خەبات: سولین سلیمان:- پەریا سلێمان ناسراو بە پەرێز شێروانی خانمە یاریزانەی هەڵبژاردەی عێراق، لەهەمان كاتیش مامۆستایە و 21 ساڵە لە ناو یارییەکانی (تۆپی پێ و تۆپی دەست و باسکە و گؤڕەپان و مەیدان) دایە، لە ئێستاشدا لە یاری تۆپی باسکە بەردەوامی بە کاروانی وەرزشی خۆی دەدات، لەم دیمانە تایبەتە بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات دەدوێت و باسێکی خۆی و چالاکییەکانی دەکات.

*باسێکی پرۆفایلی ژیانی خۆتمان بۆ بکە؟
-من دەرچووی بەشی پەروەردەی وەرزشیم، هەم لە پەیمانگا و هەمیش لە کۆلێژ، هەروەها مامۆستاشم لە پەیمانگای پایتەختی وەرزشی وانەی وەرزش دەڵێمەوە، خاوەنی چەندین بڕوانامەی ناوخۆیی و دەرەوەم، بێجگە لە مێدالیا کە لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق و ئاسیا بەدەستم هێناوە.

*سەرەتای دەستپێکی تۆ بۆ ناو وەرزش بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
-لە تەمەنی منداڵی هاتمە ناو وەرزش، واتە لە سەرەتای ساڵی 2000، و دواتریش لە ساڵی 2007 پەیوەندییم بە یانەی ئافرەتانی هەولێرەوە کرد، ئەو یانەیە یەکەم یانە بوو بۆ من و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە لەو یانەیە بووم توانیمان زۆر دەستکەوتی باش بەدەست بهێنین، جگە لە چەندین پاڵەوانێتی کە تێیدا پلەی یەکەممان بەدەسهێناوە، ئەویش لە ساڵی 2013 لە پاڵەوانێتی عەرەبی کە لە وڵاتی مەغریب بەڕێوەچوو هەر لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر ئەنجامماندا، لە ساڵی 2016 لە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەچوو لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق توانیمان پلەی یەکەم بەدەست بهێنین.

*ئەو یانانەی یاریت لەگەڵ کردوون کامانەن؟
-هەر یانەیەک کە یاریم لەگەڵیان کردووە بە شانازییەوە لەگەڵیان بوومە و ئەوانیش یانەی ئافرەتانی کوردستان و یانەی نەجەف و یانەی ئەفرۆدێتی سلێمانی و هەولێر.

*ئاستی وەرزش لە کوردستان و عێراق چۆن دەبینیت؟
-ئاستی وەرزش لە عێراق بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی هیچ بە گەشبینییەوە نایبینم، چونکە گرنگییەکی وا بە یاریزانانی کچ نادرێت، چونکە بە چەندەها یاریزانی کچی زۆر لێهاتومان هەیە کە پشگوێ خراون تەنها کاتی پاڵەوانێتی بە بیر دەهێنرەوە، بۆیە هیوادارم بە جدی کار لەسەر بەرەوپێشڤەچونی زیاتری وەرزش بدرێت.

*پاڵپشتی تۆ بۆ بەردەوام بونت لە وەرزشدا کێ بووە؟
-خێزانەکەم بە گشتی زۆر پاڵپشت و هاوکارم بوونە، بە تایبەتیش باوکی خوا لێخۆشبم زۆر یارمەتیدەری من بووە، جارانێک هەبووە لەوانەیە سارد بویمەتەەوە بەڵام هەمیشە باوکم نەیهێشتوە کە واز لە وەرزش كردن بێنم.