کاروان محەمەد سینو
ئاشکرایە کە بنەماڵەی بارزانی و سەرجەم بارزانییەکان(هەر لەسەرەتای بزووتنەوەی شێخ عەبدوسەلامی یەکەم) تاکو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، هەڵگری مەشخەڵی عەدالەت و شۆڕشگێڕی و ئازادیین، خوازیار و پارێزەری مافەڕەواکانی سەرجەم خەڵکی کوردستان بوونە بەبێ جیاوازی. بۆ ئەم مەبەستە (خودی بنەماڵەی بارزانی و بارزانییەکان) لەمێژووی خەباتیاندا دەیان هەزار قوربانی و شەهیدیان لەم ڕێگایەدا بەخشیوە، بۆ نموونە هەر لە شۆڕشەکانی بارزان و کۆماری کوردستان لە مەهاباد و لەشۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی عێراق (Operation Iraqi Freedom ) کە تێیدا خودی کاک (وەجیه بارزانی) بەسەختی بریندار بوو، هەروەها قوربانیی بارزانییەکان لە شەڕی دژی (داعش) و (ڕزگارکردنی شنگال) و شەڕەکانی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان (شەڕی پردێ و سحێلا و مەحموودییە و تەلەسقوف)و هتد. ئەمانە و بێجگە لە بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردنی بارزانییەکان لە ئەنفال و جینۆساید و سەرکوتکردنی شۆڕش و هەڵمەتەکانیان.
هەڵبەت لەپاڵ بارزانییەکان پێشمەرگەکانی رێبازی بارزانی و پارتی لە هەموو چین و توێژ و عەشیرەت و نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانی کوردستان هەموویان خاوەنی شەهید و بریندارن و قوربانی بێ وێنەیان بەخشیوە بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان. لێرەدا و بە بۆنەی ٤١ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کردنیان؛ بە نموونە باسی قوربانییەکانی بارزانییەکانی دەکەین لەپێناوی بزاڤی ڕزگاریی خوازی کوردستان.

سەرەتای تاوانی ڕاگواستنەوەی بارزانییەکان
ئەگەرچی لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان و لێدوانەکاندا، ڕۆژی جینۆسایدی بارزانییەکان بە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ دەزانرێ، بەڵام من پێم وایە هەر لە سێدارەدانی شێخ عەبدوسەلام بارزانی (١٤ی کانونی یەکەمی ١٩١٤ لە موسڵ) جینۆسایدی بارزانییەکان دەستی پێکردووە و لە شۆڕشی یەکەمی بارزان(١٩٣١ – ١٩٣٢) و شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣ – ١٩٤٥) و پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بەردەوام بووە، تاکو گرتن و کوشتنی بارزانییەکان لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣. لەم ڕووەوە مێژوو شاهیدە، بەڵام لەم نووسینە کورتەدا دەرفەتی خستنەڕووی ڕووداوە مێژووییەکانی پێشووتر نییە.

قۆناغی یەکەمی ڕاگواستنی سەرەتا (١٩٧٥):
شایانی باسە، دوابەدوای ڕێککەوتنی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧٥ کوتوپڕ لەلایەن (ڕژێمی عێراق “سەدامی دیکتاتۆر”) ١٠ گوندی ناوچەی مزووری دەڤەری بارزان، بە هەلیکۆپتەر ڕاگوێزرانە (بارزان) و لە وێشەوە بەرەو قەزای (عەفەک) و بیابانەکانی (شافعیە، ئەلفدێر، ئەلفەوارە، جحێش، مەرجەوییە) لە پارێزگای دیوانییەی باشووری عێراق ڕاگوێزرانەوە.

