خەبات: ئاشنا جاف:- نەمانی ئەو سیستمە تەناهییەی كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا لە ساڵی 2022 و لكاندنی كریمیا لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 2014دا، لە ژێر چاودێری ئەمەریكا، لە قۆناغی دوای جەنگی سارد لە ئەوروپا دامەزرابوو، بووە هۆی دەركەوتنی دابەشكارییەكی نوێ لە ئەوروپا، كە هیچ لەوەی لە سەردەمی جەنگی سارددا هەبوو ناچێت. لە لایەكی ئەم دابەشبوونەدا، پێكهاتە تەناهی، سیاسی و ئابووری ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا هەیە، كە پایتەختەكەیان برۆكسلە، لە لایەكی دیكەشەوە ڕووسیا و تاكە هاوپەیمانەكەی كە بیلاڕووسیایە هەیە، لە نێوانیشیاندا چەند وڵاتێك لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، ئۆكرانیا، جۆرجیا و مۆڵدۆڤا دەمێننەوە، كە هەموویان بەشێكی پێشووی یەكێتی سۆڤیەتن. هەموویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی قۆناغی گواستنەوەیی دوای یەكێتی سۆڤیەت خەباتیان كردووە. ئێستاكەش هەموویان لە یاری پەت ڕاكێشانی جیۆسیاسی نێوان ڕووسیا و ئەوروپادا گیریان خواردووە. بۆ هەموو ئەم وڵاتانە، وەرچەرخان بۆ قۆناغی دوای یەكێتی سۆڤیەت، لە ئەنجامی داڕمانی سیستەمی تەناهی لە ئەوروپا لە دوای قۆناغی جەنگی ساردەوە، تا ڕادەیەكی زۆر قورستر بووە. لەگەڵ پابەندبوونی ڕووسیا بە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە (ئیمپراتۆر)یە تەواوكەرییە تایبەتەكەی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، كە ڕۆژئاوای بەكۆمەڵ هەوڵ دەدات شكستێكی ستراتیژی بەسەریدا بسەپێنێت، یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ هەوڵیاندا، چەند ڕێگەیەك بۆ پتەوكردنی هاوبەشیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا وەك ئامادەكارییەك بۆ لكاندنیان بدۆزنەوە، هەر بۆیە ئەو سێ وڵاتە هەوڵ دەدەن، بە ئاراستەیەكی ناپارێزراو لە نێوان ناوەندەكانی كێشكردنی ڕكابەرەكاندا تێپەڕن.

مۆڵدۆڤا لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا
ڕاكێشان بە هەر ئاراستەیەكی بەهێزدا، پێویستی زیاتری بە نزیكی جوگرافی ئەوروپا و ڕووسیادا هەیە، جگە لەوەش مێژووی هاوبەش، كولتوور، ئایین، پەیوەندییە ئابوورییەكان و بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی ناوازەی هەر وڵاتێك دەگرێتەوە، بێجگە لە مۆڵدۆڤا، ئەو وڵاتە سۆڤیەتە بچووك، هەژار و دابەشبووە، هیچ وڵاتێك لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا نییە، كە لە ڕووی ئاڵۆزییەوە هەموو ئەو هۆكارانەی تێدا بێت، لە چەند كۆمەڵەیەكی جیاواز پێكهاتووە، بەڕواڵەت هەندێكیان مەیلیان بۆ ناسنامەی ڕۆمانی و هەندێكیشیان مەیلی ڕووسییان هەیە، ئەم جیاوازییانەش دوای ململانێ بەرامبەر بەوانەی بە ڕەچەڵەك ڕووسین و بە پێچەوانەشەوە، بۆ دوژمنایەتیەكی هەمیشەیی پاچڤەبوو. بەڵام ئەگەر كولتووری ململانێی نێوان هەردوو بەشەكەی مۆڵدۆڤای پێشوو، هۆكاری یەكلایی كەرەوەی ئێستا و داهاتووی نەبێت، كەواتە هۆكارە یەكلایی كەرەوەكەی چییە؟ پێ دەچێت نزیكی وڵاتەكە – بە هەموو مانای وشەكە – لە ڕۆمانیا، پاشان لە یەكێتی ئەوروپاش، گرنگترین بزوێنەری لاپەڕگەیی كەسایەتی و ناسنامەكەی بێت. نزیكیی لە ڕۆمانیا، نەتەوەپەرستی مۆڵدۆڤی-ڕۆمانی و ئاراستەگرتن بەرەو یەكگرتن لەگەڵ ڕۆمانیا، لە گڕگرتنی ململانێی ترانسدنیستریا (هێمایە بۆ ناوچەی ترانسدنیستریای جیابوویەوە) زۆر گرنگتر بوو. نزیكی لە یەكێتیی ئەوروپا لە ڕێگەی ڕۆمانیاوە، هۆكارێكی سەرەكی دووركەوتنەوەی مۆڵدۆڤا لە مێژووە سۆڤیەتییەكەی و دوور كەوتنەوەی لە بەرژەوەندییە لكاوەكانی بە ڕووسیاوە بوو، بە دوور نازاندرێت لە داهاتوویەكی نزیكیشدا، شتەكە هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە. لە هەمان كاتیشدا، مێژووی پەیوەست بوون لەگەڵ ڕووسیا، هەژموونی سیاسی مۆسكۆ، بوونی سەربازیی لە ترانسدنیستریا و پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان مۆڵدۆڤا، كە كیشیناو و ترانسدنیستریای هاوپەیمانی ڕووسیا بەسەریدا زاڵن، بەو مانایەیە كە مۆسكۆش، بۆ گەشەسەندنی داهاتووی مۆڵدۆڤا بە شێوەیەكی زۆر گرنگ دەمێنێتەوە. پێ دەچێت بێ توانایی مۆڵدۆڤا لە گەیشتن بە هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، هۆكارێكی هاوشێوەی مینێكی مەترسیدار بێت لە داڕشتنی داهاتووەكەیدا. باشترین وەسف بۆ دۆخی ئێستا و پێشبینییەكان بۆ داهاتووی بەرچاوی مۆڵدۆڤا، باسكردنی ژمارە داماوەكانە تێیدا. مۆڵدۆڤا كە كۆبەرهەمی خۆماڵی كەمێك لە سەرووی 8 ملیار دۆلارە و بەشی تاكیش لە كۆبەرهەمی خۆماڵی نزیكەی 2200 دۆلارە، بە هەژارترین وڵاتانی ئەوروپا دادەنرێت، بەڵكو هەندێ جار بە هەژارترین وڵات وەسف دەكرێت. نزیكەی 20 لەسەدی دانیشتووانەكەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ژمارەی دانیشتوانی فەرمی مۆڵدۆڤا (بەبێ ترانسدنیستریا) نزیكەی 3.5 ملیۆن كەسە. بە شێوەیەكی ناوازە بۆ ئەوروپای ڕۆژهەڵات، مۆڵدۆڤا كەمبوونەوەی لە ژمارەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینیوە، كە پێشبینی دەكرێت بەردەوامیش بێت. پێشبینی دەكرێت ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە تاكو ساڵی 2030 ببێتە نزیكەی 3 ملیۆن كەس و تاكو ساڵی 2050یش ببێتە 2.4 ملیۆن كەس، تێكڕای تەمەنیش لە مۆڵدۆڤا كە لە 71 ساڵی ڕەت نادات، بە نزمترین تێكڕای تەمەن لە ئەوروپا دادەنرێت.

