خەبات: سۆلین سلێمان:- فۆڕێکس بازارێکی جیهانیی ئۆنڵاینە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم بازاڕە لە کوردستانیش خەڵک پێی ئاشنا بووە کە جۆرەها مامەڵەی تێدا دەکرێت، لاپەڕەی ئابووریی(خەبات) لەمبارەیەوە كردووە و بەدوای وەڵامی پرسیارەكانی ئاخۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان تا ئاستێك بەکارهێنەری ئەم جۆرە بازاڕەن و وردەكاریی كاری بازاڕەكە چییە؟ .

محەمەد ئازاد، بەڕێوبەر لە فۆڕێكس، ڕایگەیاند: مامەڵە بە دراوە بیانییەکان، جووتە دراوەکان، ماددەکان، یاخود پشکی کۆمپانیەکان دەكەین، بازاڕەكەمان گەورەترین بازاڕی داراییە لە جیهاندا، قەبارەی بازرگانیی ڕۆژانەی نزیکەی (7 بۆ 8) تریلیۆن دۆلارە، بازرگانییەكەی ئێمە بریتییە لە کڕین و فرۆشتنی جووتە دراوەکان بۆ نموونە ( یۆرۆ/دۆلار، پاوەند/یەن..هتد) هەروەها کانزاکان (زێڕ و زیو …هتد)هاوكات پشکی (کۆمپانیاکان) بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج لە هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕ.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاخۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بازاڕەدا دەکرێت؟ محەمەد ئازاد گوتی: بازرگانییەكەمان بەشێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی نێوەندگیر یا دامەزراوە داراییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، لەسەرەتای ئەم بازارەدا مامەڵەکان بەشێوازی دەست بۆ دەست ئاڵوگۆر دەکرا یان بە پەیوەندیی تەلەفونی ئەنجام دەدرا، پاشان لەگەڵ بەرەو پێشچونی تەکنەلۆژیا زیاتر برەو بە بوارەکان درا و بەرەوپێشچوو و توانرا بگات بە ئاستێک تەنیا لەڕێگەی مۆبایلەکەتەوە بە شێوازێکی باشتر و خێراتر دەتوانیت مامەڵەکانت ئەنجام بدەیت، بۆ نموونە دەتوانیت بە کڕین و فرۆشتنی جووتە دراوەکان مامەڵە بکەیت لە کاتی کڕینی (یۆرۆ/دۆلار) بە بەرزبوونی نرخی یۆرۆ قازانج بەدەست دەهێنیت.

ناوبراو ڕوونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێ: هەندێک کەس بە هەڵە لە مەبەستێک تێگەشتوون پێیان وایە دەتوانیت دراوێک بفرۆشیت وەک (یۆرۆ/دۆلار) لەکاتێکدا تۆ دراوەکەت نییە ،بەڵام بەو شێوازە نییە، چونکە تۆ مامەڵە لەگەڵ جووتە دراوەکان دەکەیت لەکاتێکدا تۆ مامەڵەی فرۆشتن ئەنجام دەدەیت لە (یۆرۆ/دۆلار) تۆ مامەڵە بە کڕینی دۆلار دەکەیت واتا کڕینی دراوەکەی بەرامبەری لەبەر ئەوە بە دابەزینی نرخی یۆرۆ لە مامەڵەکانت قازانج بەدەست دەهێنیت.

 

سەبارەت بە ئەوەی ئاخۆ ئەم بازاڕە لە هەرێمی کوردستان تا چەند ئاشنایە لای خەڵك؟محەمەد ئازاد گوتی: ئێستا بازرگانییەكەی ئێمە لەلایەن زۆر کەسەوە بیستراوە یاخود باسی لێوە دەکرێت، ئاشنابوون لە کوردستاندا لە نێوان تاکەکاندا زۆر جیاوازە، هاوكات لە تەواوی جیهان خەڵکێکی زۆر دەستیان بە بازرگانی فۆڕێكس کردووە، بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبووە لەم بازاڕەدا، بە گشتی لە هەرێمی کوردستاندا گرنگی نادرێت بە خوێندنەوە و گەڕان بەدوای سەرچاوەی دروست، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک لە بازاڕەکەدا توشی زیانی دارایی بن و بەکاربهێندرێن لەلایەن کەسی بەرژەوەندیخواز کە تەنیا بەدوای قازانجی خودی خۆیەتی و وادەکات ئەو کەسانەی لە بازاڕەکەدا کار دەکەن و زانیاریی دروستیان نەبێت توشی زیان ببن و سەرمایەکانیان لەدەست بدەن.

