خەبات: سولین سلێمان:- زۆرن ئەو کەسانەی کە حەزی بەخێوکردنی ئاژەڵیان ھەیە لە ماڵەکانیندا، جا چ بەمەستی جوانی بێت یان سوود وەرگرتن لێیان. ڕەحیم نەجمەدین تەمەنی 28 ساڵە دانیشتووی گوندی بازێیە لە دەڤەری بارزان، جیاواز لە ھەر کەسێک حەزی لە بەخێوکردنی مارە. لەم دیمانەیەدا بەو شێوەیە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەداتەوە.
*چۆن بیرت لە بەخێوکردنی مارکردەوە؟
وەک ھەر کەسێک کە حەزی لە بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵییە منیش حەزم لە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکانە زیاتر ئاژەڵە جیاوازەکان، ئەو ئاژەڵانەی کە کەمتر لای خەڵک و سروشت دەبینرێن، ماوەی پێنچ ساڵە مار بەخێو دەکەم و بە شێوەیەکی گشتی حەزم لە بەخێوکردنی گیانەوەرە خشۆکەکانە.
*بەخێوکردنی مار لە ماڵدا مەترسیدار نییە، چۆن توانیووتە ماڵ و دەوروبەرەکەت ڕابھێنیت؟
بە بۆچوونی من بەخێوکردنی مار وەک ئاژەڵی ماڵی باشترین بژاردەیە بۆ ئەو کەسانەی وەک من زۆر کاتیان نییە چاودێری ئاژەڵە ماڵییەكان بكەن، چونکە مار ڕۆژانە پێویستی بەچاودێری نییە و ھەفتەیەک تا دە ڕۆژ جارێک ئارەزووی خواردن دەکات، ھەروەھا مارەکان زیاتر لە خواردن پێویستیان بە گەرمایە، کەواتە دەبێت پلەیەکی گەرمای بەرز و جێگیری بۆ دابین بکرێت، لەگەڵ ئەوەش مار ئاژەڵێکی بێدەنگە و قەرەباڵغی لەناو ماڵدا درووست ناکات، ھەر کاتێکیش دەیانبینم ھەست بە ئارامی دەکەم.
*ئەی بەخێوکردنی مار کێشەو گرفتی نییە؟
بێگومان کە ناوی مار دێت یەکسەر مرۆڤ بیری ژەھر و پێوەدان دەکات، وا ھەست دەکەین کە مار دوژمنە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو جۆرە مارە کە ناوی زانستی (boa)constrictor ە بە ھیچ شێوەیەک ژەھراوی نین و ددانی تیژی ژەھراویان نییە و ھیچ مەترسییەکیشیان نییە بۆ مرۆڤ، ھیچ کێشەو گرفتی بۆ من و ئەندامانی خێزانەکەم درووست نەکردووە، بۆیە لەناو ماڵ و لە ژووری خۆم بەخێویان دەکەم، بۆ ئەوەی مارەکان لە ڕووی ژینگە و کەشوھەوای سرووشتی خۆیان دانەبڕێن جێگایەکی تایبەتم بۆیان درووست کردووە و کەشوھەوایەکی گەرم و پاک و سرووشتیم بۆیان دابینکردووە.
*ئایا بەخێوکردنی مار ھیچ سوودێکی بۆت ھەبووە؟
پێستی مار سوودێکی زۆری ھەیە بۆ ھەندێک نەخۆشی پێست بە گشتی وەک مایەسیری و نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ و چەندین نەخۆشی دیکە. ھەروەھا ماسکەکانی سرووشتیشی بۆ جوانکاری قژ و پێستی دەم و چاوی لێ درووست دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش بەخێوکردنی مار بۆمن تەنیا حەز و خولیایەکە و بۆ ھیچ مەبەستێکی ماددی ئەو کارە ناکەم، پێستی مارەکانی خۆم بێ بەرامبەر دەبەخشم بە خەڵک و پزیشکە کوردەوارییەکان بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، ماوەی پێنچ ساڵە بەردەوام بە دوای زانیاری دەگەڕێم دەربارەی ژیانی ھەموو جۆرە مارێک زانیاری کۆدەکەمەوە بەو ھۆیەشەوە زانیارییەکی زۆرم دەستکەوتووە و ئامادەم لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان بەشدار بم بۆ بەخشینی زانیارییەکان تا ھەموو کەس بتوانن سوودمەندبن لەم زانیارییانە.
*لە داھاتوودا دەتەوێت چیت دەستکەوێت بەو کارە؟
ئەگەر پشگیریم بکرێم لە پلانمدا ھەیە باخچەیەکی گەورەی تایبەت بۆ ئاژەڵە خشۆکەکان درووست بکەم و زۆرترین جۆری ئاژەڵە خشۆکەکانی خۆماڵی و بیانی تێدابێت،وبۆ ئەوەی ببێتە جێگایەکی گەشتیاریش بۆ گەشتیاران.