پاراستنی پرەستیژی پەرلەمان بەپێی پێوەری شایستەبژێری

180

کاروان کەریمخان
بەپێی ناسینی نیزامی جیهانی، زۆرینەی نەتەوە و دەوڵەتان بەگوێرەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان ڕوویان لە سیستەمی دێموکراسی کردووە، بۆیە خوێندنەوەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی بۆ هەڵبژاردن و ڕەفتاری حزبەکان و ئاستی کاندید و پەرلەمانتار و دەنگدەران، بەمەبەستی تێگەیشتن لە ئاستی کۆمەڵگە و نوخبەکان و بنەجێ بوونی فەرهەنگی دێموکراسی، گرینگییەکی زۆری پەیدا کردووە. بەو خوێندنەوەیە پرەستیژی دامەزراوەی پەرلەمانەکانیش دەردەکەوێت.

لەو ڕێڕێەوەدا، هەرێمی کوردستانیش لە سەرەتای دامەزرانییەوە پەرلەمانی کردە هێمای کیان و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کوردستان و هەڵبژاردنی کردە ڕبە و پێوانەی دابەشین و دابەشینەوەی دەسەڵات. لە ڕووی پێگەی نێودەوڵەتییەوە، دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان گرینگترین و بەهادارترین دامەزراوەی سیستەمی کوردستانە و نیشانەی گەشەسەندن و شارستانیەتی خەڵکی کوردستانە کە هێڵ و ئاراستەی سیاسی و پێشکەوتنی وڵات و گەشەی کۆمەڵگە وێنا دەکات. بۆیە گرینگە پرەستیژی ئەو پەرلەمانە لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە ئامرازی شایستەبژێری بپارێزرێت و تواناسازیی کاندیدان و پەرلەمانتاران بەرزتر بکرێتەوە.

بۆ ڕاگرتنی پرەستیژی پەرلەمان، جگە لە دروست کردنی بینایەکی سیمبولیکی خەمڵاو بە مەتریالە مێژویی و فەرهەنگییەکانی کورد، پێویستە حزبی جێ متمانە و کەسانی شیاو، کە پسپۆڕایەتیی زانستی و بەڵێندەرایەتییان بە نەتەوە و نیشتیمان هەبێت، بچنە پەرلەمان. ئەمەش تەنیا بە میکانیزمی شایستەبژێری دەکرێت. واتە حزبەکان شیاوترین کەس بەربژێر بکەن و تاکەکان و ئەندامانی حزبەکانیش بەپێی پێوەری شایستەیی داوای چوونە پەرلەمان بکەن و هەروەها دەنگدەرانیش بەگوێرەی شایستەبوون دەنگ بدەنە حزبێکی شیاو و نوێنەرێکی شایان.

کەسی بەئاگا و تێگەیشتوو بیر لە چارەنووسی خۆی و وڵاتەکەی دەکاتەوە و بەو پێوەرە دەنگ دەدات. میللەتی گەشەسەندوو لەجیاتی ناوچەسالاری بە بیری نەتەوەسالاری و نیشتمانپەروەری دەنگ بە بەرنامەی حزبێک دەدات کە ناسنامەیەکی دیاری هەیە و لە ناو کۆمەڵگەدا سەری هەڵداوە. دەنگ بە لایەنێک دەدات کە دەسەڵاتی سەربەخۆی یاسادانان دەکاتە هۆی پاراستنی ئەمنیەتی هەموو دانیشتوویەک. دەنگ دەداتە لایەنێکی نەتەوەیی و گەشەخواز کە سیاسەت و ئەخلاق و ئەدەب و ڕەفتاری بەرز و بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئاسایشی نەوەی داهاتوو لە یەکتر جیا ناکاتەوە. دەنگ دەداتە لایەنێک کە ڕێز لە مرۆڤ و وڵات دەگرێت. لە ناو لیستی حزبیشدا دەنگ بە شایستەترین کەس دەدات بۆ ئەوەی شایستەسالاری و پسپۆڕتەوەری بنەجێ بێت، تاکوو بەو کلیلە دەرگەی چارەی کێشەکانی خەڵک بکرێنەوە. بەو نیگایەوە، بۆ پاراستنی پرەستیژی پەرلەمانی کوردستان پێویستە بزانین دەنگ بە کام حزب بدەین و لەناو حزبیشدا بەپێی کەسایەتی و ئاستی خۆمان دەنگ بە کاندیدێک بدەین. بەو جۆرە شیکردنەوەی ڕەفتاری هەڵبژاردن و کۆمەڵگەی سیاسی هەڵدەسەنگێت و ئاست و شوناسی هەر دەنگدەر و کاندیدێکیش دەپێورێت.

