
ئامادەکردنی- دانا بۆتانی- دهۆك:
بەرهەمهێنان: دیندار ئیبراهیم و عەلی ئیبراهیم
دەرهێنەر: ئەحمەد مشەختی
دانەری موزیک: ئەلند خەیرێ
نووسەر: هەلکەت ئیدریس عابد
سینۆگرافیا: شیراز عەزیز مەرعان
کوریوگرافەر: موههنهد هواز- سێڤن جوناس لودویگ
ئەکتەرە سەرەکییەکان: بورهان زیباری، ماجد محەمەد ویسی، بنگین عەلی عەبدلرەحمان، سەڵاح رێکانی، فەخرەدین تەها نەبی، دژوار محەمەد سەلیم، سیار تەیب عەبدللە، رێزان ساڵح حجی، رۆژ حکمەت عوسمان، قاسم رەمەزان محەمەد، سیروان گوی، کاروان جەرجیس مەحەمەد، فرسەت عزەت محەمەد، قەدری شێرو، محەمەد عەبدول عەزیز تۆفیق، کیڤی محەمەد ساڵح عەبدوللە، سەردار فازڵ محەمەد ئەمین، عەبدول کەریم عەبدوللە حاجی، هیڤان ئەمین حەسەن.
بەشداریکردنی هەردوو گرووپی کلتوری هەڵپەرکێی دهۆک کە ژمارەیان لە چل و سێ ئەندامی کچ و کور پێک دێت.
دیزاینەری رووناکی: د. توفیق ئەحمەد قەرو
دیزاینەری جلوبەرگ و مکیاژ: د. مونقز ئهلبهجدلی
چیرۆکی نمایش:
چیرۆکی شانۆگەریی داستانی کوردستان لەگەڵ یەکەم دەستپێکی نمایشدا نیشانی داین، هەرگیز کورد نەیویستووە شەڕ بکات. بەڵکو زوڵم و ستەم وای کردوە بەردەوام شەڕ بکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی. هەروەک لەدیالۆگی پێشمەرگەدا دەردەکەوێت کە دەڵێت ئێمە نامانەوێت شەڕ بکەین بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نایەت کە نازانین شەڕ بکەین. یەکەم دیمەنی نمایش دەمان گەڕێنێتەوە بۆ 700 ساڵ پێش زاین و یەکەم رووبەرووبوونەوەی دوژمن روداوی نێوان کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی خوێنمژە کە تێیدا کاوەی ئاسنگەر زاڵ دەبێت و ئاگریش دەبێتە سمبولی سەرکەوتنەکانی کوردستان. پاشان لەدیمەنێکی دیکەدا چیرۆکخوان دەیەوێت گلەیی لەسەڵاحەدین ئەیوبی بکات کە بۆچی لەکاتی خۆیدا دەوڵەتێکی بۆ کورد ساز نەکرد تا بەو جۆرەی ئێستا ستەمی لێنەکرێت. سەڵاحەدین لەوەڵامدا دهڵێت : بەداخەوە لەسەردەمی مندا هیچ وڵاتێکی نەتەوهیی بوونی نەبوو، ئەوەی هەش بوو لەژێر یەک چەتر دابوو بەناوی ئیمان و دادگەریی لەهەموو سەردەمێکدا، بەڵام گەر لەئێستا بام بەدڵنیاییهوە دەبوومە پێشمەرگە و لەبەرهی ئێوەدا دابووم. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە گلەیی لەرۆژگار بکەن نەوەک هیچ مرۆڤێک.
پاشان رووداوەکان دەچنە لای ئەحمەدی خانی و مەولانەی نەقشبەندی بەهۆی نیشاندانی ئەو سەما و دەف ژەنین پرسیار و وەڵامانەی هەردوولایان کە ئایین بەرۆحێکی کوردی وەربگیرێت مرۆڤەکان زۆر جوانتر و درەوشاوەتر دەردەخات لەوەی کە رۆحێکی نەژادپەرست تێیدا باڵا دەست بێت. هەروەک ئەحمەدی خانی دەڵێت: مرۆڤی عاقڵ و هوشیار خۆی خەڵاتە خۆ ئەگەرنا ئەوه جەلادە. لێرەدا مەولانەش سەر دەلەقێنێ گوایە هەمان بیروڕای سۆفیانەی وجودی هەیە لایان.