قۆناغی دووەمی ڕاگواستنی سەرەتا(١٩٧٦-١٩٧٨):
لەم قۆناغەدا بە دووجار گوندەکانی (بەڕۆژ و نزاری)بارزان ڕاگوێزران؛ لەم قۆناغەشدا ڕاگواستنەوەکەی بارزانییەکان کوتوپڕ و بە پەلە بووە کە ڕێگەیان پێنەدراوە هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان ببەن و خانووەکانیشیان دەتەقێندرایەوە…
جاری یەکەم؛ لەناکاو ١٤ گوندی دەڤەری(بەڕۆژی بارزان) بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران.
جاری دووەمیش؛ ١٠ گوندی دەڤەری(نزاری بارزان) بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران و لە ژێرچاودێری و پاسەوانی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەغدا، لە چوار کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە بیاباندا نیشتەجێکران. نیشتەجێکردن لە بیابانێکی بێ ئاو و بێ کارەبا و بێ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ بارزانییەکان وێنای دۆزەخ و زیندەبەچاڵکردن بوو. پاشان دیاربوو کە (ڕژێمی عێراق “سەدامی دیکتاتۆر”) پیلانی ئەوەی هەبووبێ کە بارزانییەکان هەموویان کۆبکاتەوە ئینجا لە یەک ئۆپەراسیۆندا جینۆساید و بێسەروشوێنیان بکات (هەر ئەمەش بوو کە لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ ڕوویدا)، بۆیە لە ساڵی ١٩٨٠دا ئەوانەی لەژیاندا مابوون لەو ڕاگوێزراوانەی (لەسەرەوە باسمانکرد)، گەڕێندرانەوە دەوراوپشتی هەولێر و لە کۆمەڵگای (قوشتەپە) نیشتەجێی کران.

قۆناغی سێیەمی ڕاگواستنی سەرەتا(١٩٧٨):
لەمانگی حوزەیران و تەمووزی ساڵی ١٩٧٨، نزیکەی ٧٧ گوندی دەڤەری (مزووری و شێروان) لەلایەن (ڕژێمی عێراق “سەدامی دیکتاتۆر”) ڕاگوێزرانەوە بۆ کۆمەڵگا زۆرەملێکانی دیانا و گۆڕەتوو و هەریر و بەحرکە و قوشتەپە و هەندێکیشیان بۆ کۆمەڵگەی شاخۆلان ڕاگوێزران.
لە کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا؛ بێجگە لە دەستبەسەری و ترس و دڵەڕاوکێ لە داهاتوویەکی نادیار؛ (ڕژێمی عێراق “سەدامی دیکتاتۆر”) ژیانی بارزانییەکانی تاڵ و سنووردار کردبوو و، زۆر بەوردی چاودێری ژیانی ڕۆژانەی بارزانییەکان دەکرا. دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک لێکۆڵینەوە و هەڕەشەیان لە پیاو و گەنجانی بارزانییەکان دەکرد، تەنانەت هاتوچۆشیان بۆ دەرەوەی کۆمەڵگاکە؛ سنوردار و بەپڕس و ڕا و چاودێریی هێزە ئەمنییەکان بوو.

ڕەشبگیریی بارزانییەکان (٣١ی تەمووزی١٩٨٣)
ڕۆژی ٣٠ی تەمووزی١٩٨٣، شێخ عوسمان مەلامستەفا بارزانی و (٢٢)لە کەسوکاری؛ لە بەغدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیر کران کە هەموویان لە بنەماڵەی بارزانیی نەمر بوون. دواتر دادگای (الثورة) کە دادگایەکی تایبەت بوو و لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەددام حوسێن و حزبی (بەعس)دا بوو، لە ٣٠/٨/١٩٨٣ بە بڕیاری ژمارە ١٤٤٦/ج/١٩٨٣ فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ شێخ عوسمان بارزانی و هەر (٢٢) کەسوکاری دەرکرد و دەست بەسەر سەرجەم ماڵ و موڵکەکانیاندا گیرا.

