خەبات: كاروباری عەڕەبی و ئیقلیمی:- لە بەردەوامیی شەڕی غەزە و هێرشەكانی ئیسڕائیل بەسەر فەلەستین وباشووری لوبنان، وادیارە توركیاش دەیەوێ بەهەر شێوەیەك ببێتە بەشێك لەم بارودۆخە لەڕێگەی لێدوان و قسە و هەڕەشەكانی سەرۆك و بەرپرسانی ئەم وڵاتە و وەڵامەكانی ئیسڕائیل بۆ ئەم لێدوانانە، ئەم بارودۆخە نائاساییە گەیشتە ئاستێك كە بۆتە مانشێتی سەرەكیی هەواڵەكانی جیهان بەڵام بەشێكی زۆری چاودێران لە مەترسی و سەختیی ئەنجامەكانی ئەم لێدوانانەیان كەم كردەوە و تەنها وەكو شەڕە قسە وەسفیان كرد.

ئەردۆغان هەڕەشە دەكات
لە وتارێكی دا لە میانەی كۆبوونەوەیەكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا لە شاری ڕیزا ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بە شێوەیەكی راستەوخۆ هەڕەشەی لە ئیسرائیل كرد كاتێك لە وتارەكەی دا گوتی : وەك چۆن چووینە لیبیا و سوپای توركیامان بردە نێو ناگۆرنۆ قەرەباغ، ئاواش ئامادەین دەست لە كاروباری ئیسڕائیل وەربدەین و سوپای توركیا ببەینە ئەوێ و هەمان كاری لیبیا و قەرەباغ بكەین، ئەردۆغان لە وتارەكەی دا رەخنەیەكی زۆری لە ئیسرائیل گرت و ئەوەی خستەڕوو فەلەستین كەوتۆتە ژێر هێرشێكی زاڵمانەوە و ناكرێ لەوە زیاتر بێ دەنگی بنوێندرێت و پێویستە بە شێوەیەكی ئازایانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بكرێت، رۆژنامەی تورك پرێس ئاماژەی بەوە كردووە ئەردۆغان هیچ رونكردنەوەیەكی نەبوو لە بارەی ئەو لێدوانانە و هیچ بەرپرسێكی پارتی داد و گەشەپێدان ئامادە نەبوو روونكردنەوە لەبارەی قسە و لێدوانەكانی بدات.

ئیسڕائیل بێ وەڵام نەبوو
قسە و لێدوانەكانی ئەردۆغان ناڕەزاییەكی زۆری لە نێوەندە سیاسییەكانی ئیسڕائیل لێكەوتەوە ، یسرائیل كاتس وەزیری دەرەوە داوای لە ئەمەریكا و هاوپەیمانانی كرد هەرچی زووە كار بۆ دەركردنی توركیا لە پەیمانی ناتۆ بكەن و داوای كرد هەموو نێردە دیپلۆماسییەكانی ئیسڕائیل لە پەیوەندیی بەردەوام دا بن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ تا دەگاتە ئاستی وەدەرنانی توركیا لەم پەیمانە سەربازییەدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرٍائیل ئەردۆغانی بە سەددام وهیتلەر شوبهاند و ئاماژەی بەوە كرد بەم قسە و هەڕەشانەوە چارەنووسی لەو دوو دیكتاتۆرە باشتر نابێت.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا: نەتانیاهۆ هاوشێوەی هیتلەر رەفتار دەكات
وەزارەتی دەرەوەی توركیا هۆشداریی توندی بە ئیسرٍائیل دا و داوای لێكردن زێدەڕۆیی نەكەن لە قسە و لێدوانەكانیان و پابەند بوونی توركیایان بە بەرگری كردن لە فەلەستین دووپات كردەوە، وەزارەتی دەرەوە لە پێگەی X بنیامین نەتانیاهۆی بە هیتلەری سەرۆكی ئەڵمانیای نازی شوبهاند و بە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی لە دژی هاووڵاتیانی سڤیڵی فەلەستین و رێگریكردن لە گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی بۆ غەزە تۆمەتبار كرد و ئاماژەی بەوە كرد بە هەموو شێوەیەك توركیا ئامادەیە یارمەتی هاووڵاتیانی غەزە بدات و لەو هەڵوێستەیان پاشگەز نابنەوە.

لەلای خۆشیەوە هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیا لە وەڵامی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە كرد فەلەستین دەنگی ویژدانی مرۆییە لەسەر ئاستی جیهان و حكوومەتی ئیسرائیل و هەموو ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ ئەم پرسە كپ بكەن بە ترسنۆك وەسف كرد و بە هەمان ئاستی لێدوانی وەزارەت ئەوەی خستەڕوو هەر كەسێك مافی خەڵكی بێ تاوان پێشیل بكات چارەنووسی لە دیكتاتۆرانی پێشوو باشتر نابێت.

چاودێرانی سیاسی: تەنها شەڕە قسەیە
چاودێرانی سیاسی و سەربازی وای بۆ دەچن ئەم لێدوانانە هیچ ئەنجامێكی مەترسیداری لێ نەكەوێتەوە و تەنها شەڕی قسە بێت و لێدوانی وا توند سوودی بۆ هەردوو لا هەیە چونكە هەردوولا لە قەیران دان.

ئەم چاودێرانە ئاماژە بەوە دەكەن پەیوەندییەكی توند توركیا و ئیسڕائیلی لە زۆر بواردا گرێ داوە و هیچ یەكیان ناتوانن ئەم پەیوەندییانە بكەنە قوربانیی بارودۆخێكی كاتی بەڵام خودی حكوومەتی نەتانیاهۆ لە قەیرانێكی زۆر گەورە دایە و بەشێكی زۆری جەماوەری ئیسرائیل و خودی وەزیر و بەرپرسان لێ رازی نین و داوای گۆڕینەوەی نەتانیاهۆ دەكەن، لەلایەكی دیكەشەوە توركیاش لە قەیرانێكی گەورەی ئابووری دایە و ڕێژەی گەشتیاران لە نیوەی دووەمی 2023 تا مانگی ئایاری 2024 بۆ زیاتر لە نیوە كەمی كردووە و دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەم وڵاتە واقیعێكی دیكەی بۆ حزبی ئەردۆغان و حزبەكانی دیكەی توركیا نیشان دا بۆیە بەردەوام بوونی ئەم لێدوانانە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.

مەحموود عەباس سەردانی توركیا دەكات
باڵیۆزی فەلەستین لەتوركیا ئاشكرای كرد لە ئایندەیەكی نزیك دا مەحموود عەباسی سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین سەردانی توركیا دەكات و ئێستا وەزارەتی دەرەوەی هەردوولا كار بۆ دیاریكردنی كاتێكی گونجاو دەكەن بۆ ئەم سەردانە، ئاژانسی تورك پرێس ئاماژەی بەوە كرد ئەم سەردانە دوای ئەو رەخنانە هات كە ئەردۆغان ئاراستەی مەحموود عەباسی كرد بەهۆی سەردانی نەكردنی توركیا سەرەڕای هەبوونی داوەتی فەرمی بەتایبەتی دوای وتارەكەی نەتانیاهۆ لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو.

ئەم ئاژانسە ئاشكراشی كرد ئامادەكاری بۆ رێكخستنی كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی توركیا دەكرێت كە تیایدا عەباس وتارێك پێشكەش بكات و وەڵامی قسەكانی نەتانیاهۆ بداتەوە، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەردۆغان داوای كردووە عەباس داوای لێبوردنیان لێبكات لەپای دواكەوتنی سەردانەكەی بۆ توركیا.

نەتانیاهۆ لە كۆنگرێس لە نێوان پاڵپشتی و ڕەخنەی تونددا
ئەگەرچی بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە چەپڵەیەكی توندەوە پێشوازیان لە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل كرد لە 24 ی تەمموزی رابردوودا، هاوكات بەشێكی ئەندامانی كۆنگرێس بە دەنگی بەرز و هاوارێكی زۆرەوە داوایان كرد لە باڵەخانەی كۆنگرێس دەربچێت و واز لە درۆ و دەلەسەكانی بهێنێت و بڕیاری وەستاندنی شەڕ بدات لە غەزە و تاوانەكانی ئیسڕائیل لە دژی هاووڵاتیانی سڤیڵ رابگرێت، نەتانیاهۆ لە وتارەكەی دا هێرشی 7 ی ئۆكتۆبەری 2023ی بە كارێكی وەحشیانە وەسف كرد و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەمەریكا و بۆ خودی جۆزێف بایدن نیشان دا و داوای كرد هەرچی زووە بزووتنەوەی حەماس بارمتە ئیسڕائیلییەكان ئازاد بكات، داواشی لەو كەس و گرووپ و رێكخراوە ئەمەریكییانە كرد كە لە دژی ئیسرٍائیل خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن جیاوازی لە نێوان ئیسرٍائیل و حەماس بكەن چونكە بە گوتەی خۆی حەماس رێكخراوێكی تیرۆریستییە و لە دژی مرۆڤایەتی كار دەكات و خۆپیشاندەرانی بە جێبەجێكاری پلان و رەفتارەكانی ئێران لەناوچەكەدا لە قەڵەم دا.

ئاماری مەترسیدار، قەیرانێكی بەردەوام
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی رێكخراوە مرۆییەكان شەڕی غەزە زیاتر لە 39 هەزار كوژراوی لێكەوتۆتەوە وكە نزیكەی 13 هەزاریان منداڵن تائێستاش زیاتر لە 90 هەزار كەس بە برینداری ماونەتەوە و بەشێكی زۆریشیان بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە گیان لەدەست دەدەن، لەلای خۆشیەوە وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین ئاشكرای كرد تەنها لە 17 رۆژی یەكەمی شەڕەكە زیاتر لە 7 هەزار كەس كوژراون ، هەر لەم چوارچێوەیەش دا سوپای ئیسرائیل كوژرانی زیاتر لە 700 سەربازی سوپاكەی راگەیاند ئەمە جگە لە سەدان بارمتە و بریندار وهاووڵاتیی مەدەنی كە چارەنووسیان دیار نیە، لەگەڵ هەبوونی ئەم ئامارە كە ژمارەكەی رۆژانە لە زیادبوون دایە، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ راگرتنی ئەم قەیرانە و هەبوونی چەندین ناوەندگێڕی و دەستپێشخەری بۆ ئەم مەبەستە بەڵام وادیارە قەیرانەكە هەر بەردەوامە و زیاتریش درێژە دەكێشێت و تەنها لە چوارچێوەی لێدوان و وەڵام و هەڕەشەدا دەمێنێتەوە.