پاشان رووداوەکان بەردەوام دەبێت تا ساڵی 1946 لەسەر روداوی کۆماری مەهاباد دەوەستێ و هەر لەوێشدا بۆ یەکەمجار ناو لەبەرگریکارانی کوردستان دەنێن پێشمەرگە، بارزانی نەمریش شان بەشانی پێشەوا قازی محەمەد بەرگری لە کۆمار دەکات. تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بخوازێت ئەو کۆمارە لەناو ببرێت، قازی ئاڵای کوردستان بە بارزانی دەسپێرێت تا بە ئەمانەتەوە شۆڕش لای بارزانی نەمر بەردەوام دەبێت. تاوەکو روخانی رژێمی پاشایەتی، دووبارە بەڵێنی زۆر بەکورد دەدرێت داوا لەبارزانی نەمر دەکرێت بگەڕێتەوە و هەرچی لەموڵکی دونیایه بابیخوازێت و خۆی خاوەنیەتی، کەچی بارزانی نەمر تەنیا بەوە رازییە کە گەلی کورد بگاتە مافەکانی وەک خوێندن و نووسین بەکوردی بەڵام دیسان بەڵێنەکانیان نەبردە سەر و بۆ ئەمەش ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلول چەخماخەی دا و هەڵگیرسا تا ئەو کاتەی ناچارکران دان بەحکومیزاتی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کورد بنێن. پاشان دووبارە رێککەوتنی جەزائیر هەموو شتێکی تێکدا. بەو جۆرە تا شۆڕشی گوڵان لەسەر دەستی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی هاتەبوون و نەوەستا تا ئەوەی چۆکیان بەدوژمندادا و فیدرالی بەدەستهێنا بۆ کورد. پاشان وەکو خەونێک و لەدژی نادادی حکومڕانی لە عێراق راپرسی کرد و کوردستان بەیهك دەنگ داوای دەوڵەتی کوردی کرد. ئەگەر ئێستاش دوژمنانمان بە هەمان نەفەسی جاران بیر بکەنەوە و بەهاوبەشمان نەبینن لەسەرخاکی خۆماندا دڵنیاین دووبارە پەنا بۆ مافی چارەی خۆ نووسین دەبهینەوە. رۆژنامهی (خەبات) بەدواداچوونی كرد لەبارهی کاریگەری ئەو هەموو رووداوانەی ناو نمایشی داستانی کوردستان لەسەر بینەران و بەشێک لە بەشداربووان.
شانۆگەری داستانی کوردستانت چۆن بینی؟
شەعبان سلێمان، شاعیر و دانەری موزیکی درامی گوتی: گێڕانەوەی ئەم نمایشە جۆرێکە لە دیکۆمێنت کردنی مێژووی کورد و کوردستان. لێرەدا بەشێک لە ئامادەبووان کە مێژوو ناخوێننەوە و شارەزای مێژووی خۆیان نین ئەو نمایشە هۆکارێکه بۆ فێربوون و ناساندنی مێژووی خۆیان. ئەم نمایشە بۆ بیرهێنانەوەی گەنجەکانمانه تابزانن قەدری ئەو ئازادییەی کە ئێستا هەیە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە. لەگەڵ ئەوانەشدا مێژوو پێمان دەڵێت هەرکاتێک کورد لەناو خۆیدا یەكڕیز و یەکگرتوو بێت ئەوا سەرکەوتووە هیچ کەسێک ناتوانێت خوێ بەبهیماندا بکات و خەنجەر وەشێنێت. هەر ئەو ناتەباییەشە وایکردوە تائێستاشی لەگەڵدابێت کورد نەگات بەئامانج. وەکو جگەر خوێنی شاعیر دەڵێت: (گەرەک ئەم نەبین یەک ئەمێ هەرن یەک بەیەک). پێویستە ئەم جۆرە نمایشە بەردەوام بێت و لەگەڵ گۆڕانکاریەکانیشدا خۆی بگونجێنێت و بێجیاوازی هەر چوار پارچەی کوردستان بگەڕێت و مێژووی هەموو لایەک لە خۆ بگرێت و بگێڕتەوە بەبێ جیاوازی هەروەکو ئێستا کە هەیە.
