دیبەیت و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا

187
كارۆخ خۆشناو*
دەتوانین ئەمساڵ (2024) بە ساڵی هەڵبژاردن ناوزەد بكەین، چونكە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێت، وەك بەریتانیا و فەرەنسا و روسیا و ئێران و توركیا و یەكیەتی ئەوورپا و هەرێمی كوردستان و….هتد.یەكێك لە هەڵبژاردنە گرنگەكانی ئەمساڵیش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكایە، بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەكی خێرا هەڵوەستەیەك بكەین لەسەر دیبەیت و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا.
یەكەم: دیبەتی نێوان بەربژێرەكانی ئەمەریكا
ئەنجامدان و سازكردنی دیبەیت، یاخود دیبەیتكردن Presidential Debateكردەیەكی زیندوو و بەشێكی بنەڕەتی كولتووری دیموكراسی و نەریتێكی باوی سەردەمیانەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكایە، دوای گەشەی تەكنەلۆژیا و داهێنانی (تەلەفزیۆن) هەڵمەتی گەیاندنی پەیام و پروپاگەندەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی فراوانتر لە ڕێگای (دەنگ و رەنگەوە) دەستی پێكرد. دیبەیت Debate بە گرنگترین ئامرازی خستنەڕووی توانای بەربژێرەكان دادەنرێت، لە پێناو گەیاندنی پەیام و بەرنامەی كار و پڕۆژەكان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، هەموو چوار ساڵ جارێك، چوار دیبەیت ئەنجام دەدرێن لە نێوان بەربژێرەكان، سێ دیبەیت لە نێوان كاندیدانی سەرۆك و یەكێكیش لە نێوان جێگرەكانیان.مێژووی یەكەمین دیبەیتی تەلەفزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1960) لە نێوان (ریچارد نیكسن و جۆن كەنەدی) دواتریش بوو بە بەشێك لە نەریت و هۆشیاری جەماوەر و دەستبەژێری سیاسی لە ئەمەریكادا. دیبەیتەكانی ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا مێژوویی و هەستیار دەبن، چونكە یەكەمجارە لە ئەمەریكادا دیبەیتەكان لە نێوان دوو كارەكتەری بە تەمەن بەڕێوە بچێت كە یەكێكیان سەرۆكی ئێستایە و ئەویتریشیان سەرۆكی پێشووی ئەمەریكایە، چاوەڕوان دەكرێ دیبەیتەكانی داهاتوو گرنگ و چارەنووسساز دەبن، چونكە لەلایەك شەقامی ئەمەریكی بە شێوەیەكی قوڵ دابەش بووە، لەلایەكی تریش بە ملیۆنان (دەنگدەری خۆڵەمێشی) لە دوای دیبەیتەكان دەنگی خۆیان یەكلا دەكەنەوە. ناوەڕۆك و باسی دیبەیتەكان هەمیشە پرسەكانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریكا لەخۆ دەگرن، لە پرسی كۆچ و باجەوە بگرە، تا دەگاتە جەنگی ئۆكڕاین و روسیا و حەماس و ئیسڕائیل.لەم ڕۆژانەدا (دۆناڵد ترەمپ) لە تۆڕە تایبەتەكەی خۆی كە ناوی «تروس سۆشیال-Truth Social»ە، نوسیویەتی: پێویستە (جۆ بایدن) رەخنەگرە زۆرەكانی فەرامۆش بكات و بەردەوام بێت لە خۆ كاندیدكردنی.
