سهرهتا وتار دۆکترینی ترهمپ و چاوەڕوانییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دکتۆر سامان سۆرانی
هەڵبژاردنی ئەم جارەی دۆناڵد ترهمپ وەکوو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا دەتوانرێت بە بەدیهێنانی خواست و سووربوونی کۆمەڵگەی ئەمهریکا دابنرێت، کە لەمێژە پشتگوێ خراوە بۆ زیندووکردنەوەی بەهاکانی ئەمهریکای سەدەی ١٨ و ١٩ لەسەر بنەمای باڵادەستی ڕەگەزی و ئایینی.
سەرەڕای ئەوەش، سەرۆکایەتی دۆناڵد ترهمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا لە ٢٠١٦ تاوەکوو ٢٠٢٠ لەلایەن نەیارانی ناوخۆیی و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جدی وەرنەگیرا و هەمووان بە پریشکی کاتی و ناوازە ئەژماریان دەکرد.
شکستە مشتومڕ لەسەرەکەی لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و تەنها یەك خول سەرۆکایەتیی کردنی ترهمپ، بۆچوونی ڕەخنەگران و نەیارانی ئەوی دووپاتکردەوە، کە بڕوایان بە گومان و دروستبوونی کات و هەڕەمەکیی دیاردەیەك هەبوو، کە پێی دەگوترێت ترهمپیزم، بەڵام ڕەوتی پەرەسەندنەکانی دوای گواستنەوەی دەسەڵات لە ترهمپەوە بۆ جۆ بایدن لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و حوکمڕانی لاوازی بایدن لە ماوەی چوار ساڵدا نیشانی دا ، کە ٧١ ملیۆن دەنگی ترهمپ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ و زیادبوونی سەرسوڕهێنەری دەنگەکانی بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦، سەرمایەی کۆمەڵایەتی ترهمپ ئەوەندە بەهێز و گرینگە، کە ناتوانرێت بە ئاسانی بەسەریدا تێبپەڕێت.
لەناو کڕۆکی ترهمپیزمدا هەوڵێك بەدی دەکرێت بۆ پاراستنی سیاسی شەقام لە سەرۆکی نوێ، چونکە سەرۆك ترهمپ بە بەردەوامی ڕەخنەی توندی لەو ئاراستە سیاسییەی پێش خۆی دەگرت، کە بریتی بوو لە پرنسیپەکانی حوکمڕانی و ڕێبازی باراك ئۆباما وەکوو عەقڵی داڕێژەر و باڵادەستی ناو حزبی دیموکراتەکان.
سەرکەوتنی ترهمپ گرێدراوە بەو پەیامە نەتەوەییە و بەو دژایەتیکردنە توندەی، کە ئاراستەی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری چەپگەرا و گلۆبالیزەیشن و ئینترناسیۆنالیزمی دەکرد.
پارادایمی “ئەمهریکا پێش هەموو شتێك و ئێمە دووبارە ئەمهریکا مەزن دەکەین”، دروشمێكە، ترهمپ لە ڕێگەیەوە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی وەسف دەکات.
بەو شێوەیە ترهمپ توانی دۆکترینی هەندێ لە نەتەوەپەرستە مۆدێراتەکانی پێش جەنگی ساردی نێوان ڕۆژئاوا و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی بەسەرپەرشتی یەکێتی سۆڤیەت زیندوو بکاتەوە، کە داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا دەکرد، زیاتر گرینگی بە بەرژەوەندی نەتەوەیی بدرێت، هەر بۆیە ڕەخنەی توندی لە سیستەمی نێودەوڵەتی لیبراڵەکان دەگرت و پێێ وابوو نابێ چیتر ئەمهریکا گرینگی بە ناتۆ و هاوپەیمانێتی ترانس ئەتڵانتیك و ژاپۆن و کۆریای باشوور بدات.
ترهمپ لەو باوەڕەیە تۆڕی هاوپەیمانێتی بۆ ئاسایش و ڕێکەوتننامەی ئازادی بازرگانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا لەسەرتای جەنگی سارد درووستی کردبوو، بۆ ئەندامانی نوخبەکانی گلۆبالیزەیشن باشە، بەڵام بۆ زۆرینەی جەماوەری ئەمهریکا و بەتایبەتی بۆ کریکارانی وڵاتەکەی خراپە.
لە ڕابووردوو ترهمپ پێی وابوو ئەمهریکا بەهۆی گۆشەگیری جوگرافی دەتوانێ خۆی لە ململانێیەکانی ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور بگرێت، بەڵام ئەمجارە مەبەستیە ڕێگری لە داکشانی هەژموونی چین و ڕوسیا بگرێت و ئەمهریکا وەکو گەورەترین زلهێز بپارێزێت.