ڕۆژنامهی خەبات بەردەوام بوو لە ئامادەبووێکی پرسی بەناوی دایکی ئارمانج، بۆچی دەگریت؟
دایکی ئارمانج گوتی: من وەک بینەرێک لەکاتی بینینی ئەو نمایشە چەندینجار گریام و پێکەنیم چونکە وەک ئێزیدیەک هەموو ئەو فەرمانانەم کەوتەوە بیر کەبەسەر میللەتەکەمدا هاتووە کۆتاییەکەی ئەوەی شەڕی داعش بوو تەنیا و تەنیا داکۆکیکەرمان پێشمەرگە بوو ئێمەی کوردیش پشتمان هەر خودایە و بەس کەس لە پشی ئێمەدا نییە. زۆر دڵخۆشیش بووم کاتێک یەکێک لە رۆڵەکانم مێژووی نەتەوەکەی تۆمار دەکات و رۆڵ دەگێڕێت بە ئازادی هەر کاتێک دەمبینی شۆرشێکی کورد شکست دێنێت چاوم پڕ فرمێسک دەبوو زۆر دەگریام بەدیارییەوە بەڵام دیمەنی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان و سەرۆک و پێشمەرگە دڵخۆشی دهکردم. لێرەشدا ئەو وتەی بارزانی نەمرم کەوتەوه یاد کەنابێت هیچ کاتێک شکست چۆکمان پێدادا، هەروەکو نابێت سەرکەوتنەکانیشمان تووشی غروریمان بکات. بۆیە هەمیشە بەسەرکەوتن و ئەو ئازادییەی ئێستا هەیە دڵخۆشم و دەمخاتە پێکەنین و ترس و فەرمانەکانیش دەمخاتە گریان هەر ئەوەش بوو بەدیار شانۆگەری داستانا کوردستان گەلێک گریام و پێکەنیم.
موزیک شان بەشانی نواندن و دەرهێنان رۆڵی گێڕا؟
دانەری موزیک ئەلند خێری گوتی: وەکو دانەری موزیکی درامی شانۆگەرییەکە رۆژانە موزیکم ئامادە دەکرد بۆ رووداوەکانی نێو شانۆگەریەکە. چەندین جار پارچه موزیکم داناوە و هەڵموەشاندۆتەوە دڕاندومە چونکە کارکردن لەو شانۆیە کە رەههندێکی مێژوویی هەیە ئەرکی منی زۆر قورستر کردبوو دەبوو بۆ هەر دیمەنێک موزیکێکی جیاواز هەبێت و لە هەمان کاتیش بەرۆحیەتێکی تەواو کوردانە بێتە بەرهەم. هەر بۆیە زۆرجار من کەوتومهته ژێر کاریگەری دەرهێنەر و موزیکم بەو شێوە داڕشتووە کە دەرهێنەر ویستوویەتی هەندێجاریش بەپێچەوانەوە موزیکم داناوە بۆ رووداوەکان وای لە روئیای دەرهێنەر کردووە گۆڕانکاری بەسەر جوڵەکانیدا بێنێت، قوڵتر لەرووداوەکان بڕوانێت و بەدوای موزیکدا بێت. دوای ساڵێک و حەوت مانگی شەونخونی ئەو بەرهەمە جوان و پڕ کوالیەتییە بەرهەم هاتووە. لەم جۆرە نمایشانە موزیک پەنجا لەسەدی بەرهەمەکەیە و بەهەموو بەشەکانی دیکەشی ناو نمایشەکە پەنجا لەسەدن، بۆیە دەبینین بەرپرسیاتی ئێمەش لەو نمایشە زیاتر بوو بۆیە بیرم لەوە کردەوە بۆ هەر ژەنینی رۆحیەتێکی جیاواز هەبێت. واتا بۆ ژەنینی سێ پارچە موزیکی شمشاڵ سێ کەسی جیاواز ژەنیویەتی، موزیکێک تایبەت بە دەڤەری بارزان یەکێکی دیکە تایبەت بە بادینان و ئەوەی دیکەش تایبەت بەکلتوری ئێزدی. ئەمانە وای کرد من هێندە وردبم لە داڕشتن و دانانی موزیکدا ئەگەرچی لەوڵاتی تورکیا بەرهەم هات بەڵام گشتیان لەرۆحی مندا چەکەرەیان کرد. لە ئێستاشدا کە ئەو هەموو دەست خۆشیەم لێدەکرێت دڵخۆشم کە رەنجم بە فیڕۆ نەڕۆیشتوە و شانازیش بەوە دەکەم یەکەم کەسم بۆ ماوەی سەعاتێک و چل و پێنج دەقە شانۆگەرییەک بەشێوەی موزیکالی بەرهەم بێت بەدەستی هونەرمەندێکی کوردی. هەر ئەمەشە وایکردوە لەو نمایشەی هەموو دیمەنەکان دەستپێک و کۆتایی هەر دیمەنێک بە پارچەیەکی جیاوازی میوزیک نیشانی بینەران بدرێت.
