خەبات ـ شلێر كۆیی
چاندنی گەنم هاوشێوەی بەروبوومەکانی دیكەی كشتوكاڵ، كە بە بەروبوومی زستانە دادەنرێت، پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکار، گرنگترینیان کاتی داچاندن یان وەرزی داچاندنە. سەبارەت بە چاندنی گەنم، دەتوانرێت پرۆسەی چاندنی گەنم لە سەرەتای مانگی یازدەی ساڵەوە دەست پێبکات و لە هەندێك شوێندا تا ناوەڕاستی مانگی یەك بەردەوام دەبێت.
داچاندنی گەنمی دێم
گەنم یەکێکە لەو دانەوێڵانەی لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و بە سەرەكیترین پێداویستی ژیانی مرۆڤ دادەنرێت، ئەو دانەوێڵەیە هەرچەندە لە کەشوهەوای جۆراوجۆر و خاکێکی بەرفراواندا گەشە دەکات، لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانیشدا دەچێندرێت، بەڵام لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان داچاندنی گەنمی بەراو لە كۆتایی مانگی 10 و سەرەتای مانگی 11 دەست پێدەكات، دوای ئەوەی زەوییەكە پاراو دەكرێت یاخود بارانێكی پاییزە دەبارێت، بەگشتی زەوی دێم پێویستی بە بارانی پەڵە هەیە و دەبێ یەكەمین بارانی پەڵە نزیكەی 40 سانتیمەتر زەوی تەڕ كردبێت، بۆیە لە زۆرترین شوێندا داچاندنی زەوی دێم دەكەوێتە سەرەتای مانگی 11 و داچاندنی زەوی دێم پێویستە بە جۆرێك تۆو بێت، كە ئاوی كەمی بوێت.
داچاندنی گەنمی بەراو
لە هەندێك وڵاتی جیهاندا كە ڕێژەی بارانبارینیان لاوازە، ناچارن گەنمی بەراو بچێنن، ئەو داچاندنەش پێویستی بە ئاودانی زۆر هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتەكان پشت بە ئاودێری و ئاوی رووبارەكان دەبەستن، بەڵام كاتی چاندنیان زیاتر دەكەوێتە دوای مانگی 12 و زۆرتریش لەو زەوییانە دەچێندرێت، خاكەكەیان وشك و بەردەڵانە، یاخود خاكەكەیان تەخت نییە، جووتیاران لەم ناوچانە ناچارن ئەو زەویانە ئاوبدەن و لەم شوێنانە تا ناوەڕاستی مانگی سێ ئاودانی گەنم بەردەوام دەبێت.
جۆرەكانی گەنم لە هەرێمی كوردستان
باوترین جۆری گەنم كە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەچێنرێت، گەنمی (ئەكساد، ڕەشگوڵ، قەندەهاری، زەردەگەنم و گەنمسپیكە)ـیە، بەڵام لە ساڵی 1964دا بۆ یەكەمینجار جۆرێكی دیكەی گەنم هاوردەی عێراق كرا، كە بە گەنمی ماكسیپاك ناسراوە و دوای سێ ساڵ دەست بە چاندنی كرا.
گەنمی ماكسیپاك لە ئێستادا بەربڵاوترین جۆری گەنمە كە لە هەرێمی كوردستان دەچێندرێت و پێویستی بە نزیكەی 500 ملیم بارانبارین هەیە بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو، كە فراوانترین ڕووبەری داچاندنی لە هەرێمی كوردستان و عیراق داگیر كردووە.
چاندنی گەنمی ماكسیپاك لەگەڵ ئاووهەوای هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە و بڕی بەرهەمەكەی بەرزە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا بۆ ئارد بەكار نایەت، بەڵكو بۆ پێداویستی دیكەی خۆراكی رۆژانە سوودی لێ وەردەگیرێت و بەپێی توێژینەوە كشتوكاڵییەكان خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جۆرەكانی گەنم لەبارە.
ستانداردەكانی بەكارهێنانی گەنم
جیا لە بەكارهێنانی گەنم بۆ مەبەستی ئاژەڵداری و پەروەردەكردنی باڵندە و پەلەوەر، بەپێی ستانداردە جیهانییەکان هەر تاکێکی سەر گۆی زەوی لە ساڵێکدا پێویستی بە زیاتر لە 70 کیلۆ گرام گەنم هەیە، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی رۆژانەی. لە ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی، گەنم دەچێندرێت و جوتیارانی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن و نیو تەن گەنم بەرهەم دەهێنن، بەڵام هەر تاكێكی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 130 کیلۆ گرام گەنم هەیە. بەم پێیەش هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 870 تەن گەنم بۆ پێداویستی ناوخۆ هەیە و زیاتر لە 600 هەزار تەن گەنم بۆ هەناردەكردن بەرهەم دەهێنێت و بڕشتی هەر دۆنمێکی بە گەنم داچێندراوە جگە لەو ساڵانەی كە وشكەساڵی بووە و باران كەم باریووە، بەرهەمەکەی زیاتر لە 400 کیلۆ گرام بووە.