تاچەند گرنگە کە بەکارهێنەران ئەزموونی تەواویان هەبێت پێش ئەوەی بازرگانی بکەن لەم بازاڕەدا؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ناوبراو گوتی: زۆر گرنگە تاکەکان پێش بەشداریکردن لە بازرگانییەكە تێگەیشتن و ئەزموونێکی تۆکمەیان هەبێت بەهۆی سروشتە مەترسیدارەکەیەوە باسی هەندێک هۆکاری سەرەکی دەکات و دەڵێت: ناجێگیری بازاڕ: بازاڕەکانی ئێمە دەکرێت ناجێگیر بن، نرخەکان بە خێرایی گۆڕانکاریان بەسەردا بێت بە پشتبەستن بە هەواڵ و ڕاپۆرتە ئابوورییەکان و ڕووداوە سیاسی و جوگرافییەکانەوە.

ئاڵۆزی: بۆ بوون بە بازرگانێکی سەرکەوتووی فۆڕێکس پێویستی بە زانیاری هەیە لەسەر شیکاریی تەکنیکی و بنەڕەتی، ستراتیژییەکانی بەڕێوەبردنی مەترسی و توانای مانەوە لە نوێکردنەوە لەگەڵ پێشهاتە ئابوورییە جیهانییەکان، پابەندبوون بە هەستەکان: سروشت و خێرایی بازرگانیەكە دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیار دانی نادروست لە مامەڵەکاندا بەهۆی هەستی بازرگانەوە (ترس و تەماح) دوو بنەمای سەرەکین لە کاتی مامەڵەکان پێویستە جڵەوی هەستەکانمان بکەین پێش هەر مامەڵەیەک، کە دەتوانێت زیانبەخشبێت بۆ سەرکەوتنی بازرگانی، بۆیە باشترە بازرگانان ڕاوێژکاری دروست هەڵبژێرن پاشان لە ڕێگەی ئەکاونتی دیکەوە ئەزموون بکەن پێش ئەوەی سەرمایەکانیان بەکارهێنن بۆ ئەوەی دووربن لە مەترسی و لەدەستدانی سەرمایەکانیان.

لای خۆیەوە،د. ئیدریس رەمەزان کۆچەر، پسپۆری ئابووری و مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە ئەو بازاڕە بە (خەبات)ی راگەیاند: “ئەم بازاڕە ئێستا زۆر بەربڵاوە کە کڕین و فرۆشتنی تێدا دەکرێت بە دراوە جیهانییەکان، یەکێک لە گرنگترین و چالاکترینی ئەو بازاڕانەیە کە جموجۆڵێکی زۆری هەیە لەسەر ئاستی جیهان، ناوبراو گوتیشی: ناوەندی قەبارەی ئەو بازاڕە رۆژانە 5 ترلیۆن دۆلارە بە بەراورد لەگەڵ بازارەکانی تر، هەروەها لەم بازاڕەدا هەندێک جۆرە چەمک و دەستەواژە هەن کە پێویستە بەکارهێنەر بیزانێت لەکاتی کرین و فرۆشتن، ئەو پسپۆرە سەبارەت بە لایەنی خراپ و باشی ئەم بازارە ئەوەی ئاشکرا کرد و گوتی: هەموو بازاڕێک لایەنی خراپ و باشی هەیە ئەگەر باسی لایەنی خراپی ئەو بازاڕە بکەین بە پێی ڕاپۆرتەکان ئەو زانراوە کە لە %70 تاوەكو %80 ی ئەو کەسانەی وەبەرهێنان دەکەن زەرەرمەند دەبن و لایەنی باشیشی ئەوەیە کە ئەم بازارە 24 کاتژمێر کراوەیە بەکارهێنەرانێک تێدا قازانجی خەیاڵی دەکەن.