رۆژ حکمەت وەک پێشمەرگەیەک دەرکەوت؟
رۆژ حکمەت گوتی: هەوڵدان بۆ ئەوەی وەک پێشمەرگەیەک دەرکەویت پێویستیت بەرۆحیەتێکی بەرز و شەونخونی زۆر هەیە چونکە رابەر و سەرۆکی مە (سەرۆک بارزانی) بەشانازییەوە گوتنە پێشمەرگەی پێخۆشترە لە سەرۆک، دوای ماندووبوون و شەونخونی ساڵێک و حەوت مانگ لە پرۆڤە تاوەک پێشمەرگە دەربکەوم ئەمەشم زۆر بەروونی لەسەر ستێج بینی کاتێک بڕیاری ناچاری درا بۆ ئەوەی چیتر شەڕنەکەین لەپێناو مافەکانماندا بیرم چوو نواندن دەکەم پێمخۆش بوو بەدڵ شەڕ بکەم وەک پێشمەرگە رۆحم فیدای وڵات بکەم. لەگەڵ ئەمانەشدا شانۆگەری داستانی کوردستان شەڕەفی ئەوەی پێ بەخشیم کە رۆڵی جوانترین مەخلوقی خودا ببینم وەک پێشمەرگەیەک دەرکەوم و گیانفیدابم بۆ هەمیشە چەک بەدەستبم وەک هەمیشە پارێزەری کوردستانبم.
ماجد محەمەد ویسی چۆن بوو بەدیبلۆماتکار:
ئەگەرچی رۆڵی من لە هەر سێ دبلۆماتکاری رژێمەکانی عەبدولکەریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بەکر و حکومەتی ئێستادا بەهۆی ئەو هەموو زوڵم ستەمەی لە گەلی کوردا کردوە وای لە بەشێک لە بینەرەکان کرد رقیان لەکەسایەتی دبلۆماتکار ببێتەوە بەڵام ئەمە نیشانەیەکی ئەرێنی نواندنی من دەردەخات کەوا لەبینەرەکانی نمایش بکات جیاوازی نەکهن لە نێوان نمایش و راستیدا سەبارەت بەرۆڵە جیاوازەکانیش ماندووبوون و هەوڵدانی زۆری ویست تا گەیشتم بەو دەرئەنجامەی کە هەست بکەم سەرکەوتووم لە رۆڵگێراندا. سەرکەوتن و شکستی ئەم نمایشە بێ جیاوازی هی هەموومانە و وەک چۆن ئەم مێژووە پر لە هەوراز و نشێوەش هی هەموومانە.
جلوبەرگ و مکیاژ چ رۆڵێکیان هەبوو لەبەرەو پێشبردنی رووداوەکانی داستانی کوردستان؟
دکتۆر منقذ المجدلی گوتی: ئەوەی راستی بێت بابەتی مکیاژ و جلوبەرگ و ئیکسسوارات لە شانۆی داستانی کوردستان بابەتێکی گرنگ و پڕ بایەخە، چونکە ئەمە رەهەندی مێژوویی هەیە. ناتوانیت جلوبەرگێک دیزاین بکەیت کە لەگەڵ کەسایەتی و مێژووی ئەو سەردەمە نەگونجێت، هەر بۆیە بەرپرسیاریەتێکی گەورەی مێژوویت دەکەوێتە ئەستۆ و ناتوانیت ئەو مێژووە بشێوێنیت بەتایبەت هەندێک لەو کەسایەتییانەی کە رەهەندی مێژوویی دوور و درێژیان هەیە. وەک کەسایەتییەکانی سەڵاحەدین ئەیوبی و زوحاک و مەولانەی نەقشبەندی و ئەحمەدی خانی و گشت کەسایەتییەکانی دیکەی نێو رووداوەکان کە رەهەندی مێژوویی خۆیان هەیە بەتایبەت مێژووی پڕ شانازی گەلی کوردستانی خۆشەیست. هەر ئەمەشە وای لەمن کرد جیاوازتر کار بکەم خوێندنەوەی تەواوی خۆم هەبێت بۆ کەسایەتییەکان. دانانی دیزانی جیاواز و مێژوویی لەگەڵ ئەوانەشدا دەبوو شوێن پەنجەم دیار بێت لەڕووی رەنگ و دیزاینی جلوبەرگ و مکیاژ، چونکە لەڕێگای ئەو وردەکاریەی بۆ جلهکانم دانابوو هەستت بەوە دەکرد وەک بینەرێک جلوبەرگ تەنیا کاری داپۆشین ناگرێتەوە و بەشێکی گرینگیش لەجوانیدا بەکارەکتەر دەبەخشێت. ئەمە جگە لەوەی کە نابێت رۆڵی روئیای دەرهێنەر نادیدە بگیرێت. بەڵام پیویستە هەمیشە روئیای دەرهێنەریش لەبەرژەوەندی رەهەندە مێژووەکەدا بێت. ئەمەش وای لە منی دیزاینەر کرد هەم دەست کراوەتر دەرکەوم و هەمیش قوڵتر بچمە ناخی مێژوو و رۆڵی کەسایەتییەکان تا جلوبەرگ و ئیکسوارات و مکیاژیش لە خزمەت هونەری داستانی کوردستان دابێت.
