
خەبات ـ عەلی بانیشاری
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ ساڵی 2025 لە پڕۆسەی بە بازاڕكردنی دانەوێڵە 300 هەزار تۆن گەنم كەمتر لە ساڵی 2024 لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت. بڕیارەكەی وەزارەتی بازرگانیی نیگەرانی جووتیارانی لێكەوتووەتەوە و ترسیان لەوە هەیە ساڵی داهاتوو ((بەرهەمی گەنم بە ئاسانی ساغ نەبێتەوە)). بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر دەڵێت: بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق سیاسییە و كاریگەری دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی داچاندنی گەنم. وەزارەتی بازرگانیی عێراق هاوشێوەی ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێك گەنمی نمرە یەك بڕی 850 هەزار دیناری دیاریكردووە.
هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر بە (خەبات)ـی گوت: ئەو ڕێژە گەنمەی حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2025 دەستنیشانكردووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 300 هەزار تۆنی كەمترە. گوتیشی: پلانی بەبازاڕكردنی گەنم بۆ ساڵی 2025 لە سەرانسەری عێراق دیاریكراوە وەكو ساڵی ڕابردوو نییە كراوە بێت و هەرچی بەرهەمی جووتیاران هەیە بە بازاڕ بكرێت. وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ وەرزی نوێی پڕۆسەی بازاڕكردنی دانەوێڵە تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی بۆ سەرانسەری هەرێمی كوردستان دیاریكردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی داتاچاندنی زەوییەكان و تۆماركردنی ناوی جوتیاران و پلانی بەبازاڕكردنی دانەوێڵە، ڕێژەی وەرگرتنی گەنم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر جوتیارانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە دابەش دەكرێت، بۆ ئەوەی هەر جووتیارێك ڕووبەری خۆی بۆ وەرزی نوێی داچاندن بزانێت.
زیاتر گوتی: لە ئێستاوە جووتیاران ئاگادار دەكەینەوە، ئەو ڕێژەی گەنمەی پارساڵ بە بازاڕكراوە، بۆ ساڵی 2025 بە بازاڕ ناكرێت. جەختیلەوەشكردەوە، كەمكردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم پەیوەندی بە حكوومەتی عێراقەوە هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرس نییە. دووپاتیكردەوە، دیاریكردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بڕیارێكی سیاسییە، نەك خزمەتكردن بە بودجەی گشتیی وڵات.
باسیلەوەشكرد، لە پڕۆسەی بازاڕكردنی دانەوێڵە (هەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر باری ئەو گوشارەی كە حكوومەتی عێراق دەیكات و سەپاندوویەتی).
سەبارەت بە ڕووبەری داچاندنی گەنم بۆ ساڵی نوێ، هێمن سەید موڕاد گوتی: لەبەرئەوەی هێشتا بارانی پێویست لە پارێزگای هەولێر نەباریووە و بە فراوانی داچاند دەستیپێنەكردووە، زانیاری دروستمان سەبارەت بە ڕووبەری داچاندنی گەنم بۆ ساڵی نوێ لە بەردەست نییە، بەڵام بێگومان دیاركردنی ئەو ڕێژەیە لە گەنم لە پڕۆسەی بازاڕكردنی دانەوێڵە بۆ هەرێمی كوردستان كاریگەری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی داچاندنی گەنم.
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، تاوەكو دوێنێ شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، لە پارێزگای هەولێر تەنیا 12.6 ملم بارانباریووە. بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بێت تائێستا لە پارێزگای هەولێر پەڵەی نەداوە. شارەزایانی كەرتی كشتوكاڵ دەڵێن (بۆ پەڵەدان پێویستە زیاتر لە 30 ملم بارانبارێت، تاوەكو جووتیاران بتوانن دەست بە داچاندنی گەنم بكەن).
ئەوەشی گوت: لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ دەكەین و هەوڵدەدەین ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بەرچاوڕوونی تەواومان لەسەر ئەو پرسە نییە كە ئایا ڕێژەی وەرگرتنی گەنم زیاد دەكرێت یان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەو پێیەی حكوومەتی عێراق بڕیاری خۆی لەسەر ئەو ڕێژەیە داوە.
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی جوتیارانی پارێزگای هەولێر لای حكوومەتی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە پڕۆسەی بازاڕكردنی گەنم ماویانە، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر گوتی: لە پڕۆسەی بازاڕكردنی گەنم بۆ ساڵی 2024 جوتیارانی پارێزگای هەولێر بای نزیكەی 180 ملیار دینار گەنمیان ڕادەستی سایلۆ كرد، لەو بڕە تاوەكو ئێستا تەنیا نزیكەی 80 ملیار دیناریان وەرگرتووە و 100 ملیار دیناریان لای حكوومەتی عێراق وەكو قەرز ماوە.
ئەمساڵ جوتیارانی پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی سایلۆی هەولێر و قوشتەپە توانیان 222 هەزار و 159 تۆن و 760 كیلۆگرام گەنم ڕادەستی هەردوو سایلۆكە بكەن، ئەوە لە كاتێكدایە وەزارەتی بارزگانیی عێراق بۆ ساڵی 2024، بڕی 228 هەزار تۆن گەنمی بۆ پارێزگاكە دیاریكردبوو كەوا بە بازاڕی بكەن، واتە جووتیارانی پارێزگای هەولێر لە 97.4%ـی ئەو گەنمەیان بە بازاڕ كردووە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆیان دیاریكرابوو.
هێمن سەید موڕاد دەڵێت: حكوومەتی عێراق بەڵێنی بە وەزارەتی بازرگانیی داوە پڕۆسەی ناردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران خێراتر بكات و لەو نزیكانە 150 ملیار دیناری دیكە بۆ هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم ڕەوانە بكات. دەشڵێت: بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان گەشبینییەكی پێوە دیارە. ئەوەشی گوت: دواكەوتنی خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بوو كە حكوومەتی عێراق لەسەرەتای پڕۆسەی بازاڕكردنی دانەوێڵە بە جووتیارانی ئێمەی دابوو، بەشێوەیەك ئەمساڵ شایستە داراییەكانیان زوو بۆ خەرج بكات، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی فیدڕاڵیی خاوەن بەڵێنی خۆی نەبوو.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ ڕاشیگەیاند: گرفتێكی یاسایی نییە تاوەكو شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج نەكرێت، ئەوەی هەیە تەنیا سستییەكە لە پڕۆسەی خەرجكردنە و لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بە زووترین كات پارەی گەنم خەرج بكرێت.