بۆ ئەوەی دەنگ کاریگەری لە سەر سیاسەت و کردەوەی حزبەکان و حاکمییەت هەبێت، گرینگە دەنگ بدرێتە کەسانێک کە لە بەرانبەر خەڵکدا بەرپرسیارن و بۆ بەرگری کردن لە خەڵک دەنگیان دلێرە و هەم خۆیان وەڵامگۆن و هەم بۆ خەڵک بە دوای وەڵامی عەقڵپەسەنددا دەگەڕێن. دەنگ بدرێتە ئەوانەی کە جگە لە ئاستی بەرزی زانستی پەیوەندیدار و بەڵێندارێتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کەسایەتییەکی پوختە و پێگەیشتوو، جێگیر و دامەزراو و میزانیان هەیە و ئابڕووی کۆمەڵگە و حکوومەتی کوردستانیان بۆ لە سەرووی هەموو شتێک بێت، ئەمە خۆی دەبێتە هۆیەک بۆ ئەوەی زەمینەی شایستەسالاری خۆش بکرێت.

هەموو کاندید و پەرلەمانتارێکیش دەبێ ئەوە بزانن کە لە ڕووی ئاستناسی و کەسایەتی و دەروونناسییەوە ڕەفتاری ئەوان هەڵدەسەنگێندرێت. بۆیە پێویستە پێشوەختە کاندیدی پەرلەمان خۆی داوای ئەوە بکات بە چەندین فیلتەری زانستی و بەڵێنداریدا تێبپەڕێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بەو نیگایەوە، گرینگە کاندیدەکان ڕۆشنبیریی هەڵبژاردنیان لە ئاستێکی بەرزدا بێت و ڕیسالەتی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بزانن. ئەرکی پەرلەمانتاران هەر دانانی یاسا و کاروباری بودجە نیە، بەڵکوو چاودێری و هەڵسەنگاندنی یاسا و کەلک وەرگرتنە لە یاسایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک. هەر ئەوەندە ئەرکە پێویستی بە پسپۆڕایەتی و بەرپرسیارەتییەکی قورسی ئەخلاقی، نەتەوەیی و مێژویی هەیە.

لە ڕووی کامڵبوونەوە، پێویستە کاندید لە تەمەنێکدا بێت کە عەقلی گەشەی کردبێت، زەینی بیرکارییانەی هەبێت، هۆش و ئای کیوی (IQ) لە سەرێ و دەرکی ورد و دووربینی هەبێت و کەسێکی داهێنەر بێت. لە ڕووی زانستییەوە، خاوەنی بڕوانامەی زانستگەیەک بێت کە ناسراو و بەرز بێت و جێی شانازی بێت، نەک بڕوانامەی بەشێکی ناپەیوەندیدار بۆ گەیشتن بە پلە وەربگرێت. لانی کەم زمانێکی زیندووی دونیا، کە گرێی بداتەوە بە زانست، بە باشی بزانێت و شارەزاییەکی باشیشی لە فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی و زمان و زاراوەکانی کوردی هەبێت. بتوانێ توێژینەوە و سمینار لە ناوەندە ئاکادیمییەکانی ناوخۆ و دەرەوە ساز بکات و قەڵەمێکی بە بڕشتی هەبێت و بتوانێ لە سەر بابەتێک بەپەلە نووسینێکی شیکاریی قووڵ بنووسێت و لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا کەسێکی قسەزان و پاراوگۆ بێت و بەردەنگی زانای هەبن.