وەرزی كۆچكردن
لە ئێستادا كۆچكردن یەكێ لە گرنگترین ئەو لایەنانەیە، كە ئابووری مۆڵدۆڤای لەسەر بەرپابووە. پێ دەچێت بۆ داهاتوویەكی نزیكیش هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە. كۆچكردن یەكێ لە گەورەترین سەرچاوەكانی داهات بۆ وڵاتەكە دابین دەكات، بەڵام بووەتە بەربەستیش لە بەردەم گەشەكردنی وڵاتەكەدا، هەرچەندە زیاتر لە چارەكێكی كۆبەرهەمی خۆماڵی، لەو ڕەوانەكردنە داراییانەوە دێت، كە كرێكارانی دەرەوە دەینێرنەوە، مۆڵدۆڤا دوای تاجیكستان و قیرغیزستان، سێیەم گەورەترین وەرگری ڕەوانەكردنی دەرەكییە لە جیهاندا، بەو پێیەی نزیكەی ملیۆنێك هاوڵاتی مۆڵدۆڤی، وەك كرێكاری ناكارامە لە وڵاتانی دیكەدا كاردەكەن، بەتایبەتی لە ڕووسیا یان ئەوروپادا. لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر كە لەلایەن ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە ساڵی 2012دا، لەسەر دۆخی كۆچ لە مۆڵدۆڤا ئەنجام دراوە، دووپات لەسەر نەبوونی دەرفەتی ئابووری لە مۆڵدۆڤا دەكاتەوە. بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەیە، نزیكەی 65 لە سەدی كۆچبەران خوێندنی ناوەندییان تەواو كردووە، زیاتر لە 10 سەدیشیان خوێندنی باڵایان تەواو كردووە، كە دەكاتە زیادبوونی نزیكەی 3 خاڵی سەدی لە چاو ساڵی 2005دا. هەر هەمان لێكۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەكات، هەرچەندە داواكاریی لەسەر كرێكاری كارامە لە مۆڵدۆڤادا نییە، كەچی كرێیەكان لە ڕۆمانیا و ڕووسیا لە چاو مۆڵدۆڤا، زۆر لە دووقات زیاتر بوو. وەك پێشبینی دەكرا، ڕۆمانیا و ڕووسیا، لەسەر گێڕانی ڕۆڵی چارەنووسساز لە دانانی كاریگەریی لەسەر گەشەكردنی مۆڵدۆڤا بەردەوامن. پەیوەندییە پتەوەكانی نێوان ڕۆمانیا و مۆڵدۆڤا – تەنانەت ئەگەر بەدووریش بزانرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ببێتە هۆی یەكگرتنی فەرمییان – لە سیاسەتی ڕۆمانیادا، كە خۆی لە پێدانی ڕەگەزنامەكەی بە نەوەكانی، ئەوانەی لەسەر خاكەكانی نیشتەجێن دەبینێتەوە، كە لە مۆڵدۆڤای سۆڤیەتدا لەیەكتری دراون. لەوەتەی ساڵی 1991ـەوە، كە ئەو سیاسەتە گیراوەتەبەر، نزیكەی نیو ملیۆن مۆڵدۆڤی پاسەپۆرتی ڕۆمانییان وەرگرتووە. لە ساڵی 2014یشدا، یەكێتی ئەوروپا مافی تەڤلبوونی بێ ڤیزەی بە هاووڵاتیانی مۆڵدۆڤا بەخشی. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵی 2007ـەوە، كە ڕۆمانیا چووە ناو یەكێتی ئەوروپاوە، سەدان هەزار مۆڵدۆڤی كە هەڵگری پاسپۆرتی ڕۆمانین، توانیویانە بۆ یەكێتی ئەوروپا گەشت بكەن و كاریش بكەن. پێ دەچێت ڕۆمانیا تا ڕادەیەكی زۆر، بووبێتە دەروازەیەك بۆ پەڕینەوەی مۆڵدۆڤییەكان بۆ ناو یەكێتی ئەوروپاوە. بەپێی هەمان لێكۆڵینەوەی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، گەورەترین كۆمەڵگەی مۆڵدۆڤی لە ئەوروپا، لە ئیتاڵیایە، نزیكەی 200 هەزار كەس لەوێ دەژین و تەنها نزیكەی 40 هەزاریان لە ڕۆمانیادا دەژین.

