کارۆخ خۆشناو
لەسەر بانگهێشتی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ساڵی پار و ئەمساڵیش دەرفەتی سەردانیکردنم بۆ وڵاتی چین بۆ فەراهەم بوو، ئەو جیاوازیەی لە ڕووی پێشکەتنەوە لە نێوان ئەم دوو سەفەرەدا بینیم جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، چونکە خەڵکی چین شەر لەگەڵ کات دەکەن و شەو و ڕۆژ کار دەکەن، وەک دەڵێن، ئاو ڕابوەستێ خەڵکی چین ڕاناوەستن، بۆیە لە ڕوی ژێرخان و سەرخانەوە موعجیزەیان خوڵقاندووە.
لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوو چین وڵاتێکی هەژار و داخراوبوو، پاش کرانەوەی بە سەر جیهاندا ئەمڕۆ چین یەکێکە لە زلهێزە ئابورییەکانی دونیا و خواستی هەیە کە ببێتە یەکێک لە زلهێزە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەتا وەک جەمسەرێک لە جەمسەرەکانی دونیا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، چین ئەم وەرچەرخانە وەها دەبینێت کە تەنها گەڕانەوەیە بۆ ئەو دۆخ و ئاراستەیەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چین هەیبوو. لە مێژوودا چین بە چەنگگۆ Zhongguo (中国) ناسراوە، کە بە مانای پانتایی ناوەند یان بە شێوەیەکی فراوانتر بە شانشینی ناوەند ناسراوە، بەڵام پاش هاتنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی چین ئەم پێگە ناوەندییەی لە دەستدا، ئەمڕۆ دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە.
پێشکەوتنی چین لە ماوەی (٣٠ـ٤٠) ساڵی رابردوودا لە زۆر بواردا سەرسوڕهێنەرە، چین بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕایبگەیەنێت دەیەوێت بە شێنەیی وەک جەمسەر و وهێزێکی تازەی جیهانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش لە ڕێگای نمایشکردنی ژێرخان، سەرخان، تەکنەلۆژیا، بازاڕ، ئابووری، کاڵا و هێزی نەرم. لەم رێگەیەوە خەریکی ئەوەیە ببێت بە جەمسەرێکی پێشکەوتووی جیهان. بە جەمسەربوون بەلای چینییەکانەوە ئاوێتە و تێکەڵە بە پڕۆژەیەکی تر کە بە (رێگەی ئاوریشم) یان پشتێنە و رێگە (Belt and Road initiative) ناسراوە.
ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا بەلای چینییەکانەوە، پێکەوەبەستنەوەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کردنی چین بە پانتایی ناوەند. ڕێگا دروستکردن هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی ئمپراتۆریەتەکان. ئەوەی ئینپراتۆریەتی ڕۆمی پێدەناسرێتەوە لە هەموو شتێکی تر زیاتر دروستکردنی ڕێگایە. پشتێنە و ڕێگاش پرۆژەی ئامادەبون و پەیوەستکردنی چینە بە دونیا و هەروەها دونیا بە چینەوە. لەم ڕوانگەوە دەکرێت چەند رەهەندێکی جەمسەربوونی چین دەستنیشان بکەین:
1ـ چین بەهەمانشێوەی روسیا دەیەوێت رابردوو و یادەوەری و سنور و کەلەپورە سیاسی-فکرییەکەی لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بیر دنیا و گەلانی ناوچەکە بهێنێتەوە. سەرەتا نەخشەی کۆن بیر خەڵک دەهێنێتەوە کە دوێنێ چی بوویت و چۆن ژیاویت. بەیانی دەتەوێت ببیت بەچی و چۆن دەردەکەویت! ئەمە کڕۆکی داڕشتنی هێز و بەناوەندبوونە بۆ چین.
2ـ لەهەناوی ئەم ستڕاتیژ و هێلکارییەدا ناسیۆنالیزمی چینی ئامادەیە بەڵام تێکەڵ بە چەپی چینی، وەک چۆن ڕوسیای پۆتین هەندێک جار ئاماژە بە روسیای قەیسەری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە. چینیش هەوڵێکی وا دەدات لەڕێگەی ئیتنۆ-کۆمۆنیزمەوە بەڵام بەبێ ئەوەی سەروەری هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و پشتیوانی گڕووپی جوداخواز و کەمینەکان بکات. چونکە چین لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە و تۆڕێکی فرە پێکهاتەیە و پڕە لە ئەکتەری جیاواز و ئیتنیکی جوداخواز.










