خەبات: تریفە ئازاد:- زۆرێك لەو پرۆژانەی لە پلانی حكوومەتدا بوون لە پرۆسەی جێبەجێكردندان و ژماریەكی زۆریش لە پرۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری هەن و دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، دلاوەر فەتاح مزوری سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی ڕزگاری لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات باس لەو پرۆژانە دەكات و دەشڵێت: بەردەوام دەبین تا زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی سنوورەكەمان بگەیەنین.
دلاوەر فەتاح مزوری سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی ڕزگاری لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: هەر لەسەرەتادا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم گرنگیەكی زۆر بە بواری رێگهوبان دراوە چ دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقامەكان بێ، چ ئەوانەی پێویستی بە نوژەنكردنەوە هەبووە و زۆربەیان جێبەجێ كراون. گوتیشی: لە سنووری ئێمە زۆرێك لەو پرۆژە وەستاوانەی هەبوون یاخود ئەو پلانەی كە حكوومەتی هەرێم داینابوو لە بواری ڕێگەوبان زۆرینەیان جێبەجێكراون و هەشیانە لە بواری جێبەجێكردندایە و هەنگاوی خێراش هەیە بۆ پرۆژە تەواونەكراوەكان، بۆ ئەوەی بتوانن بە زووترین كات و بەپێی پێویست جێبەجێ بكرێت.
سەرۆكی شارەوانی ناحیەی ڕزگاری دەشڵێت: لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەبات زۆرێك لە پلانەكانی حكوومەتی هەریم لە بواری ڕێگاوبان جێبەجێكراون و هەشیانە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە، ئەوانەیش بریتین لە دروستكردنی شەقامێكی 30 مەتری دووساید لە گەڕەكی شەهیدانی ڕزگاری بە گوژمەی 414 ملێون دینار، كە ئەوەیان لە قۆناغی كۆتاییدایە و هەفتەی داهاتوو قیڕتاو دەكرێت.
دلاوەر فەتاح مزوری سەرۆكی شارەوانی ناحیەی ڕزگاری لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەو پرۆژانە كرد كە بەئەنجام گەیەندراون و گوتی: ئێمە لەم سنوورە چەندین پرۆژەی دیكەمان هەبووە، وەكو: درستكردنی ئاوەڕۆ لە گەڕەكی زاگرۆس و نەورۆز – دروستكردنی ئاوەڕۆ و مەنهۆل لە گەڕەكی شەهیدان – دروستكردنی شەقامێك لەبەردەم قوتابخانەی كۆمەڵگای پەروەردەیی شەهیدانی ڕزگاری – تێكەڵەڕێژكردنی چەند كۆڵانێك لە گەڕەكی گوڵان و نەورۆز و هەڤاڵان – دروستكردنی باخچەیەكی ساوایان – چاندنی زیاتر لە 800 نەمام لە سەنتەری ناحیەی ڕزگاری – رێكخستنەوە و چاندنی چیمەن لە دوورگەی ناوەندی بازاڕ بەدرێژایی دوو كیلۆمەتر – نۆژەنكردنەوەی تەواوی ئەو رێگایانەی كە ببوونە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شوفێران لە سنووری شارەوانیمان – دانانی مەنهۆڵ و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە بەردەم بنكەی تەندروستی تۆبزاوە.
سەرۆكی شارەوانی ناحیەی ڕزگاری هەروەها گوتیشی: داواكاریترمان هەبووە داواكارییەكانمان گەیاندۆتە لایەنی پەیوەندیدار و زۆربەیان رەزامەندی لەسەر دراوە، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بە گوژمەی یەك ملیار و 300 سەد ملیۆن دینار لە سنووری شارەوانی رزگاری چەندین پرۆژەی رێگاوبان جێبەجێ دەكرێن لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، ئەو پرۆژانەی كە ئەنجامیش دراون یاخود ئێستا كاریان تێدا دەكرێت لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و 15%ـی داهاتی بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێرە.