ن: حەسەن مەدەن
ڕۆژێكیان شاعیری داغستانی ڕەسوڵ هەمزاتۆف (1923-2003)، نامەیەكی لە سەرنووسەری گۆڤارێكەوە پێگەیشت. كاتێك نامەكەی كردەوە، بۆی دەركەوت ئەوەی نامەكەی ناردووە، داوای لێ دەكات بەشداریی لە ڕۆژەڤێكی گۆڤارەكە سەبارەت بە وڵاتەكەی داغستان و كرێكارە سادەكانی ئەوێ: سەربردە و هیواكانیان بكات. (با قسەكانتان سەبارەت بە سبەینێی گەشاوەی ناوچە شاخاوییەكانتان و نەریتەكانی بێت، كە سەدان ساڵە و لە كۆنەوە ڕەگیان داكوتاوە، با بە شێوەیەكی سەرەكی سەبارەت بە ئێستای نایابیشی بێت. بڕیارمان داوە تۆ باشترین كەسیت كە دەتوانیت بەو جۆرە لەسەر ئەم بابەتە بنووسیت، كە خۆت پێت خۆشە: چیرۆك، گوتار، گوتاری ڕۆژنامەوانی، كۆمەڵێك سەربردەی وەسفكەر، قەبارەی مادەی پێویست 9 بۆ 10 لاپەڕەیە لەسەر ئامێری تایپكردن، كاتی بەردەستیش بۆ تەواوكردنی ئەمە لە نێوان 20 بۆ 25 ڕۆژ دایە.
هەمزاتۆڤ بە لاقرتێوە دەپرسێت: ئایا سەرنووسەری گۆڤارەكە هەموو شتێكی لە جیاتی من بڕیاریداوە؟ ئایا من بڕیارم داوە، بە نۆ لاپەڕە و لە ماوەی بیست ڕۆژدا باسی داغستانی خۆم بكەم؟، بڕیاریدا نامەكە پشتگوێ بخات، كە وەك سەركۆنەكەری وەسفی دەكات. دوای چەند ڕۆژێك پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە هەمان سەرنووسەرەوە پێ دەگات، بەم شێوەیە دەست پێ دەكات: سڵاو ڕەسوڵ! ئایا نامەكەی ئێمەت وەرگرت؟ بە بەڵێ وەڵامی دایەوە، ئەوەشی خستە سەر، سەرقاڵە و هیچ كاتێكی نییە داواكارییەكەی جێبەجێ بكات، سەرنووسەرەكەش وەڵامێكی توندی دایەوە: ڕەسوڵ ئەوە چ دەڵێی! هیچ بوارێك بۆ ناڕەزایەتی نییە. ژمارەی تیراژی گۆڤارەكەمان نزیكەی یەك ملیۆنە، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەكانی وڵاتەكەشماندا دەخوێندرێتەوە، ئەگەر بەڕاستی سەرقاڵیت، پیاوێكت بۆ دەنێرین كە هەندێك بیرۆكە و وردەكاریی پێ بڵێیت، ئەو خۆی كارەكە تەواو دەكات. دواتر نووسینەكانی دەخوێنێتەوە، هەڵەكان ڕاست دەكەیتەوە و واژۆی دەكەیت، گرنگترین شت لەلای ئێمە ناوەكەی تۆیە.
ئەم پاڕانەوانە نەیانتوانی هەمزاتۆڤ لە هەڵوێستەكەی پاشگەز بكەنەوە، بەڵام كە باسی چۆنیەتی سەرهەڵدانی بیرۆكەی نووسینی كتێبە سەرسوڕهێنەرەكەی (داغستانی من)، لە پێشەكی بەرایی كتێبەكەیدا بە ناونیشانی: ئەم كتێبە چۆن لەدایك بووە؟ لە كوێ نووسراوە؟ دەكات و لە كۆتایی دواتریشیدا دەڵێت: ئازیزەكەم سەرنووسەری گۆڤارەكە، ئەو داواكارییە جێبەجێ دەكەم كە لە ناوەرۆكی نامەكەتدا هاتوو. بەم زووانە دەست بە نووسینی كتێبێك لەسەر داغستان دەكەم. بەڵام بمبوورە، ئەو كاتەی بۆت دیاری كردووم بەشم ناكات. ئەم ڕێگەیانەی كە دەبێت بەسەریاندا بڕۆم زۆرن، ڕێگەكانی لای ئێمەش لە چیاكان زۆر تەسك و زۆر بە هەوراز و نشێون. ئەو نۆ دە لاپەڕەیەی كە سەرنووسەرەكە داوای كردبوو، لەلای هەمزاتۆڤ بووە كتێبێك، كە ژمارەی لاپەڕەكانی لە پێنجسەد زیاتر بوو، بە دەیان جار چاپكرایەوە، بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدرا و بە ملیۆنان كەس خوێندیانەوە، نەوەك تەنها ملیۆن خوێنەری گۆڤارەكە. كتێبێكە كە هەرگیز لە گەڕانەوە بۆ سەری وەڕس نابین، وەك ئەوەی یەكەم جارە دەیخوێنینەوە. بۆ لای نووسەرە گەورەیە دەگەڕێینەوە، چونكە پارەكە لە یادی 100 ساڵەی لە دایكبوونی هەمزاتۆڤدا، لە یەكێك لە شارەكانی وڵاتەكەی داغستان، هونەرمەندانی وێنەكێشی بەهرەمەند لە شارە جیاوازەكان كۆبوونەوە، وێنەی هەڵێنجراویان لە چیرۆك و قەسیدەكانی لەسەر دیواری باڵەخانە فرە نهۆمییەكاندا نەخشاند.
و: ڕەمزی میرەكانی
سەرچاوە: www.thaqafat.com