خەبات: برادەر كەلهوڕ:- شارەزایان چاوەڕوانی ئەوە دەكەن ئەگەر كەمالا هاریس لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتن بەدەست بێنێت كار بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئەڵمانیا و ئەوروپا دەكات ، پێچەوانەی دۆتاڵد ترامپ” ركابەرەكەی كە لە ویلایەتی یەكەمیدا گرنگییەكی ئەوتۆی بە پەیوەندی كلاسیكی نێوان وڵاتەكەی و ئەوروپاییەكان نەدا”.
نموونەی سەركەوت
كامالا هاریسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بەوە ناسراوە كە سەرباری ئەوەی لە كەمینەكانی ئەمەریكایە بەڵام كەسێكی پابەندە و نمونەیەكی دیاری سەركەوتنە..لە حاڵەتێك ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا سەركەوتن بەدەست بێنێت هەڵوێست و بڕیارەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو كاردانەوەی بەسەر سیاسەتی دەرەوە دەبێت لە پەیوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئەڵمانیا و ئەوروپا .ئەڵمانیا هاوبەشێكی كۆنی كیشوەری ئەوروپایە بۆ ئەمەریكا ، بۆیە هاریس لە گرنگی ئەو پەیوەندییە دەزانێت و پێیوایە دەبێت هەردووك بەری ئۆقیانووسی ئەتلەسی پەیوەندی ئابووری و ئەمنی بەهێزیان هەبێت.هەروەها ئەڵمانیا بە تەنیا هاوبەشێكی بازرگانی بەهێزی ئەمەریكا نیە بەڵكو یەكێكە لە سەرەكیترین ئەندامانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ).
ناتۆ و باڵانسی هەڵبژاردنەكان
هاریس بەردەوام پاڵپشتی لە هاوبەشییەكی بەهێز لەگەڵ ناتۆ دەكات،بڕوای وایە پێویستە بەیەكەوە كاری هاوبەش بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و تیرۆر و تاوانی ئەلیكترۆنی .هەروەها پشتگیری لە رێككەوتن و پەیماننامە فرەلایەنەكان دەكات، بەپێچەوانەی ترامپ ، ئەوەش وایكردووە هاوپەیمانە ئەوروپییەكان زیاتر پاڵپشتی لە كامالا هاریس بكەن نەوەك ترامپ.بەڵام هەندێكجار رەشەبا بە پێچەوانەی ویستەكان بە تایبەتی ئەوروپاییەكان هەڵدەكات ، بژاردەی دەنگدەری ئەمەریكایی زۆر گرنگە و كاریگەر دەبێت بە پەیوەندییە دیپلۆماسیەكان زۆرجار لەگەڵ ویستی ئەوروپیەكان تێك ناكاتەوە،ئەوەتا هەندێك لە ئەوروپاییەكان پاڵشتی كاندیدكردنی میشێل ئۆباما دەكەن، لەو بارەوە رۆژنامەی ئێلبریۆ دیكۆی” ئیسپانی لە مانشێتێكدا نووسیویەتی : ئاییندەی جیهان لەسەر كۆنگرەی دیموكراتخوازەكانی ئەمەریكا وەستاوە .هەروەها ئەوروپییەكان پێیان وایە تاكە كەس بتوانێت بچێتە نێو ململانێكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و بتوانێت بەسەر دۆناڵد ترامپ سەركەوێت میشێل ئۆبامایە.
بەرلین سەركەوتنی هاریس بەدوور نازانێت
هەر كە جۆ بایدنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا دەكشێتەوە، ئۆلاف شۆلتسی راوێژكاری ئەڵمانیا لە لێدوانێكدا گوتی: دەكرێت كامالا هاریس لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا سەركەوتن بەدەست بێنێت.گوتیشی هاریس كەسایەتیەكی سیاسی بەتوانایە و شارەزاییەكی باشی هەیە و خاوەن تێڕوانینێكی روونە لە بارەی ئەوەی كە دەبێت وڵاتەكەی بە چ ئاراستەیەك هەنگاو بنێت لە هەمبەر رووداو و پێشهاتەكانی جیهان.شوڵتس گوتیشی: ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەر چییەك بێت ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەمەریكا ، بەڵام لە حاڵەتێك ئەگەر ترامپ لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتن بەدەست بێنێت. ئەڵمانیا و زۆربەی پایتەختەكانی ئەوروپا نیگەران دەبن ، چونكە سیاسەتی ترامپ لە هەمبەر پەیمانی باكوری ئەتڵەسی ئیجابی نییە.
