خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- ئیلهام شاهین ئه‌ستێره‌ی هونه‌ری میسری، هه‌فته‌ی رابردوو بۆ به‌شداری له فیستیڤاڵی سینه‌مای دهۆك به سه‌ردانێك هاته هه‌رێمی كوردستان، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له فه‌یسبووك چه‌ندین وێنه‌ی خۆی داناوه و باس له گه‌شته ناوازه‌كه‌ی ده‌كات.
له سه‌ردانێكی بۆ قه‌ڵای دێرینی هه‌ولێر كه به‌هاوڕێیه‌تی ئاریان سه‌لاحه‌ددین بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و كچه خۆشكه‌كه‌ی (ئیلهام) بوو، سه‌رسامی خۆی به‌و قه‌ڵا مێژووییه ده‌رده‌بڕێت و سوپاسی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان ده‌كات بۆ ره‌خساندنی ئه‌و هه‌له كه توانیویه‌تی گه‌ڕانێك به‌نێو مێژووی قه‌ڵادا بكات.
دواتر سه‌ردانی شوێنێك ده‌كات تێیدا نانی به‌یانی ده‌خوات و به شێوه‌یه‌كی جوان وه‌سفی ده‌كات. ستایشی خاوه‌نه‌كه‌شی ده‌كات كه زیاتر له 750 وێنه‌ی شه‌هیدانی شه‌ڕی داعشی به دیواره‌كه هه‌ڵواسیوه، هه‌روه‌ها كه‌لوپه‌لی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه خانه‌واده‌كانیان پێشكه‌شی شوێنه‌كه‌ی كردووه تاكو تێیدا بپارێزرێت، ئینجا گه‌شتێك به‌نێو شاری ئامێدی ده‌كات و چه‌ندین وێنه‌ی یادگاری تێدا ده‌گرێت، دواتر له رێگای نێوان دهۆك و هه‌ولێر له شوێنێك راده‌گرێت و له كه‌شێكی پاییزانه‌دا چایه‌كی سه‌ر ره‌ژوو ده‌خوات و ده‌ڵێت تامه‌كه‌یم قه‌ت له بیر ناچێته‌وه.
له كۆتاییدا سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێرو دهۆك، ئیلهام شاهین له په‌یجی خۆی ده‌نووسێت: سوپاس بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان و پارێزگای هه‌ولێر که به گوڵ پێشوازییان لێکردم، پێكه‌وه گه‌ڕانێكمان به ناو قه‌ڵای هه‌ولێر كرد، ئەم تەلارە مەزنە کە هەڵگری کەلەپوور و ڕەسەنایەتییه و بۆنی مێژووی لێدێت. هەروەها سوپاس بۆ خوانی نیوەڕۆ كه لەسەر شەرەفی منه‌وه سازكرا. ڕاستیەکەش ئەوەیە کە ڕۆژێکم لە هەولێر بەسەر بردووە قه‌ت لەبیری ناكه‌م، سوپاس بۆ میوانداری و بایەخپێدانم، سوپاس بۆ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی دهۆک بۆ ڕێزلێنانم. هه موو سوپاس و پێزانینێک ئاراسته‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده که‌م.











