فه‌رحان جه‌وهه‌ر
گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی، بابه‌تی گفتوگۆی ئه‌مڕۆی جیهانه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی كاریگه‌ریی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكایه له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتان، نه‌ك ته‌نیا له ناوخۆی ئه‌و وڵاته، هه‌رچه‌نده سیاسه‌تی ده‌ره‌وه گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی لای ده‌نگده‌ری ئه‌مریكی نییه، یان نابێته جێگای مشتومڕی هاووڵاتییه‌كانی، به‌پێی یه‌ك له ڕاپرسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێگای گرنگیی ده‌نگده‌ری ئه‌مریكین، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه 4%ی ناو بازنه‌ی بابه‌ته‌كان پێكدێنێت، ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار كه‌مه له‌چاو بابه‌ته‌كانی تری وه‌ك ئابووری، دیموكراسی، كۆچ، ژینگه و له‌باربردن، ئه‌مه‌ش واده‌كات سه‌رۆكی ئه‌مریكا یان ئیداره‌كه‌ی له به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌ستكراوه‌بێت، بۆیه وڵاتان ناحه‌قیان نییه، ترسیان له سه‌رۆكی نوێ و سیاسه‌ته‌كه‌ی هه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌سێكی وه‌ك تره‌مپ، كه به سه‌رۆكێكی جیاواز له ڕه‌فتار و سیاسه‌ته‌كانی ناسراوه، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكێكه هه‌میشه خۆی واده‌رده‌خات، كه ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری له شێوازی ته‌قلیدیی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مریكادا بكات، ئه‌مه‌ش بووەته خاڵێكی گرنگ لای هاووڵاتییانی خۆی، بۆیه ئه‌مجاره به‌م شێوه به‌هێزه سه‌ركه‌وتنی وه‌ده‌ستهێنا. دۆخی خراپی ئابووری هه‌میشه خاكێكی به‌پیته بۆ ده‌ركه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی سیاسییه پۆپۆلیسته‌كان، دۆخی ئێستای ئه‌مریكاش له ڕووی ئابوورییه‌وه دوچاری هه‌ڵاوسان بووەته‌وه، بۆیه خه‌ڵكی ئه‌مریكا تره‌مپیان هه‌ڵبژارده‌وه.
له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و ئیسرائیل زۆر خۆشحاڵن به هاتنه‌وه‌ی تره‌مپ، ئێران نیگه‌رانه، ڕوسیاش دڵشاده و ئه‌ورووپا و ناتۆ و ئۆكرانیا نیگه‌رانن، هه‌ندێك له وڵاتانی عه‌ره‌بیش حه‌ز له چاره‌ی ناكه‌ن، به‌ڵام ناچارن، عێراقیش ده‌كه‌وێته دۆخێكی خراپ به هۆی گرووپه چه‌كداره‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران، دیاره هه‌ریه‌كه له‌و وڵاتانه له ڕروانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌ڕوانێته هاتنه‌وه‌ی تره‌مپ، بۆ ئیسڕئیل پاڵپشتییه‌كی بێ چه‌ند و چوونه، له‌گه‌ڵ توركیاش پێیوایه نابێت له‌ژێر هیچ تایتڵێك په‌یوه‌ندییه‌كان تێك بچن، له گه‌ڕی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیی خۆی، تره‌مپ به‌شێكی خاكی كوردستانی سوریای ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی په‌یه‌ده‌ی ته‌سلیمی توركیا كرده‌وه، دیاره ئێستاش توركیا چاوی له‌و به‌شه‌یه كه ماوه بۆ ئه‌وه‌ی تره‌مپ ته‌سلیمیان بكاته‌وه، سه‌باره‌ت به ئێران؛ هەڵوێستی تره‌مپ ڕوونه كه نابێت ئێران ببێته خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی، له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی پاراستنی ئاسایشیان به‌رانبه‌ر پێدانی پاره‌یه و ده‌ڵێت: هیچ لایه‌ك به‌لاش ناپارێزێت، ئه‌وه‌ی دیاره كێشه‌یه له سیاسه‌تی تره‌مپ، به‌ته‌نگ مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه نییه، زۆرتر مه‌به‌ستی چاككردنی بارودۆخی ئابووریی ئه‌مریكایه، بۆیه گه‌ر بتوانێت یارمه‌تییه‌كانی بۆ ناتۆ كه‌مده‌كاته‌وه، پێیوایه له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌گاته ڕێككه‌وتن، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆكرانیاش بێت، له‌سه‌ر ئاستی جیهانی گرنگی به ژینگه و ڕێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نادات، جاری پێشوو پاشه‌كشه‌ی له‌و ڕێككه‌وتنانه كردووه، چۆنێتی حكومكردنی وڵاتان بۆ ئه‌و گرنگ نییه، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی زامن بێت، بۆیه ده‌بینین زۆر دژی چینه، چونكه چین وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئابووری ده‌بینێت، پێیوایه ده‌بێت چین بوه‌ستێندرێت، ئه‌وانه‌ی پێیانوایه به هاتنی تره‌مپ جه‌نگه‌كان زیاتر ده‌بن، دیدگایه‌كی زۆر دروست نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه تره‌مپ له‌گه‌ڵ جه‌نگدا نییه، چونكه جه‌نگ واته لاوازیی ئابووری، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ دیدگای ئه‌و ناكۆكه، تاكه وڵات كه زۆر دژایه‌تی ده‌كات ئێرانه، ئه‌ویش به‌هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل، ئه‌گه‌رنا هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئێرانیش نییه، دیگای تره‌مپ بۆ سیاسه‌ت ته‌واو دیدگایه‌كی ئابوورییه و هیچی تر، پێیوایه ته‌نیا له ڕێگای ئابوورییه‌وه ئه‌مریكا مه‌زن ده‌بێته‌وه، دروشمه‌كه‌شی یه‌كه‌م ئه‌مریكایە، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئایا تره‌مپ ده‌توانێت دیدگای خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكادا بسه‌پێنێت، یان به شێوه‌یه‌كی تر هه‌موو سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بریتی بێت له دیدگای تره‌مپ؟ پێم وایه تا ڕاده‌یه‌ك له پرسه لاوه‌كییه‌كاندا ده‌توانێت سیاسه‌ت و دیدگای خۆی پیاده بكات، به‌ڵام له پرسه ستراتیژییه‌كان قسه‌ی كۆتایی بۆ سیسته‌مه نه‌ك بۆ تره‌مپ، چونكه ئه‌مریكا وڵاتی دامه‌زراوه‌كانه و دواجار سیسته‌م بڕیار ده‌دات نه‌ك كه‌سه‌كان.