پێشبڕكێ بەرەو كۆشكی سپی
دوای ئەوەی كامالا هاریس هاتە نێو چوارچێوەی پێشبڕكێی گەیشتن بە كۆشكی سپی ئەمەریكا،دینامیكەیتی پێشبڕكێكە گۆڕانكاری بەسەردا هات و گرنگترین چەك لای كاندیدەكان وروژاندنی ترسە لە یەكتر . دیموكراتخوازەكان پێیان وایە دۆناڵد ترامپ هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسیەت ، لە بەرانبەردا كۆمارییەكان دەڵێن،هاریس نوێنەرایەتی چەپی رادیكاڵ دەكات و ئامانجی تێكدانی خەونی ئەمەریكاییەكانە . رەنگە ئەوروپاییەكان خۆیان هەڵبخەڵەتێنن ئەگەر بێتو خۆیان بە بەڵێنەكانی نوێبوونەوەی دیموكراتخوازەكان ببەستنەوە .لە هەمان كاتیش متمانەی زێدە لە پێویستی كۆمارییەكان كە گوایە سەركەوتوون ،هەڵەیەكی دیكەیە.لە دیوێكی دیكەدا دیموكراتخوازەكان بە هەموو توانایەكیان هەوڵدەدەن سوود لە كشانەوەی جۆ بایدن ببینن و هەموو كارتێك بەكار بێنن بۆ سەركەوتن بەتایبەتیش بچوكی تەمەنی هاریس بە بەراورد بە تەمەنی ترامپ.
چانسی ترامپ لە سەركەوتندا زیاترە
لە یەكەم راپرسیدا دوای دوو رۆژ لە دەست لەكاركێشانەوەكەی بایدن لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەمەریكا كە لە 24 ی یۆلیۆ ئەنجام درا، كامالا هاریس بە رێژەیەكی كەم بەپێش دۆناڵد ترامپ كەوت و توانی 44% رێژەی بەشدار بووان بەدەست بێنێت بەرانبەر بە 42% بۆ ترامپ.ئەوەش دەریدەخات كە بە شێوەیەكی كاتی لە پێش ترامپدایە ، چونكە دوای بڕیاری كشانەوەی بایدن هاریس توانی حەماسەتی دەنگدەرە دیموكراتخوازەكان بقۆزێتەوە و بەپێش ترامپ بكەوێت و ئەو تەوژمە كپ بكاتەوە كە ترامپ دوای هەوڵی تیرۆركردنی بەدەستی هێنابوو .كەچی رۆژنامەی داگینز نیهیتری سوێدی لیبرالی لە 24 یۆلیۆ هۆشداری دا لەوەی هێشتا چانسی ترامپ زیاترە بۆ سەركەوتن چونكە ترامپ بەرژەوەندی ئەمەریكای پێ لە بەرژەوەندی خۆی گرنگترە.رۆژنامەكە روونیكردووەتەوە ، هەر كەسێك بە واقیعی تەماشای رەوشی هەڵبژاردنەكان بكات ، تێبینی ئەوە دەكات سەرباری هەموو شتێك هێشتا چانسی ترامپ زیاترە بۆ سەركەوتن ، بۆیە دەبێت كامالا هاریس هەوڵی زیاتر بخاتە گەڕ.
شەڕی نێوان دوو پارتی سەرەكی
بەراستی هەڵبژاردنێكی سەرسوڕهێنەرە، هەردوو حزبەكە هەموو توانایەك بەكار دەهێنن بۆ شكستپێهێنانی بەرانبەر ، كۆمارییەكان بەهانەی گەورەیی تەمەنیان بە جۆ بایدن دەگرت، جۆ بایدن كشایەوە و هاوكێشەكەی پێچەوانە كردەوە ، ئێستا دیموكراتخوازەكان بەهانەی گەورەیی تەمەن بە ترامپ دەگرن . دیموكراتخوازەكان دەڵێن بە سەركەوتنی ترامپ دیموكراسیەت لە ئەمەریكا و جیهان دەكەوێتە ژێر هەڕەشەوە، كۆمارییەكان دەڵێن وا نیە چونكە ترامپ بەرژەوەندی ئەمەریكا لە بەرژەوەندی كەسیی خۆی لا گرنگترە و كار دەكات بۆ ئەوەی ئەمەریكا جێگە و پێگە و هێزی خۆی لە جیهان بەدەست بێنێتەوە.