ڕەشبگیریی بارزانییەکان و لەسێدارەدانی بنەماڵەی بارزانیی نەمر لە دیکۆمێنتەکانی ڕژێمی “بەعس”دا
شەوی ٣٠/٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ هێزی ئەمنی دەڤەری ئۆتۆنۆمی بە پاڵپشتیی پاسەوانانی کۆماری و سوپا، هەردوو کۆمەڵگا زۆرە ملێیەکانی بارزانییەکانیان “قودس و قادسیە” لە (قوشتەپە/هەولێر) گەمارۆ دا و سەرلەبەیانی ٣١ی تەمووز دەستیانکرد بە پشکنینی ماڵ بە ماڵ و ڕەشبگیرکردنی ڕەگەزی نێر لە بارزانییەکان، هەر لەتەمەنی ١٥ساڵییەوە بەرەو سەر تاکو تەمەنی سەرووی٧٠ ساڵی، کەسوکاری بارزانییەکان دەڵێن کە “گەنجی تەمەن١٢ ساڵیشیان گرتووە، هەروەها کەسی نەخۆش و گەڕ و لاڵ و سەقەت و شێتیشیان گرتووە و ئەوانیش بێسەروشوێن کراون”.
هەروەها ڕاپۆرتێکی شەش لاپەڕەیی خودی (ڕژێمی عێراق “سەدامی دیکتاتۆر”) بە ژمارە ٨٤ لە ٢٩ی ئاداری ١٩٨٩ لەلایەن سکرتێری ئەمنی عامە دەرچووە (واتا شەش ساڵ و چوار مانگ پاش ڕەشبگیریی بارزانییەکان دەرچووە) و ئاراستەکراوە بۆ سکرتێری سەرۆکی ئەوکاتی عێراق (سەددام حوسێن)، پێدەچێ لەو کاتەدا سکرتێری سەدام حوسێن دەربارەی ڕەشبگیریی بارزانییەکان داوای زانیاری کردبێ لە فەرمانگەی ئەمنی عامە. لە پاڕاگرافی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتەدا دائیرەی ئەمنی عامە بەم شێوەیە زانیارییەکانی چۆنییەتی دەستگیرکردنی بارزانییەکان لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ دەخاتەڕوو:
“…. بەڕێز بەڕێوەبەری پێشووتری ئەمنی عامە (دکتۆر فازڵ بەڕاک) فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمنی ناوچەی حوکمی زاتی کرد بە پێکهێنانی هێزێکی گەورە لە کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتی و بارەگاکانی ئەمنی ناوچەی حوکمی زاتی بۆ ئەوەی ڕۆژی پاشتر ئامادەبن و ئەم ئەرکەیان بەتەواوەتی نهێنی بوو. ئینجا لە ١/٨/١٩٨٣ ئەوان لەگەڵ هێزێکی پاسەوانیی کۆماری (الحرس الجمهوري) دەستیانکرد بە گەمارۆدانی کۆمەڵگاکانی (قودس و قادسیە و قوشتەپە) کە تایبەتن بە نیشتەجێبوونی خێزانە بارزانییەکان و دەستکرا بە دەستگیرکردنی هەموو بارزانییەکان لە ڕەگەزی نێر بێجگە لەوانەی لە (١٥ ساڵ) کەمتر بوون، لەژێر چاودێری هێزی سەربازی و بە ئۆتۆمبێلی گەورە کە لە بەغداوە ئامادە کرابوون گواسترانەوە. هەروەها بە هەمان شێوە “٤٠٣” کەسی بارزانی سەربە هۆزی (بارزانی، شێروانی، مزوری)کە هەموویان سەربە عەشیرەتی بارزان بوون لە کۆمەڵگای (حەریر) سەربە شەقڵاوە دەستگیرکران، هەروەها لە کۆمەڵگاکانی (دیانا) سەر بە رەواندز و (مێرگەسۆر) لە پارێزگای هەولێر”.

