نرخی هەر یەك ئەمپر كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی لەنێوان 11 هەزار دینار بۆ سەرووی 16 هەزار دینارە و بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەبارەی نرخەكە دەدات.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندیی هەولێر  رايگەیاند: “دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەكان و بەدواداچوونمان بۆ كرێی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر، بۆ مانگی شەش هەر یەك ئەمپێر 40 دینار دیار كرا.”

ئاماژەی بەوەش دا: “هەر ئەمپێرێك كەمترینی 11 هەزار و 500 دینارە و زۆرترینیشی 15 هەزار دینارە.”

لەبارەی هۆكاری گرانیی نرخی كارەبای مۆلیدە، قایمقامی هەولێر گوتی: “هۆكارەكەی كەمیی كارەبای نیشتمانییە و بەشە كارەبای پارێزگای هەولێر وەكوو پێشتر كەمتر دەدرێت، ئەوەش وای كردووە مۆلیدەكان كارەبای زیاتر بدەن.”

مانگی پێنج لە هەولێر نرخی هەر ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لەنێوان 9 هەزار دینار بۆ 16 هەزار و 500 دینار بوو.