دووبارە بوونەوەی ترامپ لە کۆشکی سپی و ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و پەیوەندییەکان

1002
شێرکۆ حەبیب
هەر لەو کاتەی دۆناڵد ترامپ رایگەیاند کەوا خۆی بۆ سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاندید دەکات، دڵە راوەکێ کەوتە نێوان هەندێ وڵات و لایانی سیاسی بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، و تەنانەت یەکێتی ئەوروپا و چین، نیگەرانن لە کردوەکانی ترامپ و دوو بارە بوونەوەی لە ئایندەی ئەم چوار ساڵە.
گومان لەوە دانییە ترامپ گۆرانکاری لە ناوچەکە دەکات، هەروەک لەماوەی ساڵانی رابردوو گوێ بیستی لێدوانەکانی بووین، ئەگەر ئەو لە دەسەڵات بوایە نە جەنگی یۆگرانیا و غەززە رووی دەدا، هەروەک خۆی رایگەیاند، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کەوا پاڵپشتی رووسیا و ئیسرائیل دەکات، و ئەگەری هەیە گرژیەکان پەرە بسێنێ، بەتایبەتی لەگەڵ چین و ئێران، بەڵام نابێ ئەوەمان لە یاد بچێت کە بارودۆخی ئیستای ناوچەکە هەر هەمان بارودۆخی پێش چوار ساڵی دەسەڵاتی ترامپ نییە، ناوچەکە زیاتر گڕی کرتووە، و هاوکێشەکان زیاتر ئاڵۆز تر بوونە بە تایبەتی گرفتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، لە ساتەوەختێک سەرجەم وڵاتانی عەرەبی تەنیا عێراق نەبێت کە ئەویش لە ژێر هەژموونی ئیرانە، ئەگینا سەرجەم وڵاتانی تر پەیوەندی دیبلۆماتی و ئابووریان لەگەڵ ئیسرائیل هێور کردۆتەوە بە شانشینی سعودیەشەوە کە لە ئارادایە، هەر ئەوەش وای کرد حەماس بە پشتوانی دەولەتێکی ئیقلمی هێرشێک بکاتە سەر ئیسرائیل لە ٧ی مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو تا ئەمرۆش بەردەوامە کە هەزاران هاووڵاتی سیڤیل بوونە قوربانی جگە لە دارمانی ژێر خانی غەززە.
سەرکەوتنی ترامپ و سەرکەوتنی پارتەکەی (کۆماری) دەرفەتێکی گرنگ و بایەخداری پێدەبەخشێت بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی بەهێز بەشێوەیەک هیچ بەربەستێک رێگری لە بڕیارەکانی ناکرێت.
ئەگەری هەیە ئەم سەرکەوتنە ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی چانسی راستەکان (الیمین) لە ئەوروپا و دارمانێک بێت بۆ لیبرالیەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەوروپا، هەر بۆیەش دەبینین ئەوروپا لە هەوڵی یەک گوتاریە، لە بڕی ئەو دڵەڕاوکێەی بەخۆیەوە دەیبینێت، بەتایبەتی (ناتۆ) کە ناچار دەبێت بەرپرسایەتی بەرگریکردن لە خۆیان بکات چ لە بواری سەربازی یا دارایی، ئەمە بە پێچەوانەی ڕوسیا لە کەشێکی شادی و دڵ خۆشی دا دەژی، جونگە ترەمپ ئەو هاوپەیمانەیە کە ڕوسیا زۆر کاری لەسەر دەکرد بۆ بەدەستهێنانی، ئێستاش دەتوانێت گرفتی یۆکرانیا چارەسەر بکات، بە پێچەوانەی رووسیا چین لە دڵە راوەکە دا دەژێت، ئەمەش دەگرێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ترامپ دژی چین کە زیاتر شەڕانگێزن و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی ئابووری و تەکنیکی نێوان ئەمریکا و چین لە ئارەدا بێت، وەک بینیمان لە گردبوونەوەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ و ڕاوێژکارە دێرینەکانی، چینیان وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سەیر دەکرد. ڕۆبێرت ئۆبراین، دوایین ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ لە ئیدارەی پێشووی ترەمپ، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی سی بی ئێس نیوزدا ڕایگەیاندبوو کە ئەولەوییەتییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ڕێگریکردنە لە داگیرکردنی تایوان لەلایەن چین.
ئێران دووهەمین بزوێنەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وایکردووە کە گواستنەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە ببێتە بژاردەیەکی دور لە راستی.
بەڵام ڕاوێژکارانی ترەمپ و کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ئێران بە تەحەدایەکی گەورە دەبینن، سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی چین لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن. ترەمپ لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان لە مانگی تەمموزدا قسەی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران نزیکە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، لە مانگی نیساندا ئیدیعای کرد کە ئێران زیاتر لە 230 ملیار دۆلاری یەدەگی نەختینی هەیە و عێراق – کە بووە بە موکلیفی ئێران – 300 چەکی ئەتۆمی کۆنترۆڵکردووە . ترامپ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئێران لە کۆتایی ئیدارەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ لە لێواری مایەپووچبوون دابوو و دەرچوونی لەو دۆخە بە هۆکاری سووککردنی سزاکانی بایدن دەزانێت
لە لایەکی دیکەوە تاران نیگەرانە بەڵام ئەنقەرە گەشبینە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ترامپ توندوتیژیی زارەکیی ڕوونی لە دژی ئێران نیشان دا و بەڵێنی دا کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆردومان بکات، بەڵام لێرەدا پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە هەمیشە هێرشی دەکردە سەر سیاسەتی دیموکراتەکان، و بە نەرمی و هاوکاری لەگەڵ ئێران تۆمەتباری دەکردن، ئەمەش وا لە ئێران دەکات کە سەرکردە (میانڕەوەکانی) خۆی بخاتەڕوو، وەک سەرۆک و جێگری سەرۆکەکەی ڕووبەڕووی ببنەوەو بۆ ئەوەی نەرمی نیشان بدەن، و لە هەمان کاتیش هەوڵ بدات بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەیان بە زووترین کات.