بۆ ئەوەی توانای شیکردنەوەی نزم نەبێتەوە، نابێ کاری پەرلەمان ببێتە هۆی دووربوونەوە لە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنی بەردەوامی. کەسێکی هەوڵدەر و تێکۆشەر بێت و ماندوویی نەناسێت. کەسایەتییەک بێت کە ناوەندە ئاکادیمی و زانستیەکانی ڕاستەقینە پشتیوانی لێ بکەن و لای نوخبە ئاکادیمییەکان پەسەند بێت بۆ ئەوەی ڕاوێژی پسپۆڕییانەی پێ بدەن. پەرلەمانتارانی بەتوانای پێشوو و بەشی دادوەری مۆری پەسەندی لێ بدەن. ئەزموونە زانستییەکەی و پێشینەی کارەکانی وای کردبێت کە لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەت گوێی لێ ڕابگیردرێت. شارەزای ئیکۆسیستەمی زانست و لێکۆڵینەوە بێت و فێری کاری تیمی بووبێت بۆ ئەوەی بتوانێ لە ناو هاوقەتارانی ئاکادێمی و ئەندامانی پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکاری و خەڵکدا کاریگەری هەبێت و تۆڕی بەردەنگەکانی بەرین و بەهێز بکات.

جگە لە پسپۆڕییەکی پەیوەندیدار و دیسکۆڕسێکی دیار، دەبێ خوێندەوارییەکی قووڵی سیاسیشی هەبێت و لە سیاسەتی ڕۆژ و سیاسەتی ناوچەیی و سیاسەتی جیهانی بزانێت. توانای شی کردنەوەی دووربینانەی هەبێت و بە ئەزموونی کاری و سیاسی توانیبێتی زانستی زمنی کۆ بکاتەوە. زانستێکی ڕێژەیی لە واری کۆمەڵناسی، ئابووری، یاسا و فەرهەنگدا هەبێت. توانای زانستی بەڕێوەبردنی لە بەڕێوەبەران زیاتر بێت بۆ ئەوەی بتوانێ چاودێریی بەڕێوەبەران بکات. نەک هەر دەبێ بە زانست و توانای خۆیەوە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی یاسادانان هەبێت، دەبێ کاریگەری لە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکاریش هەبێت. واتە، لە ناو بەشی جێبەجێکاریدا چاوی تیژبینی هەبێت و سێرە لە هەموو کردەوەکانی کاربەدەستانی جێبەجێکار بگرێت.

بیرکردنەوەی ستراتیژیکی بۆ پرس و بابەتەکان هەبێت و بتوانێ بیرۆکەی گونجاوی کارساز و کاریگەر بۆ وڵات گەڵاڵە بکات. لانی کەم دەبێ ئاگاداری پرسە سەرەکییەکان بێت و بزانێ کە چ شتێک بابەتی ئێستایە. دەبێ ئاگاییەکی مێژوویی لە ناوچەکە و کوردستان هەبێت و هەموو کۆمەڵگەی بازنەی هەڵبژاردنی خۆی بە شێوەیەکی ئاماری و فەرهەنگی بناسێت. بە تایبەتی دەبێ توانا و دەرفەت و مەترسییەکانی سەر پێشکەوتنی بازنەی هەڵبژاردنی خۆی بناسێت. لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ناوەندە خۆبەخشە گشتی و ناوچەییەکان لە پەیوەندیی کاریدا بێت. جگە لە ئاگاداربوون لە کێشەکانی گشتیی وڵات، ئاگای لە کێشە سەرەکییەکانی ناوچەکەی خۆی بێت.

پێویستە شارەزای ستراکچەر و دامەزراوەکانی سەر بە پەرلەمان بێت و لەبارەی پەرلەمانەکانی وڵاتان خوێندنەوە و زانیارییەکی چاکی هەبێت. لە تەکنەلۆژیا بزانێت و توانای ئەوەی هەبێت لە سەر سیستەمی پەرلەمان توێژینەوەیەکی شیاوی چاپ لە ژوورناڵێکی نێودەوڵەتیدا بڵاو بکاتەوە. توانای زانستییەکەی بایی ئەوە بکات لە یەکێک لە کۆمیسیۆن و لێژنە تایبەتەکاندا بەرپرسیارێتی وەربگرێت و بتوانێ، جگە لە توێژینەوەی زانستی، ڕاپۆرتی لێژنەی پەیوەندیدار بنووسێتەوە. شیاوی ئەوە بێت پۆستێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش وەربگرێت. دەبێ کەسێک خۆی کاندید بکات کە ئەوەندە شایستە بێت ڕووی ئەوەی هەبێت بۆ پەرلەمانی وڵاتێکی پێشکەوتووش خۆی کاندید بکات و بتوانێ لە پەرلەمانی وڵاتێکی پێشکەوتوودا بۆ پەرلەمانتاران و حزبەکانی ئەو وڵاتە قسەی زانستپەسەند و عەقڵپەسەند بکات.