هاوردن و هەناردن
خۆراكی نابنەڕەتی لە سەرووی لیستی ئەو هەناردنانەوە دێت، كە ئابووری مۆڵدۆڤا بەرهەمیان دەهێنێت، وەك شەراب، شەربەت و خواردنەوەكان، كە كشتوكاڵ ڕۆڵی سەرەكی تێیاندا دەگێڕێت. نزیكی جوگرافیی لە ڕۆمانیاوە وای كردووە، ببێتە نزیكترین ڕووگەی هەناردنەكانی مۆڵدۆڤا، كە بەهای ساڵانەی نزیكەی 750 ملیۆن دۆلارە. یەكێتی ئەوروپا بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی مۆڵدۆڤا دادەنرێت و كۆی قەبارەی بازرگانی لە ساڵی 2022دا، گەیشتە4.5 ملیار دۆلار، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووسیا لە ڕووی ڕووگەی كرێكارانی كۆچبەری مۆڵدۆڤییەوە لە ڕۆمانیا گرنگترە. ڕووسیا بە وڵاتی نزیكەی 500 هەزار كرێكاری مۆڵدۆڤی دادەنرێت. ڕووسیاش بە دووەم گەورەترین بازاڕ بۆ هەناردنی كاڵاكانی مۆڵدۆڤا دادەنرێت، كە لە ساڵی 2019دا بەهاكەی 281 ملیۆن دۆلار بوو، ڕووسیا زۆربەی وزەی مۆڵدۆڤا دابین دەكات. مۆڵدۆڤا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار قەرزاری ڕووسیایە. ترانسدنیستریاش بەشێكی زۆری ئەم قەرزە، قەرزاری گەورە كۆمپانیای وزەی (غازپرۆم)ـی ڕووسییە لە بەرامبەر گەیاندنی غازدا. تا ئەم دواییانە مۆڵدۆڤا، پێشكەوتنێكی كەمی بەرەو دەستەبەركردنی سەربەخۆیی وزەی لە ڕووسیا و هەمەچەشنكردنی دابینكردنی وزەی بەدەست هێنابوو. پشتبەستنی مۆڵدۆڤا بە تاكە سەرچاوەی كارەبا كە بنكەكەی لە ترانسدنیستریایە و ڕووسیا خاوەنیەتی، بەو مانایەیە كە سەرچاوە سەرەكییەكانی لە دەستی مۆسكۆ و دەسەڵاتە جیاخوازەكانی تیراسپۆڵ دایە. دوا جار حكوومەتی مۆڵدۆڤا ڕێكەوتنێكی نوێی لەگەڵ دابینكەرێك واژۆ كرد، كە بنكەكەی لە ئۆكراینا بوو پێش ئەوەی جەنگ لەوێ هەڵبگیرسێت، بۆ ئەوەی شوێنی دابینكەرە كۆنەكە بگرێتەوە. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، دوای ئەوەی سەرچاوەكانی وزەی ئۆكراینا بەر بۆردومانی بەردەوام و قورسی ڕووسیا كەوتن، ڕەنگە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستنی وڵات بە ڕووسیا لە یەك بواری زۆر گرنگدا، هەنگاوێكی گرنگ بێت. پەیوەندییەكانی مۆڵدۆڤا لەگەڵ هاوبەشە بیانییە سەرەكییەكانی – ڕووسیا و یەكێتی ئەوروپا (ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی ڕۆمانیا)وە – وەك شادەماری بنەڕەتی ژیان و بەربەستی سەرەكی بەردەم گەشەسەندنی وڵاتەكە بووە. لەگەڵ كەمی سەرچاوەی پشتیوانی دەرەكی، ئەگەر هەبن، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئایا وڵاتەكە دەتوانێت سەرچاوەی خۆماڵی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی لەم تەنگژەیە دەرچێت؟

ئاڵنگارییەكانی ناوخۆ
یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكانی مۆڵدۆڤا لە دوای سەربەخۆییەوە، توانای پاراستنی سیستەمێكی سیاسی ڕكابەریی بووە، ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت. لە ماوەی 33 ساڵی سەربەخۆیی و سەرەڕای چەندین ئاڵنگاری دەرەكی و ناوخۆیی، وڵاتەكە زنجیرەیەك هەڵبژاردنی ناكۆك لەسەری ئەنجامداوە، كە ئەنجامەكانی بێ ناڕەزایەتی و نائارامی نەبوون – ئەمەش ڕووداوێكی دەگمەنە لە وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوودا. بۆیە مۆڵدۆڤا لە لایەن ڕێكخراوی (فریدۆم هاوس)ـەوە، بە هەڵسەنگاندنی (ئازادی نیمچە)یی پۆڵینكراوە. تەنها چەند وڵاتێكی دوای یەكێتی سۆڤیەتیش، بەهۆی نەبوونی هۆشیاری سیاسی، دیموكراتی كردەنی و باڵادەستی سەركردە كۆمۆنیستەكانی پێشوو، یان میراتگر و نەوەكانیان بەسەر چارەنووس و تواناكانی وڵاتدا، توانیویانە ئەم پۆلێنكردنە بەدەست بهێنن.
سەرچاوە: www.independentarabia.com