پاش نیوەڕۆی هەینی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ ڕۆمان پۆزێک وەزیری ناوخۆی هەرێمی هێسنی ئەڵمانیا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵاخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە شاری ڤیسبادن بەڕێوە چوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ کرا، بەتایبەتی لە ڕووی ئالوگۆڕکردنی شارەزایی لە بوارەکانی بەرزکردنەوەی تواناکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی و بەڵگەی تاوان و هەماهەنگی زیاتر بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و هێزی پێشمەرگە لە شەری دژی تیرۆریستانی داعش.
هەروەها جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین کە لەم پێناوەدا هەرێمی کوردستان زۆر قوربانی داوە.