وەبیرهێنانەوەش بەسوودە کە ستراتیژی دیپلۆماتی «پڕۆژەی ٢٠٢٥» پێشنیاری کەمکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین کردبوو، بەڵام داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا کرد. ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ڕۆشنایی کێبڕکێی جیهانی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و چین، دەبێت ئەمریکا دڵنیابێت لەوەی تورکیا لە کەمپی ڕۆژئاوادا بمێنێتەوە، لە پلانەکەدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەمە ڕەنگە پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت لەکاتێکدا واشنتۆن پشتگیرییەکانی بۆ یەپەگە/پەکەکە ڕادەگرێت، کە ئەنقەرە پێی وایە «مەترسی وجودی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات».
ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨دا دوای دەستبەسەرداگرتنی دوایین مۆڵگەی داعش، ویستی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری قەناعەتیان پێکرد بە سەختی دەرچوون لەو هێزە کەمبونەوەیە ئەمریکییە کە تا ئەمڕۆش لەوێ ئامادەیە.
سەبارەت بە تورکیا، ئەزموونی لەگەڵ دیموکراتەکان خراپە، بەتایبەتی لە پرسی کورد لە سوریا، پەیوەندی ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپ دۆستانەترە لە پەیوەندی سەرۆکی تورکیا لەگەڵ بایدن و ئیدارەکەی.
دوای دەیان ساڵ لە بەردەوامیی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا هێشتا لە ناوچەکەدا نوقم بووە. سێ سەرۆکی یەک لە دوای یەک لە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئاسیا ڕۆیشتوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چینێکی سەرهەڵداو، بەڵام هەر سێ سەرۆکی ئەمریکا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن. شەڕە ناوخۆییەکانی ئێران، تیرۆر و سیاسەتی فراوانکردنی ناوچەیی پێویستی بە دەستێوەردانی ئەمریکا هەبووە. ئێستا پێویستە ئیمتیازاتی کارکردنی جددیتر لەسەر پرسی فەلەستین بخرێتە لیستی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە سەرمایەی دیپلۆماسی ئەمریکا هەیە.
لە کاتێکدا ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی داڕمان دەبێتەوە، ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا ڕەنگە زیاتر لە جاران بیەوێت ئاساییبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و سعودیە ببێتە لەنگەری سەقامگیری ناوچەکە. مەرجێکی پێویست بۆ گەیشتن بە دەستکەوتێکی لەو شێوەیە، نوێبوونەوەی پابەندبوونی ئەمریکا دەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بژاردەیی. فاکتەرێکی دیکە کە واشنتۆن و بەتایبەتی پنتاگۆن لەڕووی پێکهاتەییەوە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەهێڵێتەوە، ڕێککەوتنی ئەمنییە کە ڕیاز داوای دەکات.
لەگەڵ دەست بەکار بوونی ترامپ کۆمەڵێک بۆ چوون و پرس و پرسیار سەر هەڵدەدات، ئایا ترامپ هەمان سیاسەتی پێشووی پیادە دەکات ئەگەر چی بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز و گۆراوە، ئایا رۆژهەڵاتی ناوەراست بەم شێوەی ئیستای دەمێنتەوە؟ ئایا ئارام دەبێت یا زیاتر گرفت و کێشە لە خۆ دەکرێت؟ بەڵام ئەمانە هەمووی لە دیدو بۆ چوونی ترامپ سەرچاوە وەردەکرێت کە بەڵێنی بە ئەمریکیەکان داوە بەرژەوەندیەکانیان زیاتر بپارێزێ و ئەمەریکایەکی بەهێز تر.
ئەمانە هەموو لە لایەک و کوردیش کە بەشێکە لە گرفتەکان و هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوچەکە، ترامپ چ هەلسوکەوتی دەبێ لە ماوەی چوار ساڵی حوکمرانی، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆڵی کورد لەو هاوکێشەیە ئیستا لە ئارادایە کە دەبێ کورد بە ژیری و هەستیاری مامەلە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی ترامپ بکات، بەڵام لە هەموو گرنگ تر یەک ریزی نێو ماڵی کوردە کە ئەمە بەردی بناغەی هەموو هاوکاری و پشتوانی دەرەکییە، و نابی سەرجەم هێلکەکان بخەینە ناو سەبەتەی ئەمریکا جونگە مێژوویەکی پرشەنگدارمان لەگەڵیان دانییە، و نابی بە بەڵینەکانیان دڵخۆش بین، کاتی کە جۆ بایدن جێگری سەرۆک بوو عێراقی بۆ سێ پارچە دابەش کرد، بەڵام کە بوو بەسەرۆک ئەوەی لە یادی نەبوو کورد بوو، و وای زانی رادیۆیە، بۆیە ئەو زل هێزانە جێگای متمانە نین، تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵ دەدەن، و لەگەڵ کورد مێژوویەکی تاڵیان هەیە و نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ مان لە یاد نەچووە، بۆیە یەک ریزی و یەک دەنگی کورد زامن پاڵپشتی نێودەولەتیە، ئەگەر هەندێ دەولەتی ئقلیمی لە هەوڵی زیاتر لێک ترازانی نێو ماڵی کورد، بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان.بەڵام کورد دەبێ لەوە هوشیار تر بێت