لە کۆتایدا (خەبات) لە دەرهێنەری داستانی کوردستانی پرسی چۆن بوو ئەو شاکارەتان خوڵقاند؟
ئەحمەد مشەقتی گوتی: وەک دەرهێنەر و کوریوگرافەر ئەو شاکارەی کە ئێستا دەیبینن بەرهەمی چەندین ساڵی کارکردنمە لە دەرهێنانی شانۆیی بۆ تێکستەکانی مۆلێر و ئەنتوان چیخوف و چەندین نووسەری دیکەش بەڵام تا ئێمە هەوڵنەدەین شانۆیەکی کوردی و لە رۆحێکی کوردییەوە سەرچاوە نەگرێت ناتوانین خۆمان بسەلمێنین بۆ جیهان بۆ پێشکەشکردنی نمایشی شانۆیی. ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەرێنمەوە، هۆکاری یەکەم لەرووی تەکنیک بەهیچ جۆرێک بەراورد ناکرێن بە وڵاتانی دەورووبەر، خاڵی دووەم نەبوونی نووسەری باش بۆ ئەو هەموو روداوانەی لە دەوروبەرمان روودەدهن. کەسێک شک نابەیت سیناریۆی بۆ دارێژێت. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە پێویستە هونەری شانۆ لە قاڵبی هونەر بۆ هونەر دەرخەین و ببێتە موڵکی خەڵک ئەمەش بەوە دەکرێت دووبارە شانۆ پڕ کەین لەو رووداوگەلەی کەپەیوەستن بەخۆمانەوە. دەستبردنم بۆ شانۆی داستانی کوردستان بەئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی دادەنا بۆ ئەوەی گەنجەکانمان هوشیار بکەینهوە تابزانن ئەو ئازادی و دەسکەوتانەی ئیستا دەبینن زۆر سادە و ئاسان بەدەست نەهاتوون بەڵکو قوربانی زۆریان لەپێناو دراوە. بەداخەوە ئەو مێژووەی ئێستا لەبەر دەستە دوژمنانمان بەدڵی خۆیان دایانڕیشتووە. مێژووی ئێمەیان تەواو شێواندوە. ئامانجی من لەم کارە شانۆییە بۆ دوو مەبەستی سەرەکی بوو. یەکەمیان ئەو مێژووە راست بکەمەوە کە دوژمنانمان بۆ ئێمەیان داڕشتووە. ئامانجی دووەمیش پێویستە گەنجانمان ببنە سەنتەر تا بۆ هەمیشە وەک پێشمەرگە ئاسا خاک و وڵاتیان خۆشبووێت و بەخوێن ئامادەبن دەسکەوتهكان بپارێزن. کۆتا ئامانجی کارەکەشم ئەوەیە لەڕووی هونەرییەوە بە وڵاتانی جیهان بڵێم ئێمەش هونەر دەکەین لەڕێگای هونەریشەوە شاکار دەخوڵقێنن. لەکۆتایدا ئەوەی بینەر کە داستانی کوردستان بەشاکارێکی مەزن دەبینێ ئەمە کاری تاکە کەس نییە و کاری هەرەوهزی هەموو لایەکە، بەبینەرانیشەوە کە ههمیشە هانمان دەدەن بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە داهێنان. لە کۆتایدا بەو دیالۆگەی ناو شانۆگەرییەکە کۆتایی پێدهینم کە دەڵێت:
پشت نادەین دوو ههزار خەنجەر و رم و تیر و خشت
مەسەرێ دانیە رێ و ب خودێ بەستیە پشت