کوشتن و زیندەبەچاڵ کردنی بارزانییەکان
لە پاراگرافی دووەمی هەمان ڕاپۆرت (ژمارە ٨٤ لە ٢٩ی ئاداری ١٩٨٩) کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کردووە نووسراوە: “لەلایەکی دیکەوە، بە فەرمانی بەڕێز بەڕێوەبەری پێشووی ئەمنی عامە، هێزێک پێکهێنرا لە کارمەندانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی عامە و بەرێوەبەرایەتیی ئەمنی بەغدا، بۆ وەرگرتنی گیراوەکان و هاوشێوەکانیان ئەوانەی لە (زیندانی ئەبوغرێب) دەستبەسەر بوون، کە سەرجەمی ئەو گیراوانەی ئەم هێزە وەری گرتن، بووە (٢٢٢٥)کەس و ڕاگواسترانەوە بۆ دەڤەری (بصیە) لە پارێزگای(المثنى)، و تیمێکی کار پێکهێنرا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری گەل بەسەریاندا ((واتا گولـلە باران کردنیان))”.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا، کە لە هەشت لاپەڕەی دەستنووس و حەفت بڕگە پێک هاتووە و لە ٢٩ی ئازاری ١٩٨٩ بەڕێوەبەری ئەمنی عامەی ئەو کات واژووی لەسەر کردووە، هەندێک زانیاری دیکە و تۆمەتی هەڵبەستراوی ئامادەکراو و، بێ بنەما بۆ بارزانییەکان هەڵبەستراوە و تۆمار کراوە.
لەئەنجامی ڕەشبگیری و کوشتن و زیندەبەچاڵکردنیان، (٨٠٠٠) هەشت هەزار بارزانی جینۆساید و قڕکران.
خوێنەری بەڕێز… ڕەشبگیری و قڕکردنی بارزانییەکان، هەروا کارەساتێکی ئاسایی نەبووە، هەوەرک مڕۆڤ لە ڕاپۆرت و نووسین و لێکۆڵینەوە و کتێبەکاندا دەیخوێنێتەوە. بەڵکوو کارەساتێکی جەرگبڕ و بوویەر و ڕووداوێکی تراجیدی بێوێنە و ناخهەژێن بوو؛ کە تاکو ئێستاش “پاش تێپەڕبوونی ٤١ساڵ” ڕەنگدانەوە و کاردانەوەکانی ئەم جینۆسایدە لەنێو بارزانییەکاندا ماوەتەوە و بەردەوامە. لە ئەنجامی ڕەشبگیری و قەتلوعامی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣، چەندین بووکی دەست بەخەنە تاکو ئێستا چاوەڕێی دیتنی تەنها ئێسک و پروسکی زاواکەیەتی. چەندین دایک بە حەسرەتەوە کۆچی دواییان کرد و هەندێکیان ئێستا لە ژیاندان و هێشتا چاوەڕێی دیتنی کوڕە تاقانەکەیانن. چەندین کچ و کوڕ کە هەندێکیان ئەو کات ساوا و هەندێکیان لە تەمەنی گوڵدا بوون، ئێستا کەساس و بێ هودە چاو لەرێن؛ بە هیوای ئامێز و بۆنی باوکیانن ئەگەر ئێسک و پروسکیش بێت.. تاکو ئێستاش چەندین دەستگیران نیشانە و ئەڵقەی دەستگیرانییان فڕێ نەداوە و قژیان (ماش و برنج تێکەڵ بووە) و چاوەڕوانی ژوانی دەستگیران و کوڕەلاوی خۆیانن؛ بەڵکوو سوراخێکی هەبێ…. نازانم چی بگێڕمەوە لە تراژیدیای بارزانییەکان کە هەمیشە ئەوان قۆچی قوربانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بوونە، هەمیشە ئەوان قەڵغانی گولـلە بوونە بۆ ئەوەی سەرجەم خەڵکی کوردستان پارێزراو و ئاسوودە و سەربەست بژین.
