خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی ناوەند و ساڵڕۆژی ڕاگواستنی پشدەر و کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەک، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی پشدەر یەکەمین فیستیڤاڵی خۆی سازدەکات.

یەکەم/ کاتژمێر ۱۰ی بەیانی ڕۆژی ۳۰ ـ ٦ ـ ۲۰۲٤ نمایش و پێشانگەیەکی وێنەیی بۆ کۆمەڵێک لە کەسایەتی و زانایانی ئاینی و نووسەر و ڕووناکبیر و هونەرمەندانی کۆچکردووی قەڵادزێ و سنووری قەزای پشدەر لە باخی گشتیی قەڵادزێ دەکرێتەوە.

دووەم/ کاتژمێر (٥)ی ئێوارەی ڕۆژی ٦ ـ ۷ ـ ۲۰۲٤ دیبەیتێکی تایبەت بە (ڕاگواستنی پشدەر)
بۆ بەڕێزان:(حەمە زرنگ و مەلاسمایلی نورەدینی و هونەرمەند قادر سەعید و خاتوو لۆزان مینە و محەمەد گەزۆ ) سازدەکرێت.

سێهەم/ کاتژمێر (٥)ی ئێوارەی ڕۆژی ۷ ـ ۷ ـ ۲۰۲٤ ئاهەنگێکی گۆرانی تایبەت بە یادی کۆچی دوایی مامۆستا حەسەن زیرەکی نەمر پێشکەش دەکرێت.

چوارەم/کاتژمێر (٥)ی ئێوارەی ٨ ـ ۷ ـ ۲۰۲٤ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبێکی تایبەت بە کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی بەناونیشانی (توربێن) لەنووسینی (ئەبوبەکر قادر) ناسراو بە (مامۆستا حاجی).

پێنجەم/ کاتژمێر (٥)ی ئێوارەی ڕۆژی ۹ ـ ۷ ـ ۲۰۲٤ پێشکەشکردنی چەپکە گوڵی وەفا و ڕێز لێنان بە ژمارەیەکی بەرچاو لەشاعیران و نووسەران و هونەرمەندانی قەڵادزێ و سنووری قەزای پشدەر کە لەژیاندا ماون.

( کۆسارهێرۆیی) سەرۆکی ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی پشدەر سەبارەت بە چۆنییەتی سازکردنی ئەو ئەوفیستیڤاڵە گوتی: بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی ناوەندەکەمان کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕاگواستنی قەڵادزێ و گوندەکانی ناوچەی پشدەر و کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، ناوەندەکەمان یەکەمین فیستیڤاڵی خۆی ئەنجامدەدات.

فستیڤاڵەکە سەرەتا بەکردنەوەی پێشانگەیەکی وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگە کۆچکردووەکان دەست پێدەکات،هەروەها بە ئەنجامدانی دیبەیتێکی تایبەت بە ڕاگواستنی پشدەر و مێژوویی شارێکی تێکۆشەر و شەهید و ڕاگوێزراو لەبواری ڕۆشنبیریی ڕۆڵی لە هەموو بوارەکان و پێویستییەکانی شار دەخرێنەڕوو.

هەروەها فیستیڤاڵ دەیسەلمێنی کە زیندوو کوژی مردوو پەرست نین، بە پێدانی ڕێز لێنان، تێکۆشان و شەونخوونی و ماندووبوون و هەڵوێستی قەڵەم بەدەستان و هونەرمەندانی پشدەر بەرز دەنرخێنێت، هەروەها لەکۆتایی گوتی: بەهیواین یەکەم فیستیڤاڵ و دوا فیستیڤاڵ نەبێت، کاروانی فیستیڤاڵەکانی وەک کاروانی چالاکییە ئەدەبی و هونەرییەکانی کوردستان بەردەوام بێت.