د. سامان سۆرانی
لە پەیامەکەی ڕۆژی یەكشەممە، ١٥-١٢-٢٠٢٤ی جەنابی سەرۆك بارزانی لەبارەی لێدوانێكی ئەحمەد شەرع، و دۆخی كورد لە سووریا، هاتووە، تیڕوانینەکەی شەرع بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵی و پێشوازیی لێ کردنە، پێشووتر شەرع لە لێداوانێکی باسی لەوە کردبوو، کەوا گەلی کورد بەشێکە لە نێشتمان و هاوبەشە لە سوریای داهاتوو.
دیارە ئەم تێڕوانینە، وەکو جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ کردووە، زەمینەساز دەبێت بۆ بونیاتنانی سوریایەکی بەهێز و جەنابیان بە پێویستیان زانی كورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تر لە سوریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، تاوەکوو بتوانن لە سوریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن، لای خۆیەوە سەرکردەیەکی دەستەی ڕزگاریکردنی شام بە ناوی، حەسەن دغێم، لە گرتەیەکی دەنگی، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەڵوێستی سەبارەت بە پەیامەکەی جەنابی سەرۆك بەم شێوەیە باس دەکات:
“پەیوەندی گەلی سوریا بە سەرۆك مەسعود بارزانی یەوە پەیوەندییەکی دێرینە، سەرجەم سورییەکان ڕێزی تایبەت و پێزانینان بۆ جەنابیان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو ڕۆڵەی، کە گێڕاویەتی وەکو ڕێنشاندەر و باوك لە چاودێریکردنی پەنابەرە سورییەکان، کاتێ شۆڕشی سوریا سەری هەڵدا، پەنایان بردە بەر هەرێمی كوردستانی عێراق، هەندێ لە کەس و کارەکانمان ستایشی هەوڵەکانی فەخامەتی سەرۆك بارزانی دەکەن، بەرامبەر بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریای حەواندەوە، ئەوان بە پێی خەمڵاندنەکانمان ژمارەیان نزیکەی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی بوو، بەهەمان شێوە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی مان بینی، کاتێ بوومەلەزرە باشوری تورکیا و باکوری سوریای هەژاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هانای هاوڵاتیانی سوریاوە هات…بۆیە گەلی سوریا ڕێزی تایبەتی هەیە بۆ گەلی کوردستان و بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی.”
بەڵێ لە کاتی شوڕشی ئاشتیانە لە سوریا و دواتر پاش سەرهەڵدانی ململانێی تایفی و مەزهەبی وێرانکەر و دەرکەوتنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە هەزاران کورد و هاوڵاتی سوری بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و کار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپارەی جەنابی سەرۆك پێشوازی گەرمی لێیان کرد.
دیارە بەرژەوەندی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش لە نێوان هەردوولا هەبووە و هەیە و هەرێمی كوردستان پێویستی بە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا هەیە، تا لە ئایندەدا لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی بەهێزتربێت، گەلی کورد لە سوریا پێکهاتەیەکی گەورەیە، پێویستە سەکۆیەکی کوردی بەهێز درووست بکات، کە هەموو ئەو لایەنانە لەخۆ بگڕێت، کە بە گوفتار و بە کردار باوەڕیان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەسەر بنەمای فیدڕاڵییەت لە سوریا هەیە.
پێویستە نموونەی سیاسی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، وەکو هەرێمێکی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی عێراق، لە لایەن کورد لە سوریا پێشوازی لێ بکرێ، لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو سەکۆیە زامنی مافی پێکهاتەکانی تر بێت و ڕێزیان لێ بکرێت، سوریای ئایندە ناتوانێ سەقامگیری و گەشەسەندن و ئاشتی بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها ناتوانێ دووربێت لە دووبارە گەڕانەوەی دیاردەی تێرۆر و سەردەست بوونی، ئەگەر نەبێت بە دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، یان ئەگەر باوەڕی بە فرەیی و دیموکراسییەت و سێکۆلاریزم نەبێت.
چونکە سوریا وەکوو موزاییك لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاجیا پێکهاتووە، ئەرگەر فاکتەری مرۆیی و خاکی جوگرافی بوونی هەبێت، ئەوا مافی هەر پێکهاتەیەکە، خاوەندی هەرێمی خۆی بێت، بە پێویست دەبینرێ كورد بەمەبەستی دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی وەکو هاوبەش لە بڕیاری نیشتمانی سوریا بەشدار بێت.
هەروەها پێویستە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا ڕۆڵی جددی بگێڕن لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی فیدڕاڵییەت لەناو چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی لە سوریا و ڕێگر بن لەوەی وڵاتانی هەرێمی بەمەبەستی بەدەستهێنانی هەژموونی زیاتر ئەو پرۆسەیە لەبار بەرن و ببنە هۆکاری درووستبوونەوەی ناسەقامگیری و ململانێ لە نێوان پێکهاتەکان.
سەرۆك بارزانی، کە باوەڕی تەواوی بە گرتنە بەری ڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگی ئەرێنییە بۆ چارەسەر کێشەکان، هەردەم پشتیوان و خەمخۆری گەلی كورد بووە لە سووریا، جەنابیان ئومێدی ئەوە دەخوازێ، لایەنەکان لە سوریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێ، کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی و بووژانەوە بێت.