بێشک هەموومان (یاخود ئەوانەی کە ویژدانیان هەیە و ویژانیان زیندووە) دەبێ ئەمڕۆ دان بەوەدا بنێین کە میللەتی کورد و خەڵکی کوردستان و نەوەکانی ئایندە، هەموو قەرزاری خوێن و قوربانییەکانی بنەماڵەی بارزانی و بارزانییەکانین و پێزانینمان هەیە بۆ قوربانییەکانی ئەوان. لەگەڵ ئەمەشدا… دەبینین ئەو بارزانییانەی کە قوتابی و پەروەردە و ڕێبواری ڕێبازی بارزانیی نەمرن، خەڵکی خۆنەویست و خاکی و سادە و هەڤاڵ دۆست و وەفادارن و هەموو کات ئامادەی قوربانیدانن لە پێناو عەدالەت و ئازادی و پاراستنی سەرجەم خەڵکی کوردستان بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانییەوە.

هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ زانینی چارەنووسی بارزانییەکان
ئاماژە بە دیکۆمێنتەکانی پاشماوەی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق، دەردەکەوێت کە هەر لەسەرەتاوە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر پەرۆشی زانینی چارەنووسی بارزانییەکان بووە و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی زۆر هەوڵی داوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی بارزانییە بێسەروشوێنەکان، بەڵام هەردەم (ڕژێمی عێراق “سەدامی دیکتاتۆر”) خۆی لە وەڵامدانەوەی فەرمی و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی دزیوەتەوە و سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکانیشیان ئاگادار کردووەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێک دەربارەی چارەنووسی بارزانییەکان بۆ هیچ کەسێک نەخەنەڕوو.
بەپێی دیکۆمێنتێکی نهێنی سکرتێری “سەددام حوسێن” ژمارە ٢٦٥١/ک لە ٢٤ی ئابی ١٩٨٧ کە ئاراستەی “عەلی حەسەن مەجید” ئامۆزای سەددام حوسێن کراوە کە ئەو کات بەرێوەبەری ئەمنی عامی عێراق بووە لە بەغدا، دەربارەی درکاندن و باسکردن لە چارەنووسی بارزانییەکان، لە نووسراوەکەدا بەم شێوەیە هاتووە: “لەبەر ئەوەی تاوانبار مەسعود بارزانی بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەسەر بابەتی بارزانییەکان، ئەوانەی لە کۆمەڵگای قوشتەپە نیشتەجێ ببوون لە پارێزگای هەولێر…. لەم بارەیەوە؛ بەڕێز سەرۆکی پێشەوا (واتا سەددام حوسێن) فەرمانی کرد، کە بەرپرس و دەزگا ئەمنییە پەیوەندارەکان بە دۆزی کورد ـ ئەوانەی کە لە ڕێگای لایەنی سێهەمەوە پەیوەندییان پێوە بکرێ ـ ئاراستە بکرێن کە وەڵامیان دیاریکراو و یەک شێواز بێت بەوەی(کەس هیچ شتێک لێیان نازانێت؛ بێجگە لە سەرکردایەتیی دەوڵەت…”.
دەستبەجێ ئەم نووسراوە یاخود ئەم وەڵامە بەسەر هەموو دەزگاکانی ئەمنی و پەیوەندار گشتێندرا و، لەو ڕۆژەوە هیچ کەس و لایەن و دەزگایەکی حکوومەتی عێراق هیچ زانیارییەکیان دەربارەی چارەنووسی بارزانییەکان نەدرکاندووە.
شایانی باسە… لە وتارێکیدا کە شەوی ١٢ی٩ی١٩٨٣ تەلەفزیۆنی عێراق بڵاوی کردەوە و رۆژی پاشتر واتا لە١٣ی٩ی١٩٨٣ هەرئەو وتارە؛ ڕۆژنامەی (الجمهوریە)ی سەر بەڕژێمی سەددام حوسێن بڵاوی کردەوە، لە وتارەکەیدا بەڕق و کینێکی زۆڕ نامرۆڤانە و بێ ویژانانە؛ سەددام حوسێن گوتی: “….ئەوانەی بە بارزانییەکان ناودەبرێن سزای توندی خۆیان وەرگرت و چوونە جەهەنەم”. ئەمەش ئاماژەیەک بوو لەلایەن خودی سەددام حوسێنەوە کە بە بڕیاری ئەو؛ بارزانییە ڕەشبگیری کراوەکانی ٣١ی تەمووزی١٩٨٣ هەموویان کۆمەڵکوژ (جینۆسایت) کراون.

