رەشید مەلاعەلی کۆلەکی
زانست و بواری عیرفان یەکێکە لەو بوارانەی کە کەسە هاوبیر و هاوسەفەرەکانی لەژیر چەتری تەریقەت و لە کۆمەڵێ خاڵی هاوبەشدا کۆدەکاتەوە و بە یەکیان دەبەستێتەوەو دەکاتە هاوسەفەری ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە جوغرافی و مەزهەبی و نەتەوەیی و تەنانەت ئایینییەکانیش.
مەولانا و شێخ ئەحمەدی بارزانیش بە دوو گەورەعالم و عارف و ساڵک و ڕێبواری ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەت دەژمێردرێن کە بە ڕەواڵەت لە هەموو ڕوویەکەوە لێک دوورو جیاواز بوون، ئەڵبەت لەڕووی ڕەواڵەتییەوە. لەڕووی جوغرافییەوە مەولانا لە شاری (بەڵخ) لە باکووری ئەفغانستانی ئێستا لەدایک بوو، شێخ ئەحمەدی بارزانی لە گوندی (بارزان)ی باکووری کوردستانی عێراق لەدایک بووە. ئێستا وڵاتی پان و بەرینی ئێران دەکەوێتە نێوانیان. مەولانا لە خێزانێکی فارسی زمان لەدایک بووە، کەچی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە خێزانێکی کوردزمان هاتووتە دونیاوە. لەڕووی نەتەوەییەوە مەولانا فارسە، بەڵام شێخ ئەحمەدی بارزانی لەڕووی نەتەوەییەوە کوردە. لەڕووی مەزهەبییەوە مەولانا سەر بە مەزهەبی حەنەفی بوو، بەڵام شێخ ئەحمەدی بارزان شافعی بوو، مەولانا ساڵی(٦٠٤ک،١١٨٤ز) لەدایک بووە و ساڵی (٦٧٢ک،١٢٥٢ز) کۆچی دوایی کردووە، بەڵام شێخ ئەحمەدی بارزانی ساڵی (١٨٩٦ز) لەدایک بووە و ساڵی (١٩٦٩ز) وەفاتی کردوە، واتە لەڕووی کات و زەمەنەوە نزیکەی حەوتسەد ساڵ دەکەوێتە نێوانیان* بەڵام پەیوەندی و تەریقەتی عارفان و ڕێبوارانی ڕێگای حەقیقەت گەورەترە لەو جیاوازییە ڕەواڵەتییانە. خوێندنەوەیەکی وردی ژیان و بەرهەم و تێڕوانین و خوێندنەوەی ئەم دوو عارفە گەورەیە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات.
ئەم نووسینە هەوڵێکی بچوکە لەپێناو باسکردنی پەیوەندی نێوان ئەم دوو عارفە گەورەیە:
– یەکەم : پلەو مەرتەبەی عیرفانی:
لە بەر لێهاتوویی و گەورەیی و شارەزایی و بوون بە مرۆڤی کامڵ و گەیشتنیان بە پلەی حەقیقەت، نازناوی (خودان) بە هەردووکیان بەخشراوە، وەک چۆن بە شێخ ئەحمەدی بارزان گۆتراوە(خودان،خودانی بارزان) بەهەمان شێوەش بە مەولانا گۆتراوە(خودان، مەولانای خودان) دیارە هەمووکەس ئەم نازناوە گەورەیە وەرناگرێت و بە هەموو کەسێکیش (خودان) ناگۆترێت.
