خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- بەمەبەستى بایەخ و گرنگیدان بەبوارەکانی هونەرى و ڕۆشنبیری تورکمان لەشارى هەولێر, ئەمڕۆ یەکشەممە بەسەرپەرشتى بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری وهونەرى تورکمان،پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ هونەرمەندان وشاعیران وئەدیبان لەماڵی تورکمان سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری وهونەرى تورکمان ساز دەدرێت و سەرجەم وێنەکانى نێو پێشانگاکە لەلایەن نووسەرى تورکمان دلاوەر بازرگان ئامادە کراوە.
پێشانگاکە ماوەى (١) رۆژ دەخایەنێت و لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتى ڕۆشنبیری وهونەرى تورکمان سەرپەرشتی دەکرێت، سەبارەت بەکردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافى بۆ هونەرمەندان وشاعیران وئەدیبانی تورکمان بەرێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری وهونەرى تورکمان محەمەد دلشاد لەمباریەوە بۆ خەبات ڕایگەیاند: کردنەوەى پێشانگای فۆتۆگرافى بۆ هونەرمەندان وشاعیران و ئەدیبانی تورکمان, خۆی لەخۆیدا فاکتەرێکی گرنگ وپێویست بوو, بەتایبەتی هونەرمەندانی تورکمانی شارى هەولێر لەکۆنەوە تاوەکو ئێستا خزمەتێکی زۆریان بەبوارى هونەر کردووە و هەمیشە مێژووی ئەوان بەبەرزی و شکۆدارى دەمێنێتەوە, بۆ ئەم مەبەستە سوپاسی بەرێز دلاوەر بازرگان دەکەین کەبەرێزیان خاوەن ئەرشیفێکی دەوڵەمەندن لەکۆکردنەوەی وێنەى هونەرمەندو کەسایەتییەکانی تورکمانی شارى هەولێر,خۆشبەختانە لەرێگەى بەرێزیانەوە توانیمان وێنەى زیاتر لە١٠٠ ساڵ بەر لەئێستا لەهونەرمەندان و کەسایەتیەکانی شارى هەولێر کۆبکەینەوە و لەرێگەى ئەم پێشانگایە فۆتۆگرافیەدا سەرجەم وێنەکان نمایش بکەین.
گوتیشی: مەبەست لەکردنەوەى پێشانگا فۆتۆگرافیەکە تەنها خزمەتکردنی هونەرمەندان وکەسایەتییە ناودار و ناسراوەکانی تورکمانی شارى هەولێر بوو کە لەماوەى 100 ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کارایان هەبێت لە خزمەتى هونەرى تورکمان , هەروەها سەرجەم وێنە کۆکراوەکان لاى بەرێوەبەرایەتیەکەمان وەک ئەرشیف دەهێلینەوە و پەرەى پێ دەدەین و لەهەمان کاتدا وەک مۆزەخانەیەک سەرجەم وێنەکان نمایش دەکەین,چونکە هەمیشە ئەو وێنانە بۆ ساڵانی داهاتووش وەک کلتوورێکی زیندوو ڕێزێک بۆیان دەمینێتەوە و هەمیشە خەڵکانیش بەسەیرکردنی وێنەکان دڵخۆش وئاسوودە دەبن.