سهرهتا وتار لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ شەرعییەتی یاسا و هەڵبژاردن
سوورە مەرگەیی
لە سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و لە گەرمەی هەڵچوونی ئیرادەی شۆڕشگێڕی و ڕشتنی ڕقی تۆڵە لە دوژمنان، سەرۆك بارزانی وەك ئاماژەدان بە هاتنەپێشی قۆناغێكی نوێ و خۆ ئامادە كردن بۆ ئەو قۆناغە نوێیە، لە شاری كۆیەی مەلای گەورە و حاجی قادری كۆیی، لەناو ئاپۆڕای جەماوەری ڕاپەڕیو فەرمووی: “قۆناغی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیمان تێپەڕاند و ئێستا سەردەمی قۆناغی شەرعییەتی یاسا و هەڵبژاردن و گەڕانەوەیە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵك”.
ئەو فەرموودەیەی سەرۆك بارزانی ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ چەسپاندنی شەرعییەتی دەنگ و بڕیار و ئیرادەی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان، بە واتایەكی تر، سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا بە دۆست و دوژمنی گوت: ئێمە لە قوتابخانەی ستەم لێكراوان پێگەیشتووین و دژی ستەم و ستەمكاران دەوەستین، ئێمە چۆن لە قۆناغی شۆڕشگێڕی لەگەڵ شۆڕشگێڕان ژیاوین، لە قۆناغی یاسا و هەڵبژاردنیش، لەگەڵ یاسا و دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەژین.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلانی ژێردەستە تا بە ئامانجی سەربەخۆیی دەگات، بە چەندین قۆناغی سەخت و دژوار و هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەر یەكێك لەو قۆناغانەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێ زۆر بە هەستیاری مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ، چونكە دوژمنان بۆ درێژەدان بە سیاسەتی داگیركاری و چەوسانەوەی زیاتری گەلە ژێردەستەكان، بۆ هەر قۆناغێك پیلانی تایبەت دادەڕێژێن، جا ئەگەر گەلانی ژێردەستە لە خەبات و تێكۆشانیاندا بە وریایی مامەڵە لەگەڵ قۆناغە جیاوازەكان نەكەن، ئەوا دەكەونە ناو گێژاوی پیلانەكان و كوردگوتەنی: رەنج بە خەسار دەبن.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردیش جیا لەوەی بە چەندین قۆناغی هەستیار و پڕ كارەساتدا تێپەڕیوە، بە چەندین دوژمنی دڵڕەق دەورە دراوە و، هەر یەكێك لەو دوژمنانەش سەركەوتن و بەختەوەریی خۆیان لە كوشتنی كورددا بینیوە، بەڵام ئەوەی جێگای شانازی و سەربەرزییە، دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان لە هیچ کامێک لەو قۆناغانە نەیانتوانیوە شۆڕشگێڕانی کورد دەستبەرداری ئیرادەی شۆڕشگێڕی و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان بکەن.
سەرۆک بارزانی وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و خوێندنەوەی درووست بۆ قۆناغە جیاوازەكان، لە ساڵی ١٩٩١ و لە شاری کۆیە و لە بەردەم ئاپۆڕای جەماوەری ڕاپەڕیو فەرمووی: “قۆناغی شۆڕشگێڕیمان تێپەڕاند و بە قۆناغی یاسا و هەڵبژاردن گەیشتووین”.
لە ٢٠ی ئۆكتۆبەر و لە ساڵیادی داستانی پردێی دوژمن تاسێن، هەڵبژاردنمان لە پێشە و دۆست و دوژمنیش چاویان لەسەر ئەو هەڵبژاردنەیە، هەرچی دۆستەكانمانن خوازیارن هەڵبژاردنێكی بێگرفت و سەركەوتوو بێت، هەرچی دوژمنانیشن كار لەسەر ئەوە دەكەن، ڕێڕەوی هەڵبژاردنەكە بە لاڕێدا بەرن و تووشی كێشە و شكستی بكەن، ئەوەش هەموو لایەنەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنەكە دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەو پرسیارە درووست دەکات:ــ ئەو بەرپرسیارێتییە چییە كە دەبێ لایەنەكانی بەشداربووی هەڵبژاردن ڕەچاوی بكەن؟
دەبێ لایەنەكانی بەشداربوو ئەو ڕاستییە بزانن، بردنەوە و دۆڕان لەوەدا نییە فڵان حزب كورسیی زۆری بەدەست هێناوە و فڵان حزبیش كورسیی كەمی بەدەست هێناوە، سەركەوتنی گەورە و دوورمەودا پاراستنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە، چونكە ئەو جۆرە سەركەوتنە، سەركەوتنە بەسەر ئەو دوژمن و داگیركارانەی کە ژیانی ئاسایی بە كورد ڕەوا نابینن، دۆڕانی گەورە و ترسناک دۆڕانە بەرانبەر بەو دوژمن و داگیركارانەی خۆشی لە مەرگ و كاولكردنی كوردستان دەبینن، بۆیە دەبێ هەموو لایەنەكان لەگەڵ هەر هەنگاوێك ئاوڕێك لە ڕابردوو بدەنەوە.
كورد دەڵێ: (ئەگەر هیچ نازانی بڕوانە جیرانی)، ئێمەی كوردیش بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دەبێ سەیری دوژمنەكانمان بكەین، كاتێك پرسی كورد دێتە پێشێ دوژمنانمان هەموو كێشە و دوژمنایەتیی خوێنی نێوانیان بەلاوە دەنێن و یەكدەنگ و یەكبڕیار بەگژ كورددا دەچنەوە، هەر لەسەر گرنگیی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، دەبێ لایەنەكان ئەو مێژووە بێننەوە بەرچاوی خۆیان، هەر كاتێك یەكڕیز و یەكهەڵوێست بووبین براوە بووین، بەپێچەوانەشەوە هەركاتێك پەرتەوازە و پرشوبڵاو بووبین دۆڕاو بووین، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بووین، بەرهەمەكەی سەركەوتن بوو. هەڵبەت كۆڕەو كارەسات بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە كۆڕەودا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بووین، لە ماوەیەكی كەمدا ئەو كارەساتەمان گۆڕی بەو سەركەوتنەی ئێستا لەژێر سێبەریدا بە ئازادی دەژین.