یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی دەستپێکردەوە، دوای هەوڵەکانی پێشووی لە دوای مۆندیالی 2022 شكستی هێنا.
بەگوێرەی بەرنامەی «ئێل چیرینگویتۆ»ی ئیسپانی، فیدراسیۆنەکە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ڕاهێنەری ئیسپانی نوێکردۆتەوە، دوای ئەوەی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید شکستی هێنا.
گواردیۆلا داوای کرد تا مانگی یەکی ساڵی داهاتوو چاوەڕێی بکەن، لەبەر ڕۆشنایی ئەو کێشانەی مان سیتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەگەڵ یاساکانی یاری دادپەروەرانەی دارایی، کە ڕەنگە سزا بدرێت کە بریتی دەبێت لە لێبڕینی خاڵەکان یان غەرامەکردنی بە پارەیەكی زۆر. جێی باسە گرێبەستەکەی گواردیۆلا لەگەڵ یانەی مان سیتی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت.