خەبات: عەلی بانیشاری:- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، زیانەكانی ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنێت بۆ سەروو 85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، تادێت قەبارەی زیانەكانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان زیاتر دەبێت. بەگوێرەی داتاكان، قەبارەی زیانەكانی ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 16 ملیار دۆلار. تا پێش ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 350-400 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت. سەباح سوبحی دەڵێت: وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ڕومێلە، قەرەبووی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی كردووەتەوە.

كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان داوای گره‌نتی دەكەن
دكتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە كۆتا كۆبوونەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دیراسەی ئەوە كرا چۆن دەستكاریی گرێبەستەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیانە بكرێت. لە كۆبوونەوەیەكەدا میكانیزمەكان دەستنیشان كران. كۆمپانیاكان زیاتر بەدوای ئەو گره‌نتییەدا دەگەڕێن مافەكانیان پارێزراو بێت و لە كاتی دەستكاریكردنی گرێبەستەكانی نەوت، بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مافەكانی ئەوان نەكرێت. گوتیشی: لە ئێستادا كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە دوای لایەنی سێیەم دەگەڕێن تاوەكو ئەو گره‌نتییە بدۆزنەوە و بۆ ئەوەی مافەكانیان نەفەوتێت لەحاڵەتێكدا ئەگەر دەستكاریی گرێبەستە نەوتییەكان كرا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە.

زیانەكانی ڕاگرتنی نەوت دەیان ملیۆن دۆلارە
سەباح سوبحی دەڵێت: زیانەكانی ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆرن و دەگاتە دەیان میلۆن دۆلار. بێگومان زیانەكان زیاتر بەر هەرێمی كوردستان كەوتوون، چونكە ئەو كۆمپانیایانه‌ی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن زەرەرمەندبوون و ئەو پابەندبوونانەشی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە زیادی كردووە. دەشڵێت: لە كۆتا كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان باس لەو زیانانە كرا كە بەر كۆمپانیاكان كەوتووە و چۆن حكوومەتی فیدڕاڵی بتوانێت قەرەبوویان بكاتەوە، وا بڕیارە له‌ دانیشتنی دووەمی نێوان ئەو سێ لایەنە تیشك بخرێتە سەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت و چۆنیەتی قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە زیان هەژمار ناكات، لەبەر ئەوەی وەزارەتەكە دەڵێت: قەرەبووی ئەو ڕاگرتنەم كردووەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ڕومێلە لە پارێزگای بەسرە. ناوبراو ئەوەشی گوت: وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئێستادا ڕۆژانە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەی ڕومێلەوە هەناردەی دەرەوە دەكات و ئەو بۆشاییەی پڕكردووەتەوە كە بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دروست بووە.

عێراق ڕۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت
بە گوتەی سەباح سوبحی، ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانی بۆ بازاڕی وزە نەبووە، بەوپێیەی ئێستا حكوومەتی عێراق ڕۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، تەنانەن زیاتر لەو بڕە دەفرۆشێت كە ئۆپیك پڵەس بۆی دیاری كردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز دەشڵێت: ڕێكخراوی ئۆپیك پڵەس وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە زیاتر لەو بڕە نەوتە بەرهەم دەهێنێت كە بۆی دانراوە. ڕاشیگەیاند: حكوومەتی عێراق تەنیا یەك ڕێگەی بۆ هەناردەكردنی نەوت هەیە، ئەویش ڕێگای ئاوییە (خەلیجی عەرەبی)، بۆیە ڕاگرتنی نەوت لەڕووی ستراتیژییەوە زیانی هەیە، چونكە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ڕوو بدات كێشە بۆ هەناردەكردنی نەوت دروست دەبێت. سەباح سوبحی دەشڵێت: لەڕووی ستراتیژییەوە زۆر گرنگە هەناردەكردنی نەوتی عێراق فرە هەناردەكردن بێت، نه‌ك تەنیا لە ڕێگەی بەسرەوە بێت، بەڵكوو لە ڕێگەی جیهانی توركیاشەوە بێت. ئاشكرایە دۆخی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە بەتایبەت لە كەنداو، بۆیە هەر كێشەیەك ڕوو بدات، لەوانەیە هەناردەی نەوتی عێراق لەو حاڵەتەدا ڕابوەستێت.

عێراق كێشەی لەگەڵ هەنادەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆریی كار و ڕۆزنەفت نییە
ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: حكوومەتی عێراق كێشەی لەگەڵ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆریی كار و ڕۆزنەفت نییە، بەو پێیەی بۆرییەكە ستراتیژییە و نەوتی هەرێمی كوردستان هەر دەبێت بەو بۆریەدا بڕوات. باسی لەوەش كرد، هەندێك پێشنیار كراوە بۆ ئەوەی نەوتی كوردستان بچێتە كەركووك و لەوێوە بگوازرێتەوە بۆ توركیا و دواتر بۆ مینای جیهان، بەڵام ئەوە كرداری نییە، چونكە تێچووی گواستنەوە زۆر دەبێت و دەبێتە دوو هێندە، ئەو بۆرییەی كە ئێستا هەیە سوودێكی زۆری هەیە و هەر دەبێت نەوت بەو ڕێگایەدا هەناردە بكرێتەوە.