لە ڕوی کەسایەتییەوە، پێویستە کاندید شایستەیی کۆمەڵایەتی هەبێت. روح و ڕەوانی بە ئەخلاقی بەرز خەمڵابێت. کەسایەتییەکی ڕێزدار، سەنگین، پابەند، ڕوون و یەک ڕوو و سەقامگرتووی هەبێت و نۆڕم و ئەرزشەکانی جیهانی و خۆماڵی بە هەند دابنێت. هەمیشە بەردەست، ڕاستگۆ و بوێر بێت. سەربەخۆییخواز و ئازا و پارێزەری یاسا بێت. ڕەفتاری ئەرێنی و هاوسەنگ بێت. خاکینە و خەڵکانی بێت و دەردی خەڵک هەست پێبکات و نیازیان بناسێت و هەژاردۆست بێت و دوور بێت لە لووکسگەرایی. هەڵگری بەرپرسیارێتی بێت و توانای بەرگری لە مافی خەڵک هەبێت و لە بەرانبەر ڕەخنەدا لەسەرخۆ و سەبوور بێت و بەخۆداچوونەوە و چاکسازیی دەروونی پیشەی بێت.

بۆ ئەوەی پرەستیژی گەل و ناوچە و حزب و پەرلەمان بە بەرزی ڕابگرێت، کاندید دەبێ کەسێکی خۆسازکراو بێت و شەئنی تایبەتی خۆی هەبێت و نانی خانەوادە، ناوچە، جوانی، خەبات، خوێنی شەهیدان و شانازیی هونەری و وەرزشی نەخوات. پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دینی و زانستیی خۆی نەکاتە ڕانتی هەڵبژاردن. بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندیی خۆی دابنێت و گەورەترین ئامانجی پێشکەوتنی وڵات بێت. “ددانی تەمەعی ناوبانگ و گەیشتن بە پلە و پۆست بکێشێت” و لە ڕێگەی پەرلەمان سەروەت کۆ نەکاتەوە و بەپێی توانای خۆی بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و هەرگیز نەچێتە ناو بازنەی بەرژەوەندیخوزان. بە بێ یارمەتیی حزب و حکوومەت توانای ئەوەی هەبێت ژیانی ئابووریی خۆی بە شێوەیەکی ڕەوا و شەڕافەتمەندانە بەڕێوە ببات. بەبێ مووچە و ئیمتیازیش لە پەرلەماندا بەرگری لە وڵات و مافی هاووڵاتیان و دانیشتووانی وڵات بکات. لە بەرانبەر دەرد و ڕەنجی خەڵکدا بەرپرس بێت و وەکیل و پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بێت و بە دڵسۆزی و هاودەردییەوە بێتە مەیدان.

دەبێ تۆو و توخمی پێکەوەژیانی سیاسی و فەرهەنگی لە دەروونی خۆیدا ڕەگی داکوتابێت ئەو کات دەتوانێ بچێتە ژێر بانی پەرلەمانێک کە سیمبولی دێموکراسییە. پەرلەمانتار بێ ئەوەی بیەوێ ببێتە سەروچاوێکی مێدیایی خەڵک بێزارکەر، دەبێ بۆ بابەتی پەیوەست بە کردەوەی خۆی بتوانێ بە ڕەوانی و شەفافی لە بەرانبەر خۆی و خەڵک و ڕاگەیاندنەکاندا وەڵامگۆ بێت و زمانی بوردنی هەبێت. دەبێ خۆی پێشنیاری ئەوە بکات کە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی کارایی و کاریگەریی ئەو لە دانیشتنی تایبەتیی پەرلەماندا بخرێتە ڕوو. نابێ جیاوازی لە نێوان ئەوانەی دەنگیان پێداوە و ئەوانەی دەنگیان پێنەداوە بکات و بۆ هەر پۆستێک کەسی شایستە پێشنیار بکات.