– دووەم : پشت بەستن و بڕوا و باوەڕی تەواو بە خوا:
کاتێک ڕێبواران و ساڵکانی ڕێگای حەقیقەت پلەکانی عیرفان بە سەرکەوتوویی دەبڕن و دەگەنە شوێنیک کە جگە لە خوا، نە کەس و نە شتێک دەبینن، بۆیە وەک دەلێن دەگەنە قوناغی فەناو خوشی و ناخۆشی و ئازارەکانی دونیاشیان پێ خۆشە، چونکە پشت ئەستوور بە خوان، بۆیە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە هەر داوایەک لەخوا بکرێت بەدڵنیاییەوە جێبەجێ دەبێت. ئەمەش بە ڕوونی لە فەرموودەکانی خودانی بارزان و شیعرەکانی مەولانادا ڕەنگی داوەتەوە.
لەمبارەیەوە خودانی بارزان هەمیشە دەیفەرموو: (مرۆڤ بە دڵ هەر داوایەک لەخوا بکات، بەڵام پێویستە پشوودریژ بێت و بەردەوام بێت لەسەری، بۆی جێبەجێ دبێت، جا داواکە چ دنیایی بێت چ ئایینی).
مەولاناش دەڵێت:
(خود کە کوبد این در رحمت نثار کە نیابد در اجابت صد بهار)
( ئەو کەسەی لە دەرگای ڕەحمەتی خوا دەدات و دوعا دەکات و لەخوا دەپاڕێتەوە و داوای شتێک لە خوا دەکات، دڵنیا بێت کە سەد بەهار لە وەڵامدا وەردەگرێت، بە واتایەکی تر، ئەگەر بە دڵێکی ساف و پاک داوایەک لە خوا بکەیت، دڵنیابە ئەوەی داوات کردووە وەریدەگریت).
– سێیەم : مرۆڤ و نەفس:
بەوپێیەی مرۆڤ هەمیشە لە جووڵە و گەشت و ڕەفتاردایە کە هەندێجار جووڵەکانی بەرەو سەرەوە و هەندێجاریش بەرەو خوارەوە و سەراوژێرە. ئەگەر بڕیار و فەرمانەکانی مرۆڤ لە دەست عەقڵ و شەرعدا بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕەوتەکەی بەرەوە سەرەوە و هەڵکشان دەبێت، بەڵام ئەگەر تابع و لە ژێر فەرمان و کۆنتڕۆڵی هەواوهەوەسەکانیدا بێت ئەوە سەرەوژێر و کەوتنەوەدا دەبێت. بۆیە عارفان و ڕێبوارانی ڕێگای تەریقەت و حەقیقەت بایەخ و گرنگییەکی یەکجار زۆریان بە بابەتی نەفس داوەو هەمیشە مورید و شوێنکەوتووانیان لە مەترسیی دەرئەنجامەکانی زاڵبوونی نەفس ئاگادار کردووتەوە.
شێخ ئەحمەدی بارزانی(خودانی بارزان) و مەولانا(مەولانای خودان) لەو گەورەعارفانە بوون کە بە بایەخ و گرنگییەوە باسیان لە بابەتی نەفس کردووە و هەوڵێکی تەواویان دەدا بۆ ئاگادارکردنەوەی مرۆڤ و موریدەکانیان بۆ هوشیاربوون لە زاڵبوونی نەفس و بەلاڕێدابردنیان.
خودانی بارزان بە فەرموودەکانی و مەولانای خودانیش لەڕێگای شیعرەکانییەوە باسیان لە نەفس کردووە لە وجوود و دەروونی مرۆڤدا.
لە زۆربەی دانیشتن و کۆڕەکانی لە گەڵ مورید و شوێنکەوتووانیدا سەبارەت بە نەفس دەیفەرموو: (مرۆڤ دوو شتی تێدایە: نەفس و ڕۆح، نەفس پەیوەندی بە دونیاوە هەیە و ڕۆحیش بە خواوە بەستراوەتەوە).
لەم ڕوانگەیەشەوە ئەم دوو عارفەگەورەیە هەمیشە مورید و شوێنکەوتووانیان لەسەر ئەو بنەمایە ڕاهێناوە کە هەوڵبدەن بۆ دوورکەوتنەوە لە نەفس و ئامرازە دونیایی و مادییەکان و پشت ببەستن بە لایەنە ڕۆحی و خواییەکەیان.
-چوارەم : ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەفس:
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەفس و زاڵبوون بە سەریدا، یەکێکە لەو قوناغانەی قوتبەکانی عیرفان بە سەرکەوتوویی دەبڕن و بە سەریدا سەردەکەون و بە سەریدا زاڵ دەبن، دواتر مورید و شوێنکەوتووانیان لەسەر ئەو بنەمایە گۆش و پەروەردە دەکەن. هەمیشە موریدەکانیان لەسەر ئەو پڕەنسیپە ڕادەهێنن کە پێویستە بەجیدی ڕووبەڕووی نەفسەکەیان ببنەوە، تەنانەت بە یەکێک لە قوناغە سەختەکانی دەژمێرن.
خودانی بارزان و مەولانای خودان، دوو لەو گەورەعارف و قوتبەکانی عیرفانن کە بە جیدی هانی مورید و شوێنکەوتووانیان دەدا بۆ سەرکەوتن بە سەر نەفسەکەیاندا.
خودانی بارزان هەمیشە یاوەرانی پەیامبەری(د.خ) بەنموونە دەهێنایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەفس و هەمیشە دەیفەرموو: (یاوەرانی پەیامبەر “د.خ” کە لە بەیانییەوە تا ئێوارە جیهادیان دەکرد، شەو کۆدەبوونەوە و دەیانگووت: جیهادی بچوکمان ئەنجامدا، وەرن بۆئەوەی جیهادی گەورەش بکەین، واتە شەڕی نێوان ڕۆح و نەفس).
هەروەها سەبارەت بە مەترسی زاڵبوونی نەفس لە مرۆڤدا دەیفەرموو:
(هیچ دوژمنێک نییە بۆ مرۆڤ لە نەفسی مرۆڤ دوژمنتر بێت بۆ مرۆڤ).
سەبارەت بەبوونی نەفس و نەفسی شەیتانی و ڕۆحانی لەمرۆڤدا، خودانی بارزان دەیفەرموو: نەفس سیفەتێکی شەیتانییە لە مرۆڤداو هەمیشە مرۆڤ بەرەو غافڵبوون دەبات، بەڵام هەرکاتێک ڕۆح لە دەروونی مرۆڤدا زاڵ بوو، لەوکاتەدا نەفسیش دەبیتە هاوکارو یارمەتیدەری ڕۆح لە مرۆڤدا).
هەروەها دەیفەرموو: دڵ وەک قەڵا وایە یان خوای لەسەرە یان شەیتان و هیچ کاتێک بەتاڵ و چۆڵ نییە، هەرکات خوای لەسەربێت، شەیتان جێی نابێتەوە و ئەگەر شەیتانی لەسەربێت، خوای لەسەر دەڕوات).
_مەولاناش بەبایەخەوە سەیری نەفس و ڕووبەڕووبوونەوەی کردووە و زۆرجار نەفسی بە شەیتان زانیوە کە بریتییە لە نەفسی ئەمارە، نەفس هەمیشە لەگەڵ عەقڵ لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەدایە، وەک چۆن خێر و شەڕ لە ململانێدان، نەفس و عەقڵیش بەهەمان شێوە مرۆڤ بەرەو خێر و شەڕ ئاراستە دەکەن،
وەک لە مەسنەویدا دەڵێت:
نفس و شيطان هر دو يک تن بودەاند
در دو صورت خويش را بنمودەاند
چون فرشته و عقل که ايشان يک بدند
بهر حکمت هاش دو صورت شدند
دشمني داري چنين در سر خويش
مانع عقلست و خصم جان و کيش
-پێنجەم : نوێژ لە تێڕوانینی خودانی بارزان و مەولانای خودان دا
نوێژ بە یەکێک لە پڕەنسیپ و بنەما گرنگەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەژمێردرێت کە دەبێتە هۆی ئارامی دڵ و ڕۆح و دەروون. نوێژ سرودی یەکێتی و خواپەرستییە کە مرۆڤ لەبەرامبەر هۆکارەکانی بەلاڕێدابردن و ئالودەبوون دەپارێزێت کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، نوێژ ڕوخسارێکی هەیە لەگەڵ مانایەک.
نوێژ هەمیشە جێی بایەخ و گرنگی عارفان و ئەهلی تەریقەت بووەو تەنانەت هەموو عارفەکان لە شەریعەت و بە شەریعەتەوە دەستیان پێکردووەو تا کۆتایی ژیانیان پابەند بوون بە بنەماو پڕەنسیپەکانی شەریعەتەوە، لە ژیانی ڕۆژانەو لە فەرموودەکانیاندا هانی موریدو شوێنکەوتووانیان داوە بۆ پابەندبوون و جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینی و پڕەنسیپەکانی شەریعەت.
– شێخ ئەحمەدی بارزانی(خودانی بارزان) بەر لە هەمووشتێک عالم و زانایەکی گەورەو لێهاتووی ئایینی بوو، موفەسیرو شارەزایەکی گەورەی قورئان بوو، تەنانەت بۆ یەکجاریش ڕووی نەداوە دانیشتن و فەرموودەکانی بە ئایەتێکی قورئان دەست پێنەکردبێت، نوێژ یەکێک بووە لەو بنەما گرنگانەی شەریعەت کە پێگەیەکی یەکجار گرنگ و گەورەی لای خودانی بارزان هەبووە، بایەخ و گرنگییەکی زۆری پێ داوەو بە هۆکارو فاکتەری گەیشتن بە خوا و پاک و بەرزیی مرۆڤی دەزانی و بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە موریدانی هان دەدا کە پێویستە نوێژ بە پاکی بهێڵدرێتەوە، بەشێوەیەک کە مرۆڤ بگەیەنێتە خوای گەورە، بۆیە هەمیشە لە کۆڕ و دانیشتنەکانیدا سەبارەت بە نوێژ دەیفەرموو:
(پێویستە نوێژ مرۆڤ بەخوا ببەستێتەوەو ببێتە هۆی نزیکبوونەوە لە خوا، ئەو نوێژەی مرۆڤ لە خوا نزیک نەکاتەوە، سوودێکی وای نابێت).
بۆ ئەم مەبەستەش خودانی بارزان هەمیشە ئەوەی بە بیری شوێنکەوتووانی دەهێنایەوە کە پێویستە مرۆڤ دەروونی پاک بێت چونکە نوێژ بەرلە دەستنوێژگرتن و شوشتنی دەست و چاو پێویستی بە پاککردنەوەو شوشتنی دەرووونەکەیەتی، بۆیە هەمیشە دەیفەرموو: (مرۆڤ بە ئاو پاک نابێتەوە، ئەگەر مرۆڤ بە ئاو پاک بێتەوە هەندێ کەس تا دواهەناسەیان لە گەرماو نایەنەدەرەوە، پێویستە دڵ و دەروونی مرۆف پاک بێت).
-مەولانای خودانیش لە بەرهەمە بەناوبانگەکەی(مەسنەوی) دا، بەبایەخەوە باس لە نوێژ دەکات وەک ڕوکنێکی گرنگی ئایینی، مەولانا لەو بڕوایەدا بوو کە هەرکەسێک خۆی لە پیسی و ناپاکییەکانی نەفسانی و شتە نائەخلاقییەکان بەدووربگرێت، جسم و دەروونی بە نووری ئیمان ڕووناک دەبێتەوە.
سەبارەت بە گرنگی و بایەخی نوێژ، مەولانای خودان باس لە چیرۆکی کەسێک دەکات کە: موریدێک خانوویەکی نوێی دروست کرد، پیر بە موریدەکەی دەڵیت: بۆچی پەنجەرەیەکی گەورەت دروست کردووە، مورید وەڵامی دایەوە: بۆئەوەی ڕووناکی بێتە ژوورەوە، پیر پێی گووت: ڕووناکی بابەتێکی لاوەکییە، باشترە بڵێیت: بۆئەوەی گوێم لەدەنگی بانگ بێت.
سەبارەت بەپاکیی دەروونیش مەولانا دەڵێت: هەرچەند خوێن پیس و ناپاکە، بەڵام بە ئاو پاک دەبێتەوە، لەکاتێکدا کە ناپاکیی دەروونی بە ئاو پاک نابێتەوە:
این نجاسه ظاهر از آبی رود
آن نجاسه باطن افزون می شود
*شەشەم: پەیوەندی نێوان شەریعەت و عیرفان لە هزری خودانی بارزان و مەولانای خودان
پێداچۆنەوەو خوێندنەوەیەکی وردی ژیان و بەرهەم و فەرموودەکانی زۆربەی عارفان ئەو ڕاستییە دەردەخات، کە لە ڕاو بۆچونی عارفان سەبارەت بە چەمکەکانی وەک حەقیقەت، زۆهد، وەرع، تەقوا، نزیکی، خۆڕاگری، تایبەتمەندیی عارفان و بابەتەکانی پەیوەست بە عیرفان پابەندبوون بە شەریعەت بە زەقی دەردەکەوێت.
تەسەوف پەیڕەوییە لە ئایینی ئیسلام، بەڵام شەریعەت داوا لە مرۆڤ دەكات بەپێی دەستووری شەرع، سپاردەكانی ئەنجام بدات، واتە شەریعەت پەیڕەوییە لە دەستووری ئیسلام بە جۆرێكی ڕەواڵەتی، بەڵام تەسەوف سەرەڕای ئەو ڕەواڵەتییە پەیڕەویێكی دەروونی و ویژدانیشە لە ئیسلام و بە ئەنجامدانی حەقیقەت و جەوهەرو كاكڵی ئیسلامە، بە دەر و دەروون، بە دڵ و بە گیان، بە بارێكی تر ئەوانەی كە ئیمانەكەیان تەقلیدییە و یەقینەكەیان یەقینێكی عیلمییە بە ئیمان و یەقینەوە پەیڕەوی دەكەن لە شەریعەت، بەڵام سۆفیەكان ئیمانەكە و یەقینەكەیان(عین الیقین)ە كەواتە، بە ئیمانێكی یەقینی و كامڵترەوە پەیڕەوی شەرعن. كەوابوو فەرقێک نییە، بەڵكوو پەیڕەوی سۆفییەكان گەرمتر و دەروونیترە.
ڕێڕەوی تەسەوف، ڕێڕەوی گەورەپیاوان و كەڵە مێردانی ڕێگای خودادۆستی و خوداپەرستییە. ئەگەر لە ڕوانگەی ئایینەوە لە ڕەوش و كرداری شامەردانی ئەم ڕێگایە وردبینەوە و بیاندەین لە مەحەكی تەقوا و پارێزگاری، دەبینین كردار و گوفتاریان سەری موویەك لەڕێگەی شەریعەت لانادات. شێخ ئەحمەدی بارزانی(خودانی بارزان) لە یەک کاتدا زاهید بووە، عابید بووەو عارفیش بووە. زاهید بوو چونكە بە یەكجاری و تەواوی دەستی لە سەرمایەو سامانی دونیایی و خۆشگوزەرانی هەڵگرتبوو و پشتی تێكردبوو. تەنانەت یەك كەسیش نادۆزرێتەوە كە ئەم گەورەمرۆڤە دەستی بە پارەو دینار كەوتبێت و تەنانەت پارە و دینار هێندە لای بێ نرخ و بێ بایەخ و ئەرزش بووە كە قەت ناوی دینارو پارەو تەنانەت درهەمیشی نەهێناوە و هەمیشە بە فلوسی ناوبردووە، واتە هیچ بایەخ و گرنگییەكی نییە.
لەڕووی سامانیشەوە لە ژیانی پڕ بەرەكەت و دوای وەفاتیشی خاوەن بستێک زەوی نەبووە، تەنانەت ئەو كاتەی هەموو ناوچەی(بارزان)یش لەسەرناوی پیرۆزیان تاپۆكرا، تاپۆكەی سوتاندو كردی بە خۆڵەمێش، هەروەها كاتێك یەكێک لە كوڕەكانی زەوییەک بە پارەی خۆشی دەكڕێت، ئاگاداری كوڕەكەی كردەوە كە پێویستە زەوی كابرا بگەڕێنێتەوە. تا ئەم ئاستە لە دونیا دوور بووە.
عابید بوو، چونكە نە كارێكی تایبەتی هەبوو، نە خۆی بە كارێكی تایبەتییەوە سەرقاڵ كردبوو، تەنیاوتەنیا هەموو ژیانی پڕ بەرەكەتی خۆی تەرخان كردبوو بۆ لای خالقەكەی، هەموو هەست و بیرو سەرنجی خۆی كردبووە لای(عەزەمەتی)خوداوەندو هەموو ئامانجەكەشی ئەوەبوو خوداوەند بە لوتفی خۆی دڵ و دەروونی ڕوون بكاتەوەو نووری خودا لە دەروونیدا بدەرەوشێتەوە.
لەلایەکی تر بەمانای وشە عالم بوو، شارەزاو پسپۆڕێكی گەورەی بواری زانستی كەلام و شەریعەت و تەفسیر بوو و لە ژیانی ڕۆژانەیدا بە كردەییش جێبەجێی دەكرد، (خودانی بارزان) نموونەیەكی دیار و گەورەی ئەم بوارەیە کە بە ڕوونی لە فەرموودەکانیاندا بەرجەستە دەبێت، کە لە ڕوانگەی زانستی كەلام و عیرفانەوە خوێندنەوەیان بۆ(بوون) دەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی خوێندنەوە و تێڕوانینەكانی بە ڕوونی دەردەکەوێت کە باوەڕ و بڕوا کەلامییەکەیان کاریگەرییان لەسەر ههندێ لە ڕەهەندە عیرفانییەکەیان هەبووە و بە پێچەوانەشەوە عیرفان کاریگەریی بەسەر بڕوا و باوڕەکەیدا هەبووە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات كە كەڵەپیاوی هەردوو ڕەهەند و بواری زانستی كەلام و عیرفان بووە.
شارەزایان سێ ئەرک بۆ زانستی كەلام دەستنیشان دەكەن: تەفسیر، دەلیل” بەڵگە”، بەرگری. بۆیە لایەنگرانی ئەهلی زانستی كەلام بەرگریكردن لە سنوورەكانی ئایین بە ئەركی لەپێشینەی خۆیان دەزانن، شێخ ئەحمەدی بارزانی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ قورئان و سوننەتدا هەبوو و، یەکێک بوو لەو دەگمەن و گەورەمرۆڤانەی توانی لە فەرموودە پڕبایەخەكانیدا بابەتە كەلامییەكانی بە دەلیل و عەقڵێكی فراوانەوە لە گەڵ سۆز و ئەدەب و عیرفان ئاوێتەو تێكەڵ بكات.
شێخ ئەحمەدی بارزان كەسێكی یەكجار شارەزا و لێزان بوو، لەهەموو بوارێكدا، كۆمەڵناسێكی لێهاتوو بوو. مرۆڤی دەناسی، خەڵكی دەناسی، لەگەڵ ئەوەی كە لێزان و شارەزایەكی لەبن نەهاتوو بوو، بەڵام هەمیشە خۆی بە بچوک نیشان دەدا، رۆژێ لەرۆژان دەستی بۆخۆی درێژ نەكردووە گوایە من دەزانم، من وا و من بەم شێوەیە، من منی نەدەكرد و هەر لە بنەڕەتەوە ئیمان و باوەڕی بە منی من نەبوو، خۆی بە هەژار نیشان دەدا.