دووەم: میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە ئەمەریكا
هەڵبژاردن وەك نەریت و بنەمایەكی دەستووری لە ئەمەریكا بەشێكە لە پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی، كولتوری سیاسی، تازەكردنەوەی شەرعیەت و مانا و هێزدان بە دامەزراوەكان و پتەوكردنی پایەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رێزگرتن لە بیروڕای هاووڵاتیان و كۆمەڵگەی ئەمەریكی. ڕۆژی (سێشەممە) ڕێكەوتی (5)ی نۆڤەمبەری (2024) بە ڕۆژێكی گرنگ و وەرچەرخانێكی مێژوویی لە قەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا، كە وەك هەڵبژاردنی سەرۆكی جیهان وێنا دەكرێت، بەڵام بە میكانیزمێكی ئاڵۆز و سیستەمێكی جیاواز لەچاو هەموو وڵاتانی جیهان، چونكە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆك یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئەمەریكادا هیچكام لەم ڕێگایانە بەكار ناهێنرێن.لە كاتی نووسینەوەی دەستووری ئەمەریكا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ویلایەتەكە دوو پلانی جیاوازییان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا و دواجار لەدوای مشتومڕێكی زۆر، باوكانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێككەوتنێك كە بە (ڕێككەوتنە گەورەكە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ویلایەتە گەورە و بچوكەكان) لە ڕێگای تێكەڵكردنی دوو بیرۆكە، بۆ ئەم مەبەستەش میكانیزمێكیان داهێنا بەناوی (ئیلیكتۆڕەڵ كۆڵیج) كە بریتیە لە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك بە شێوازیكی ناڕاستەوخۆ، چونكە خەڵك دەنگ بە (دەستەیەك یان كۆمەڵەیەك) دەدەن كە پێیان دەگوترێت (ئیلیكتۆڕەڵ كۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەكانی ئەم دەستەیە بە قەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ واشنتن D.Cی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە 538 ئەندامە، (435+100+3=538)، هەر كاندیدێكی سەرۆكایەتی بتوانێت (نیوە+1) ی ئەم ژمارەیە، واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو كاندیدە دەبێتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵكی ئەمەریكا دەنگ بە كۆمەڵەیەكی هەڵبژێردراو دەدەن كە پێیان دەگوترێت (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج)، ئەم كۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دووشەممەی یەكەمی دوای چوارشەممەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوەڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگری سەرۆك.چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەكی پێوانەیی مێژوویی تۆمار بكات لە ڕێژەی دەنگدان و بەشداریكردنی خەڵك لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان، چونكە پێشبینی دەكرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵك لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی كە لە ساڵی (1908) تۆمار كرابوو، كە بریتی بوو لە (65%) خەڵكی ئەمەریكا.لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا نزیكەی (200) ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریكی مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمەریكا تاكە وڵاتی دیموكراسی دونیایە، كە دوای ئەوەی كاندیدی سەرۆك بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیان هەڵبژاردنەكان دەباتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆكی ئەمەریكا، چونكە سەرۆكی ئەمەریكا لە ڕێگای دەنگی (ئیلیتكۆڕەڵ كۆڵیج)ەوە هەڵدەبژێردرێت نەك دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵك، ئەم حاڵەتەش (5) جار لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا دووبارە بۆتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی (2016) بوو لە نێوان (دۆناڵد ترەمپ و هیلاری كلنتن) ئەگەرچی (هیلاری كلنتن) توانی نزیكەی (3) ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە (دەنگدانی گشتی)دا بەڵام لە كۆتاییدا (دۆناڵد ترەمپ) توانی زیاتر لە (304) دەنگ لە (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج) بەدەست بێنێت لە بەرامبەردا هیلاری تەنها (227) دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە (ترەمپ) بوو بە سەرۆكی ژمارە (45)ی ئەمەریكا.دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەكانی ئەم خولەشدا، لە كۆی (50) ویلایەت، (40) ویلایەت دابەش بوون بەسەر ڕەنگی سوور و شیندا، واتە دەنگی خۆیان یەكلا كردۆتەوە بۆ كۆماریەكان و دیموكراتەكان، بەڵام تەنها (10) ویلایەت دەنگەكانیان بە خۆڵەمێشی ماونەتەوە، ئەم (10) ویلایەتەش پێیان دەگوترێت (Swing State) چونكە تا كۆتایی پڕۆسەكە دیار نییە دەنگ بە كام كاندید دەدەن، بۆیە كاندیدەكان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا فۆكەسی خۆیان خستۆتە سەر ئەم (ویلایەتە خۆلەمێشیانە) ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ویلایەتانە لە یەكلاكردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە كورسی كۆشكی سپی، ئەم ویلایەتانەش بریتین لە (پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسكنسن، كارۆلینای باكور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا)دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكان تەواو دەبن، سەرۆكی هەڵبژێردراو نزیكەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاكو كابینەكەی پێكبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستوور پێویستە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا لە ڕۆژی (2024/1/20) لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا لە بەردەم كۆنگرێسی ئەمەریكا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.لە كۆتاییدا پێموایە لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا (ترەمپ) دەتوانێت سەركەوتن بەسەر (بایدن)دا بەدەست بهێنێت، ئەمەش پەیوەستە بە كۆمەڵێك هۆكاری خودی و بابەتی، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەكان پێمان دەڵێن كەوا (ترەمپ) دەبێتەوە سەرۆكی ژمارە (47)ی ئەمەریكا و دووبارە دەگەڕێتەوە كۆشكی سپی.
* سەرۆكی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریكی-كوردی