نستیتۆیه‌و فدراسیۆنه نه‌كه‌ن، كاره‌كان به باشی به‌ڕێوه ناچێت، ئه‌وه كاری حكوومه‌ته پاڵپشتی بواری یاسایی و دارایی و مه‌عنه‌وی رێكخراوه‌كه بكات تاكوو بگاته ئامانج.
خاتوو (روناهی حه‌سه‌ن) خه‌ڵكی قامشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان و دانیشتووی شاری له‌نده‌ن، وه‌ك ئه‌ندام له فدراسیۆنی فیلمكارانی كوردستان به‌شداره، له‌باره‌ی ئه‌م رێكخراوه‌وه ده‌ڵێت: هه‌وڵده‌ده‌ین ئێمه وه‌كوو تیمێك كار بكه‌ین، نزیكه‌ی 4 مانگه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، 190 ئه‌نداممان هه‌یه، وه‌كوو مینبه‌رێك بۆ ئه‌و فدراسیۆنه، من وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك له به‌ریتانیا خوێندنم ته‌واو كردووه، كاتێك خه‌ڵاتم له زانكۆ وه‌ده‌ستهێنا، گوتم خه‌ڵكی كوردستان‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌س نه‌یده‌زانی كوردستان كوێیه؟ گرنگه بتوانین ئێش و ئازاری كوردان بگه‌یه‌نینه جیهان، له زانكۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ریم ته‌واو كرد، به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زم له‌كاری هونه‌ری بوو، چه‌ندین خولم بینی، له ئێستادا قوتابی ماسته‌رم له‌بواری دروستكردنی فیلمی دیكۆمێنتاری، پێش دوو ساڵ توانیم فیلمێكی دیكۆمێنتاری له دانیمارك له‌سه‌ر ئاواره سورییه‌كان وێنه بگرم كه به نیاز بوو بیانگه‌ڕێنیته‌وه، كه ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌بوو، ئه‌م فیلمه‌م ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌بوو، له چه‌ندین كه‌ناڵی به‌ناوبانگی جیهانی په‌خشكرا، ئه‌وه‌ش وایكرد په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كانی بواری فیلمكاری به‌هێز بێت، ئینجا زانیم كه فیلمكاری له جیهان چه‌ند كاریگه‌ره و ده‌توانی شه‌قام ئاڕاسته بكات، بۆیه دروستبوونی ئه‌و فیدراسیۆنه پێویستییه‌كی مێژووییه، تاكوو به جیهان بڵێین ئێمه‌ی كوردیش توانای باشمان هه‌یه، كو‌لتور و ده‌زگای پێشكه‌وتوومان هه‌یه له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان. هیوادارم بتوانین نووسینگه‌ی فدراسیۆن له وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكاش بكه‌ینه‌وه تاكوو په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كان هه‌بێت.
خاتوو (ستێلا مارتانی) كه‌سێكی كریستیانه له نێو پێكهاته‌ی فدراسیۆنه‌كه بوونی هه‌یه، كاری رۆژنامه‌نووسی له‌گه‌ڵ ئاژانسه نێو‌ده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه وه‌كوو ده‌رهێنه‌ر و پرۆدیسۆر، ئێستا فریلانس له ئاژانسی ئه‌سیۆشێتدپرێس نووسه‌ره، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره ئینگلیزییش كاری كردووه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: فدراسیۆنی فیلمكارانی كوردستان گرنگه بۆ پێشخستنی وێنه‌ی كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌كه‌مان، چ له‌بواری ئایینیی یاخود لایه‌نی نه‌ته‌وه‌ییدا، دان به‌وه‌دا ده‌نێین كه كوردستان وه‌ك ره‌شماڵێكه بۆ چه‌ندین گرووپی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیاجیا، هه‌ریه‌كه‌و خه‌باتی مێژوویی خۆیان هه‌یه، ئامانجمان ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی فیلمه‌وه ئه‌و فره‌نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و فره‌ڕه‌نگییه ڕه‌نگ بداته‌وه، چونكه ئه‌م فیدراسیۆنه كوردستانییه، منیش وه‌ك هاووڵاتییه‌كی كلدوئاشووری له‌گه‌ڵیانم، ئه‌وه له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌شمان ره‌نگ ده‌داته‌وه، ئه‌و كاره یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت ئاسانتر به نه‌ته‌وه‌كانی دیكه بگه‌ین، چونكه من به ئاسانی ده‌توانم چیرۆكی نه‌ته‌وه‌كه‌م بگه‌یه‌نمه جیهان، ئێمه پابه‌ندین به دروستكردنی سه‌كۆیه‌ك هه‌موو ده‌نگه‌كان كۆبكاته‌وه، پاڵپشتی هه‌موو ئه‌ندامان ده‌بین له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت كه بیه‌وێ به‌شداری له پرۆژه و فیلمه‌كانمان بكات، كه خۆیان چیرۆكه‌كانیان باس بكه‌ن، نه‌ك كه‌سێكی دیكه له نه‌ته‌وه‌ی جیاواز بێت چیرۆكی ئه‌و بگێڕێته‌وه.