هەڤاڵ كە ناوی خوازراوی كەسێكە بەکارهێنەری ئەم بازارەیە و نەیویست ناوی ڕاستەقینەی بهێنرێت بە (خەبات)ی گوت :ئەو کاتەی بڕیارم دا دەستبکەم بەم بازاڕە تەنانەت ئەو کاتە نەمدەزانی کورتکراوەی ناوەکەی چییە ئەوان پێیان گوتم تۆ هەر هیچ مەکە تەنیا ئەکاونتێک بکەوە ئێمە پێت دەڵێین لەوێ لەو دراوەی بۆت دیاری دەکەین بیكڕە پاشان لەو شوێنە بیفرۆشەوە هەموو کارەکەیان لا سادە کردم گوتیان هیچ ماندووبونێکی ناوێ تۆ تەنیا لەگەڵ دەوامەکەی خۆتدا چاوەڕێی نامەیەکی ئێمە دەبیت کە پێت بڵێین بیکڕە یان بیفرۆشە منیش ڕازی بووم و لە نێوەندگیرێک کە خۆیان بۆیان پێشنیار کردم ئەکاونتم کردەوە لە ماوەی چەند كاتژمێرێك پارەکەشیان بۆ داخڵ کردم کەمێک داهاتم هەبوو بە مووچەکەم پاشەكەوتم كردبوو لەگەڵیان کارم کرد بە ئەو قسانەی ئەوان دەبوو لە ماوەی مانگێک پارەکەم ببێتە دوو ئەوەندە لە کاتێکدا من بە مووچەی چەند مانگێک ئەو داهاتەم کۆکردبووەوە دواتر کە داخڵ بووم سەرەتاکان چەند مامەڵەیەکم قازانج بوو پاشان چەند مامەڵەیەک لەسەر یەکم هەمووی زیان بوو بوو نەشمدەزانی بۆ زیان دەكەم، چونکە تەنیا پێم گوترابوو کە بیکڕم یان بیفرۆشم بە ماوەیکی کەم پارەکەم هەمووی سفر بووەوە بە تەواوی کاریگەرییەکی نەرێنی هەبوو لەسەرم کە بووە هۆی ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە زۆر بشڵەژێم.

ئەو هاووڵاتییە دەشڵێ: پاشان ویستم بزانم هۆکاری ئەم زیانەم چی بوو پاش گەڕانم و بەشداریم لە کۆڕسێک، چەند مانگێک بەردەوام بووم و هەستم بە فێربوونی زیاتر دەكرد بە زیاتر خوێندنەوەم لە بابەتەکە بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسانەی سەرەتا بە منیان ناساندووە ئەوان بە زیانكردنی من قازانجیان کردووە ئەگەر نا خۆیان لەڕێگای بازرگانیییەكەوە قازانجیان نەکردووە بۆیە بڕیارمدا ڕۆژانە شیکاریی تایبەت بە خۆمم هەبێت بەبێ ئەوەی لەلایەن هیچ کەسێکەوە فریو بدرێم و بەکار بهێندرێم و ببم بە کاڵایەک بۆ پڕکردنەوەی هەڵەکانیان پاش نزیکی شەش مانگ لە ڕاهێنان هەستم کرد تەواو ئامادەم بۆ بازرگانیکردن.

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بە ئەوەش دا كە دوای ئەوەی جارێكی دیكە دەستی بەكار كردووەتەوە لە بازرگانییەكە دیسان زیانی گەورەی دارایی كردووە و دەشڵێ: هەستم کرد هیچ ڕێگایەک نییە بۆ قازانجکردن بە هەر شێوازێک کار بکەیت لە کۆتاییدا تووشی زیان دەبین پاشان بازرگانییەكە بە تەواوی بڵاوبووە و ناودار بوو، کە خوێندنەوەم بۆ کرد بۆم دەركەوت ئەو کێشانەی کە من تووشم بووە بەهۆی ئەو هۆکارەوە بووە کە لە شوێنی هەڵە بووم ئەگەر ئەو نێوەندگیرییە کاری لەگەڵ دەکەی متمانە پێکراو بێت ئەو هەڵانە ڕوو نادەن.