شارەزاییەكی یەكجار زۆری لەقورئان هەبوو، بەدرێژایی تەمەنە پیرۆزەكەی بە بەردەوامی و بەبێ دابڕان قورئانی خوێندوەتەوە، دوای خوێندنەوەی ئایەتێک یان چەند ئایەتێک، خوێندنەوەو تەفسیری بۆدەكرد، دەستێكی گەورەی لە تەفسیرو شەرح هەبوو. دوای خوێندنەوەو شەرح و تەفسیری هەموو ئایەتەكانیش گریاوە و فرمێسک بە چاوە پیرۆزەكانیدا هاتوونەتە خوارەوە، كە ئەم گریان و فرمێسک ڕشتنەش مەغزاو ماناو ڕەهەندێكی گەورەی هەیە بۆ ئەو كەسانەی شارەزای شەریعەت و خواناس و لە خواترسی گەورە بن. ئەوان دەزانن فرمێسک ڕشتن چ پەیام و مانایەكی هەیە. لەگەڵ گریانی موبارەكیان مەجلیسەكەش هەموویان سەربەژێرو لەناخی خۆیان دەكوڵان و مەجلیسەكە دەبوو بە دونیایەكی تر و بەتاڵ وعەتاڵ لەم دونیا ماددی و فانییە، نە تۆ كەس دەبینیت و نەكەس سەیرت دەكات، هەموویان بە جەستە لەوێن، بەڵام بە ڕوح لە جیهانی تردان، شەوانە ئەم وەزعە دووبارە دەبووەوە نەک بە حەفتە یان مانگ یان بە ساڵ، بەدرێژایی تەمەنە پڕبەرەكەتەكەیان ئەمە بەرنامەیان بووە.
لای شێخ ئەحمەدی بارزان، قورئان گەورەترین و پیرۆزترین سەرچاوەی فێربوون و ئیلهام بەخشی مرۆڤەكان بوو، بەبێ جیاوازی تەنیا جارێكیش نەبووەو كەس نە بینیویەتی و نە زانیویەتی لە كۆڕێک و دانیشتنێک، موبارەكیان ئەمری كردبێت و ئایەتێک یان چەند ئایەتێكی نەخوێندبێتەوە. بۆ هەموو بابەتەكان ئایەتی پەیوەست بە بابەتەکەی دەخوێندەوە و تەفسیرو شەرحی دەكردو ئامانجەكانی ڕوون دەكردەوە.
شێخ ئەحمەد بارزانی وەک عالمێکی گەورە زۆر بە گەورەیی باسی لە جەلادەت و عەزەمەتی خالق دەکرد و حەمدو سەنای هەر بۆ خالق بە گونجاو و پێویست دەزانی. زۆر جاریش ئەوەی بەگوێی موریدانی دەچرپاند، کە مرۆڤ عاجزو لاوازو داماوە لە وەسف و سەنای خوا. یەکێک لەو ئایەتانەی ئەم عالمە گەورەیە دەیخوێندەوە ئەم ئایەتەی قورئانی پیرۆز بوو: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا)
((ئەی ئەو کەسانەی ئیمانتان هێناوە، یادی خوا بکەنەوە، یادێکی زۆر)).