ڕاستە ترهمپ لە سیاسەتی دەرەروە بە لاینداری پرنسیپی دوورەپەرێزی Isolationism ناسراوە و لە چوار ساڵی حوکمڕانی پێشووی جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کەوا ئەرکی نییە ئەمهریکا دەستێوردان بکات لە ڕێکخستنی کاروباری جیهانی دەوروبەری و چارەسەرکردنی كێشەکانیان لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام بابەتەکانی، کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندی باڵای ئەمهریکا هەبووبێت، ئەوا دەستێوەردانی کردووە، وەکو miltaristic and unilateral interventionalist دەستێوەردانی سەربازی یەکلایەنەی ئەنجام داوە بێ گەڕانەوە بۆ لایەنی تر و پشبەستن بە لایەنی تر، بۆ نموونە کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولێمانی و سەرکردەی داعش، ئەبو بەکر بەغدادی و ئۆپەراسیۆنی تر.
ترهمپ بە هاتنە سەر دەسەڵات هەوڵ دەدات لە ناوخۆی ئەمهریکا بەڵێنەکانی خۆی بە جێ بگەیەنێ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کار بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری ئیسرائیل دەکات، لە بەهێزکردنی هێزی سوپای ئەو وڵاتە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و یەکلاییکردنەوەی جەنگی غەززە و لاوازکردنی باڵەکانی بەرەی بەرگری لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن و دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی سەدە و سەرپەرشتنیکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی جیهانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی.
ئیدارەی ترهمپ لە گەڕی یەکەم لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کشایەوە پرنسپیپی قورسترین سزاکانی پەیڕەوکرد، لە گەڕی دووەم کار بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیەیە دەکات و هەوڵی جددی دەدات، بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ ناو قاوغی چوارچێوەی دەوڵەت، وەکو ئەندامێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دوور لە هەژموون و فراوانخوازی.
ئەمهریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتێکی دەرەوە پەیڕەو دەکات، کە دیاردە سەرەکییەکانی بریتییە لە سیاسەت و بەرژەوەندی دەسەڵاتی ناوخۆ و ناوەندەکانی هەژموونی دەسەڵاتی فیعلی، کە پێوەریان بڕینی سنوور و جوگرافیای ئۆقیانووس و کێشوەکەکانە و چالاکی خۆی لە دەریای باشووری چین چڕدەکاتەوە و بەرامبەر بە چین دەوەستێ تاوەکو چین دووڕگەی دەستکرد درووست نەکات بۆ بەهێزکردنی کۆمنترۆڵکردنی کەنالە دەریاییە ستراتیژەکان.
لە پێناو ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا کار بۆ خۆ نزیكکردنەوە لە سەرۆکی ڕوسیا فلادمیر پوتین دەکات، لە هەمان کاتدا ڕێگر دەبێت لەوەی ڕوسیا جارێکی تر بتوانێت ببێت بە نموونەکیەکی مەترسیداری وەکو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، هەر بۆ ئەو مەبەستە ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیای لا مەبەست دەبێت، ئەگەر چی ئەو جەنگە لە بەرژەوەندی ئۆکرانیاش تەواو نەبێت، چونکە ئەو کاتە سیاسەتی (دی فاکتۆ) پەیڕەودەکرێت و هەردوو هەرێمی دۆنیسك و لۆهانسك-ی خۆرههڵاتی ئۆكرانیا، کە ئێستا لە لایەن ڕوسیاوە بە سەربەخۆ ناسراون، لە ئۆکرانیا دادەبڕێن.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە ناو چوارچێوەی عیراقی فیدڕاڵ و ناوچەکە، ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری سیاسی کار بۆ ڕێکخستنی هاوسەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەکات، تا بتوانن بەرامبەر بە هەژموونی وڵاتانی هەرێمی بەهێز بن.
تا ئەو کاتەی تێرۆر بەشێك بێ لە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا، ئەمهریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جێ ناهێڵێت. ئەمهریکا مەبەستیە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ درووست بێ، کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا بێت.
هەرێمی کوردستان وەکو فاکتەرێکی گرینگ بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە و بەهۆی ئەو سیاسەتە حەکیمانەی، کە جەنابی سەرۆك بارزانی دایڕشتووە و لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بە هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئیدارەی ترهمپ دەمێنێتەوە و بەو شێوەیە بەرگری لێ دەکرێت و دەپارێزرێت، چونکە دواجار ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا بۆ دیزانکردنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژی خۆجێێ وەکو هەرێمی کوردستان دەبێت.
بە پێویست دەبینرێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ زەقکردنی خاڵە هاوبەشەکانی بکات لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمهریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترهمپ و گرینگی بە سیستەمی ئابوری و بازرگانی نوێ و بەرگری بدات و لە دژبەرییەکان و بەسیاسەتکردنی دیبلۆماسییەت و ڕێزگرتن لە هاوپەیمانە دێرینەکان سوود وەربگرێت، کە هەندێ لە فاکتەرەکانیان بەرهەمی لاوەکی سروشتی پارادایمی ترهمپیزمن.