ئەمەل سەعید کوردە
کاپیتالیزمی هەمومانی کۆکردۆتەوە لە بازنەیەکی زۆر بچوک و خزاوەتە ناومان و بێ ئاگا لە هۆشداریەکەی کە لەچوارچێوەی هەستێکی خولخولۆکە ئاسا لە زۆر بوونی لایک و کۆمێنت و ڤیو خوول دەخۆین، لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەرنامەیەک هەبوو بەناوی (سلامتک واتە سەلامەتی تۆ!) هەمەڕەنگ و پەروەردەیی و پڕ ڕێنمایی و زانیاری بوو بۆ (گەورە و زارۆک) بە پێچەوانەی پرۆگرامەکانی ئێستا کە هەندێکیان خاڵین لە ئامانج و پەیام لە تی ڤیەکانەوە پەخش دەکرێن و لەشاشەی ماڵەکان دەبینرێنەوە کە تەنهاو تەنها خەمیان چالاککردنی پەیج و سایتەکانیان و پڕ بینەرترین بن و هیچی تر.
بەڕای بەندە ئەو ستایش و وەسفکردنەی گەڕیدەو زانای ئینگلیزی مستەر ڕیچ لەو سەردەمەدا وەسفی کوردی پێکردوون کە لە ساڵەکانی ۱۸٠٠ کاندا بوو ئێستاش لەلای زۆربەمان هەمان داب و نەریت هەن بەزیادەوە بەڵام لەیادتان بێ شار لە گشت لایەکیەوە مرۆڤی نامۆی تێهەڵرژاوە و بە بەردەوام ڕەوشتی سەیرو نامۆ دێتەگۆ و مرۆڤیش تووتی ئاسا کۆپیکارێکی ڕەوانە هەر بۆیە پێویستمان بەو نوێبوونەوەیەو بیرخستنەوەیە هەیە بۆیە تکادەکەم کەناڵەکان بتوانن بەرنامەیەک لەوجۆرە بەرهەمهێنن بۆ داهاتووی کۆمەڵگاو و هاوڵاتیان بەسوودە، قەیچێکە مرۆڤ بەکۆپی کردن فێری هەموو شتێک ئەبێ لەژیان با ئەم بەرنامەیەشمان وەرگیراوبێ چونکە سوودبەخشە.
دەقێکی زۆر جوانم بەرچاو کەوت هەڵقوڵاوی گوندەکانی قاڕەی ئەفریقایە (مرۆڤە ڕەش پێستەکان) کە دەڵێ:
It takes a village to raise a child
یاخود پارافرەیزی بکەین بەشێوەیەکی تر
a child could be ruined if the villege lokes like them
گەر بێتو تەرجەمەی حەرفی دەقەکە نەکەین ماناکەی دەڵێ: کۆمەڵگایەکی تەندروستی مناڵێکی تەندروست بەرهەم دێنێ بەڵام ئەوان دەڵێن: گوندەکە بەرپرسن لە پێگەیاندنی تاکە منداڵێکدا یاخود کۆمەڵگا بەرپرسە لە دروست بوونی باشی و خراپی پەروەردەی تاک، بێگومان تۆی خوێنەریش کاتێ ئەم دەقە دەخوێنیتەوە دڵنیام یەکڕاست نمونەی پەندی کوردیت دێتە سندوقی بیرکردنەوەت چونکە زۆر پەندی کوردیمان هەیە نزیکن لەم مانایەوە لەوانە
گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە، بێ شک ئەکەوێتە سەر چۆنێتی باش و خراپی پەروەردەو فێرکردنی خانەوادەی گیاکە کە تاکێکە لەو کۆمەڵگایە .
وە یاخود خاکی بە پیت و بەرەکەت ڕووەکی جوان سەوز دەکا و ئەمانەی زیاتریش.
هەندێک جار درک کردن بە هەڵەی خود تاوان نیە ئەوەتا گەورە شاعیری عەرەب محمد ماغووت ئەڵێ: سەفەری وڵاتان بکەن ئەوجا لەمانای مرۆڤایەتی و ژیان دەگەن و بۆت دەرئەکەوێ: ئێمە باشترین میللەت و چاکترینەکان نین، لەپەرچە کردارەکانمان شەرم دەکەین هەر بە نۆرەبڕی لەڕیزی خواردن و شوێنەگشتیەکان
میوانی زیادە بردن بۆ ئاهەنگەکان بێ بانگهێشتکردن و خاشاک فڕێدانە سەر شەقامەکان و تا دەگاتە شانازیکردن بە ناسینی سەرکردەکانەوە و زۆری تریش کە لێی پەشیمان دەبنەوە.
بەپێی پەڕاوە فەرمیەکان و مەنەفێستی کیشوەری ئاسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش ۳ قۆناغی گرنگ هەن بۆ ڕاستکردنەوەی خواریەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا کە تیایدا هاتووە و بەم هەنگاوانە پۆلێنکراون::
یەکەم: ئیدراک understanding
یاخود درک کردن یان هەست پێکردنی بە هەڵەکان کە دەکرێن
دووەم:اصلاح repair
یاخود ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.
سێهەم: Rehabilitation یاخود إعادة تأهیل
واتە: هاوکاریکرن لەلایەن کۆمەڵە کەسانێکی پسپۆڕی بوارەکە بۆ چاککردن و ڕاستکردنەوەی خواریەکان
لەڕاستیدا پێویستمان بەو جۆر لەو پرۆگرام و بەرنامانە و بیرخستنەوانە هەیە کە لە دەسپێکی نوسینەکەم باسم کردن، کە وانەی جوانن ڕۆژانە لەسەر زۆرێک لە تەوەرەکانی ژیان ڕێنماییمان پێ دەبەخشن، ڕەنگە هەندێجار ئێمەش لەیادی بکەین لەجێیەکدا چونکە مرۆڤین و مرۆڤیش قابیلی هەڵەوبیرچوونەوەیە بۆیە من وەک هونەرمەندێک و تاکێک لەم کۆمەڵگایە داواکارم لە وەزارەتی پەروەردەوفێرکردن بەهاوکاری کەناڵە فەرمیەکان بە یەکخستن و بەرهەمهێنانی پرۆگرامێک لەو شێوەیە بۆ ئاسوودە بوونی مرۆڤەکان، بەهۆی ئەم شاڵاوە گڵۆباڵیزمیەی سەردەمەوە زۆرێک لە تەوەرەکانی پەروەردە بوونەتە قوربانی تەکنەلۆجیا و پێویستە چارەسەری بۆ بکرێ و بە شاڵاوێکی پڕ لەزانیارییەوە لە کەناڵەکان کە دەسەڵاتی چوارە هەوڵ بدرێ ئەو چاڵەئاوانەی لەڕێگەدان پڕ بکرێنەوە.
لەکۆی باسەکەم هێند ڕەخنەمان گرت ماندوو بوین ئیتر کاتی چارەسەرکردنی کێشەکانە، بەڵێ زانیمان هەڵەین و هەڵەمان کردوە چارەسەرێکمان گەرەکە چی زووە بکرێ، بەم دەقە عەرەبیە کۆتایی بە نوسینەکەم دەهێنم (لو عرف جاهل أسباب جهله لصار حكيمآ) واتە گەر نەزان هۆکاری ناهۆشیاریەکەی زانی ئەوا دەبێتە حەکیم، هیوادارم گوێ لە داخوازیەکەم بگیرێ و لەهەر جێیەکیشدا منتان پێویست بوو ئامادەی هاوکاریم.