بەگوێرەی شاوڵ و شاقۆڵی پسپۆڕی و بەڵێندارێتی، دەبێ کاندید لە نێوان سەدان شیاودا شایستەترین بێت، ئەو کات بە باوەڕبەخۆبوونەوە بچێتە ناو ئەو کارە. ئەخلاقی بەرزی هەر یەک لە کاندید و ئەندامان لەوەدایە ئەگەر ئەو توانایانەی تێدا نەبێت، تەنانەت ئەگەر داواشی لێبکرێت و بشزانێ کە دەنگ دێنێت، خۆی نەچێتە ناو ئەو بەرپرسیارێتییە سەختە و بە بێ ئیرەیی کەسی لە خۆی شیاوتر بۆ ئەو کارە پێشنیار بکات. تەنانەت ئەگەر حزب و خەڵک داوای لێبکەن خۆی کاندید بکات بە هۆی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کارەکە بە مەرج قەبووڵ بکات و ئەو کاتیش بایی ئەوەندە دادپەروەر بێت کە دەنگ بداتە کەسی لەخۆی شایستەتر. هەرچەندە ئەگەر کەسێک توانای فکری و کاری هەبێت چوار ساڵ بەسە بۆ ئەوەی خزمەت و کارێکی گرینگ پێشکەش بکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ کردەوە و ڕابردووی بە جۆرێک بێت کە لە خولێکی دیکەی هەڵبژاردندا حزبەکەی و خەڵک تکای لێ بکەن خۆی کاندید بکاتەوە. کەسێک بێت که مێژووی پەرلەمان و حزبەکەی خۆی و ناوچەکەی خۆی شانازی پێوە بکەن و هیچ حزب و لایەنێکیش ڕێگە بە خۆی نەدات بێ ڕێزی پێ بکات. لە دوای دەورەی پەرلەمانتاری بە شانازییەوە ئامادە بێت بچێتەوە سەر کاری پێشووی خۆی و داوای پلەی تر و پۆستی زیاتر نەکات مەگەر لە بەر شایستەیی و نیازی وڵات داوای کاری تری لێبکرێت.

ئەگەر ئەم پێوەرانە ڕەچاو بکرێن جگە لەوەی پرەستیژی وڵات و حزب و پەرلەمان دەپارێزرێت، باری سەر شانی حزبەکانیش سووکتر دەبێتەوە و هەموو کەس ڕێگە بە خۆی نادات داوای ئەوە بکات ببێتە کاندیدی پەرلەمان. لێرەدا گرینگە حزبەکان و خودی پەرلەمانیش توێژینەوەی خەسارناسی لە سەر پرەستیژی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو و داهاتوو بکەن. هەروەها بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕەفتاری دەنگدەران و بۆ ئەوەی تاک لە هاووڵاتییەوە ببێتە دەنگدەری گەشەسەندوو و پێگەیشتوو پێویستە لە ئاستی کۆمەڵگەدا ڕۆشنبیری هەڵبژاردن فێری هەموو کەس بکرێت. ئەگەر خەڵک بە ئاگاییەوە مافەکانی خۆیان بزانن و سەریان لە دێموکراسی و مافی هاووڵاتێتی و نۆڕم و یاساکان دەربچێت خۆیان پتر دێنە ناو مەیدانی بەشداریی هەڵبژاردن و دەزانن چۆن حزبی شایستە و کەسی شیاو وەک نوێنەری خۆیان بنێرنە پەرلەمان. پێویستە جگە لە دانانی پێوەر و شاقۆڵ، بەرنامەی توانادارکردنی کاندیدان و ئەندامانی پەرلەمان دابنێن بۆ ئەوەی توانای پەرلەمانتاران بەرزتر بێتەوە. گرینگە حزبەکان زۆر پێش هەڵبژاردن بە دانانی بەرنامەی تواناسازی کادیری بەتوانا بۆ پەرلەمان ئامادە بکەن؛ چونکە بە قەولی زاری:

نادرێکی پێ دەوێ ئەم مەعرەکە – خۆ هەموو هەوشارییێ نادر نیە