بۆچی دەڵێین بارزانییەکان جینۆساید کران؟
دەستەواژەی (جینۆساید) هەر وشەیەکی ئاسایی نییە کە بۆ نووسین و لێدوان بەکاری دەهێنیت، بەڵکوو دەستەواژەیەکی تاوان ئامێزە بە واتای (کۆمەڵکوژی) کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بنەمای یاسایی و هەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیە.
کۆمکاری نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations General Assembly) بە بڕیاری ژمارە ٩٦(دـ١) ڕوژی ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ ڕایگەیاندووە کە (کۆمەڵکوژی ـ جینۆساید) بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانێکی نێودەوڵەتییە و لە (ماددەی دووەمی) بڕیارەکەدا، بەم شێوەیە پێناسەی (جینۆساید) کراوە: (کۆمەڵکوژی واتا ئەنجامدانی هەرکارێک، بە نییەتی قڕکردنی گشت یان بەشێکی کۆمەڵی نەتەوەیەک یان ئیتنیک (Ethnicity) یان ڕەگەزێک یان ئایینێک، بەم شێوەی خوارەوە:
‌أ. کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵێک.
‌ب. ئازاردانی جەستەیی یاخود رۆحیی ترسناک بە ئەندامانی کۆمەڵێک.
‌ج. بەئەنقەست ڕووبەڕووکردنی کۆمەڵێک ڕووەو بارودۆخی ژیانێکی سەخت بە نیازی لەناوبردنی گشتیان یاخود بەشێکیان.
‌د. گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەی کە دەبنە هۆکاری نەزۆکی لەنێو کۆمەڵ.
هـ. گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی دیکە.
هەروەها بڕیاری ئاماژەپێکراو لە (ماددەی سێیەم)دا، ئەم کارانەی خوارەوە بەجینۆساید هەژمار دەکات و سزاباریان دەکات:
‌أ. ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
‌ب. پیلانڕێژی بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
‌ج. هاندانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
‌د. هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
هـ. بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی.
لەلایەکی دیکەشەوە، (ماددەی چوارەم)ی بڕیاری ئاماژەپێکراو [ژمارە ٩٦(دـ١) ڕوژی ١١ی کانوونی یەکەم ١٩٤٦] ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی یان هەریەک لەو کارانەی لە ماددەی سێیەمدا هاتووە سزاباریان دەکات، هەتا ئەگەر تاوانبارەکان دەسەڵاتداری دەستووری و شەرعی بن یان فەرمانبەری گشتی بن یاخود کەسانی ئاسایی بن.
خوێنەری بەڕێز… پاش وردبوونەوە لەو هەلومەرج و کار و ڕەفتارانەی لە بڕیاری [ژمارە ٩٦(دـ١) ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦]ی کۆمکاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بێشک دەبینین کە ڕاگواستنەوە و گرتن و قڕکردن و کوشتن و زیندەبەچاڵ کردن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان هەموویان لە چوارچێوەی ئەو تاوانانەن کە لە ماددە و بڕگەکانی بڕیاری ناوبراودا هاتووە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: (بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و عێراق فیدڕاڵ تاکو ئێستا خۆیان لە بە جینۆساید ناساندنی بارزانییەکان بێدەنگ کردووە؟!). بەداخەوە تاکو ئێستا نە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵوێستیان لە ئاستی قوربانی و قڕکردن و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان نەبووە، ئەمەش بەردەوام جێگای هەڵوەستە و پرسیارە دەمێنێتەوە؟!!.