خەبات: رەنجبەر بەرزنجی – سۆران:- سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکانی بەردەمی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر لە سەرجەم شار و شارۆچکە و تەنانەت گوند و ئاواییەکانیش بەردەوامە، لەو راستاییەدا لە سنووری قەزای رواندز و بە ئامانجی چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی خواردنەوە، بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار پرۆژەی گەیاندنی بۆری ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ دۆڵی ئاکۆیان و بەشی زۆری گوندەکانی جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان دانیشتوانانی سنووری دۆڵی ئاکۆیان تا ئێستا بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک پشتییان بە ئاو کانی و بیر و تانکەرەوە بەستووە، هەربۆیە سەبارەت بە جێبەجیکردنی ئەم پرۆژەیە (ئەحمەد قادر) قائیمقامی قەزای رواندز لە لیدوانێکی تایبەت بۆ خەبات گوتی: لە درێژەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بووژانەوەی زیاتری گوندەکان، پرۆژەی گەیاندنی بۆری ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ ناوچەی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز جێبەجێ دەکرێت ، ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، خۆشبەختانە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کە پێکهاتبوو لە گەیاندنی بۆری ئاوی خواردنەوەی پاک لە پرۆژەی ئاوی رواندز بۆ ئاکۆیان وەک پرۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی تەواو بووە.
هەر لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ خەبات، سەبارەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆژەی گەیاندنی بۆری ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ سنووری دۆڵی ئاکۆیان قائیمقامی قەزای رواندز گوت: لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە، هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆژەکەش دەستیپێکرد و لە ئێستادا لە قۆناغی تەندەرین دایە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی دووەمی پرۆژەکەش پێک دێت لە تەواوکردنی هێلی ئاو بۆ حەوزی سەرەکی و تۆڕی ناوخۆیی، ئەوەی شایەنی باسکردن بێت بە تەواوبوونی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە، گرفتی ئاو لە بەشێکی زۆری گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز چارەسەر دەبێت.