دواتر ئایەتەکەی شەرح و تەفسیر و بە وردی ڕوون دەکردەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز، سەبارەت بە گەورەیی و عەزەمەتی خالق دەیفەرموو:
(ئەگەر هەموو ڕووبارەکان حوبر بن، هەموو خاک و زەویش کاغەز بن و هەموو دار و بارەکانیش پێنووس بن، ناتوانن وەسف و حەمدو سەنای خوا بکەن. )
زۆرجار شوێنکەوتووانی لە سەرقاڵی بە دونیاوە ئاگادار دەکردەوەو بە بیری دەهێنایەوە کە پێویستە زیاتر بیروهۆشیان لای خواو دونیای ئاخرەت بێت، بۆیە ژیان و کاتبەسەربردن لەم دونیا فانییە لای ئەم زاتە ئەوەندە بێ بایەخ و بێ سوود بوو کە هەر بە هیچی دانەدەنا و هیچ حسابی بۆ ئەم دونیایە نەدەکرد، بۆیە خودانی بارزان زۆرجار ئەم ئایەتەی بۆ ئامادەبووان دەخوێندەوە:
{ قَالَ كَمْ لَبِثْتُمْ فِي ٱلأَرْضِ عَدَدَ سِنِينَ قَالُواْ لَبِثْنَا يَوْماً أَوْ بَعْضَ يَوْمٍ فَسْئَلِ ٱلْعَآدِّينَ }
((کاتێک لێیان دەپرسن چەند ساڵ لەسەر زەوی ژیاون، دەڵێن ڕۆژێک یان هەندێ لە ڕۆژ)).
دواتر زۆر بە وردی و دوورودرێژی تەفسیر و شەرحی دەکرد و مانا و مەبەستەکانی بۆ ئامادەبووان ڕوون دەکردەوە و دەیفەرموو:
(هەرچەند دەڵێن رۆژێک یان هەندێ لە ڕۆژ، بەڵام ئەگەر بیر بکەنەوە ئەوەندەش نییە).
ئەگەر خوێندنەوەیەکی وردی شەرعی و عیرفانی ئەم فەرموودەیە بکرێت دەردەکەوێت، کە دونیا یەکجار بێ نرخ بووەو تەنانەت بایەخی ئەوەی نییە ڕۆژێک یان لە رۆژێکیش کەمتر خۆتی پێوە سەرقاڵ بکەیت و لە خوای گەورەو خالق غافڵ ببیت.
خودانی بارزان خۆشەویستییەكی لەڕادەبەدەری بۆ پەیامبەر خوا حەزرەتی محەمەد (د.خ) هەبوو، زۆر باسی پیرۆزی و گەورەیی ئەو ڕەسوڵەی خوای دەكرد، عاشقێكی سەرسەختی پەیامبەر بوو، بۆیە هەمیشە و بە بەردەوامی بە دەورووبەری دەیفەرموو:
((هیچ گومانتان نەبێت، موویەكیش لە ڕێبازی پەیامبەر(د.خ) جیا نییە، موو بە بەینیاندا ناچێت)).
-مەولاناش پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ قورئان و سوننەتدا هەبوو ، هەموو قسەو گوتەکانی بە بەڵگە و دەلیلی شەرعی بەهێز دەکرد، مەولانا لە مەسنەویدا بە زەقی شەریعەت و عیرفانی ئاوێتە کردووە، ژمارەیەک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە مەولانا لەڕووی مەزهەبییەوە لایەنگری ئەشعەرییە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم شیعرەی بەنموونە دەهێننەوە وەک بەڵگەی بۆچۆنەکانیان کە لە مەسنەویدا هاتووە:
چو در سلطان بی علت رسیدی هلا بر علت و معلول می خند.
بەڵام ژمارەیەکی تر باس لە لایەنگری مەولانا دەکەن بۆ مەزهەبی (ماتریدییە) کە مەبەستی نووسینەکەنییە، ئەوەی گرنگە مەولاناش بایەخ و گرنگییەکی تەواوی بە شەریعەت دەداو بەجیدی پابەند بووە.
مەولانا شەریعەتی بە مۆم دەشوپهاند کە بە بێ نوورەکەی گەیشتن بە تەریقەت وحەقیقەت کارێکی ئەستەمە .











